لە ئەستۆگرتنی منداڵ دوای جیابوونەوە

بە پێی دەقی یاسای دەستوری ١٨٨ی عێراقی منداڵ دەدرێت بە دایک

ناوەندی هەواڵ

 

دەقی پێناسەی جیابوونەوە ( الطلاق ) لە یاسای ڕەوشی کەسایەتی عێراقی ژمارە(١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩ ''هەڵوەشاندەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری لە لایەن پیاو یاخود ژنەوەوە بە سپاردنی بە دادوەر''، بەپێی ماددەی ٥٧ی عێراقی کاتێک ژن ومێرد لەیەک جیادەبنەوە مافی بەخێوکردنی منداڵ دەدرێت بە دایک تەنانەت گەر ژن داوای جیابوونەوە (خولع) بکات، لە حاڵەتی لەدەستدانی یەکێک لە مەرجەکاندا منداڵ دەدرێت بە باوک.

خێزان بناغەی هەر کۆمەڵگایەکە، پاراستنی خێزان پاراستنی کۆمەڵگایە و کۆمەڵگا بنیاتنانی خێزانی بە یەکەمین مەقامی کیانی کۆمەڵگا داناوە، ئیرادەی خودای کۆکردنەوەی ژن و پیاو لە پەیوەندیەکی پیرۆزی مرۆڤایەتی ئەویش هاوسەرگیریە، لەسەر بنەمای ئەوین و سۆزو ڕێز و گرێبەستی هاوسەرگیری بەندە.

وەک چۆن (تەڵاق) لە دەستی پیاودایە ژنیش مافی دەست لێهەڵگرتن (خولع)ی هەیە

حاڵەتی دەست لێ هەڵگرتن (خولع) لە یاسای ڕەوشی کەسایەتی عێراقیدا لە زیادبووندایە، لەم جۆرە جیابوونەوەیەدا ژن داوای جیابوونەوە لە مێردەکەی بەرزدەکاتەوە و دەست لە تەواوی مافەکانی هەڵدەگرێت لە بەرامبەر جیابوونەوە (تەڵاق) لە مێردەکەی، ئەم جۆرە جیابوونەوەیە لە دەوڵەتانی عەرەبیدا بەربڵاوە، بەڵام یاسای عێراقی لە ڕووی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە جیاوازە دەبێت ڕێکەوتن هەبێت لە نێوان ژن و مێردەکەدا.

ڕازی نەبوونی ژن لەبەردەوام بوون لە ژیانی هاوسەرێتیدا بەسە بۆ جیابوونەوە، لێرەدا ڕۆڵی دادگا دێت و هەوڵ دەدات نێوانیان چاک بکاتەوە و مەودایەکیان پێدەدات گەر نەگەیشتنە ئەوەی ڕێبکەونەوە ئەوا دادگا و دادوەر بڕیاری دەست لی هەڵگرتنی ژنەکە لە پیاوەکە پەسەند دەکات بە دەست هەڵگرتن لەمافی مارەیی و تەواوی مافەکانی تری.

دادوەر دڵنیای لەوە دەکاتەوە داوای دەست هەڵگرتن (خولع) لە منداڵەکانی ناگرێتەوە و تەنها مافی زەوجی دەگرێتەوە، بەپێی ئامارەکانی دادگای عێراق لە ٧٠ ٪ داواکاری جیابوونەوە لە لایەن ژنانەوەیە.

مافی ژن بەپێی ماددەی ٢٩ی دەستوری عێراقی

بەپێی دەقی دەستوری ماددەی (٢٩)ی عێراقی خێزان بناغەی کۆمەڵگایە و دەوڵەت پارێزگاری لە کیان و نرخی ئاینی و ئەخلاقی و نیشتیمانیەکان دەکات، گرەنتی پاراستنی منداڵ، دایکایەتی و پیری دەکات، هەربە پێی دەستورەکە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و دەمارگیری قەدەغە دەکات لە خێزاندا.

ژن مافی بەسەر مێردەکەیەوە هەیە پێویستە لەسەری پابەندی خەرجیەکانی ژن بێت وەک مارەیی و نەفەقە، جگە لە لایەنی دادپەروەری کاتێک ژنێکی تر دەهێنێت.

دوایی جیابوونەوە

 ژن مافی مارەیی دواخراوی لای مێردەکەی هەیە، ژن مافی لەو شتومەک و دیاریانەی پێش هاوسەرگیری و وەرگرتنەوەی هەیە، مافی لە نەفەقەی پێشوو و دواتردا هەیە، و مافی هەیە داوای بەخێوکردنی منداڵەکان و خەرجی منداڵەکانی لە خواردن و جلوبەرگ و شوێنی نیشتەجێبوون بکات، چونکە بەخێوکردنی منداڵەکانی دەکەوێتە ئەستۆ.

سەبارەت بە مارەیی لە ئیسلامدا هاتووە: بۆتان حەڵال نییە هیچ شتێکیان لێبسەننەوە لە مارەیی و ئەو شتانەی پێتان بەخشیون، مەگەر بترسن لەوەی نەتوانن سنورەکانی خوا چاودێری بکەن و ستەم لە یەکتر بکەن خۆ ئەگەر ئەی قازیەکان ئەی خێرخوازان ترسان لەوەی ژن و مێردەکە سنوری خودا ڕاناگرن و خۆیان گونا‌ه باردەکەن ئەوا ئێوە هیچ گوناهبار نابن و کاتێک ژنەکە دەیەوێت بە هەندێک سامان یاخود یان دەست هەڵگرتن لە هەندێک مارەی خۆی ڕزگار بکات.

مافی لە ئەستۆ گرتنی منداڵ دوایی جیابوونەوە

کاتێک ژن ومێرد ناخۆشی و جیابوونەوەی دەکەوێتە نێوانیان، بەخێوکردن و گەورەکردنی منداڵ دەکەوێتە ئەستۆی دایکیان و منداڵ دەدرێت بە دایک، دادگای عێراقیش لە بەرژەوەندی منداڵەکە بڕیار دەدات کامیان شوێنی نیشتەجێبوون و دۆخی ماددی و کۆمەڵایەتی باش بێت، دادگا بڕیار دەدات منداڵ لای کامیان بیت.

ئەگەر منداڵ تەمەنی ١٥ ساڵی تەواو کردبوو مافی ‌هەڵبژرادنی مانەوەی لای دایک یان باوکی یاخود کەسێک لە نزیکەکانی هەیە، تاکو تەمەنی ١٨ ساڵی تەواو دەکات ئەوەش یاسایەکە و دادگا سەرپشکی کردووە.

لە دۆخێکدا ئەگەر دایک و باوکەکە مردبوون یاسا ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکە دەدات بە کەسە پلە یەک و دووەکانی دایک یان باوکەکە ئەم حاڵەتەش کەمە، وە ئەگەر کەسێکی نزیکی منداڵەکە نەبوو ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکە بگرێتە ئەستۆ ئەوا ڕادەستی دەوڵەت دەکرێت دەخرێتە خانەی بێسەرپەرشتان.

یاسای عێراقی مەرجی بۆ لە ئەستۆگرتن و بەخێوکردنی منداڵ داناوە

دەبێت عەقڵی تەواو بێت (شێت یاخود حاڵەتێکی دەرونی نەبێت) توانای پەروەردەکردنی منداڵەکانی هەبێت دایک شایەنترینە بۆ بەخێوکردنی منداڵەکەی بە مەرجی زیان نەگەیاندن بە منداڵەکەی، لە حاڵەتی هاوسەرگیری کردنەوەی ژنەکە بەخێوکردنی منداڵ لەدەست نادات، لێرەدا دادگا لە بەرژەوەندی منداڵ بڕیار دەدات دەبێت دایکەکە پارێزگاری لە مەرجەکانی بەخێوکردن بکات، دادگا باوەڕ بەوە بکات مانەوەی منداڵ لای دایکەکە زیانی پێناگات، مێردەکەی لە گرێبەستی هاوسەرگیریەکەدا بەڵێنی چاودێری کردن  وزیان نەگەیاندن بە منداڵەکە بدات، گەر مێردی ژنەکە لە بەڵێنەکانی بەندەکە پەشیمان بۆوە ئەوە هۆکارێکی داواکاری جیابوونەوەیە لە لایەن ژنەکەوە، لەحاڵەتی لەدەستدانی یەکێک لە مەرجەکان یاخود وەفاتی دایکەکە بەخێوکردن و لە ئەستۆگرتنی منداڵ دەدرێت بەباوک.

 

ت.پ