لە تاقیکردنەوەی هاوڕێکەیەوە بۆ جەنگێک دژی هاوسەرگیریی منداڵان لە مەغریب

لە کاتێکدا گفتوگۆ لەبارەی پێداچوونەوە بە یاسای خێزانی لە مەغریب بەردەوامە، هۆکارە کۆمەڵایەتی، ئابووری، ڕۆشنبیری و پەروەردەییەکان تێکەڵ بە یەک دەبن و دەبنە هۆی بەردەوامبوونی دیاردەی هاوسەرگیریی منداڵان.

حەنەن حارت

 

مەغریب ـ پێش ئەوەی ئامال ئامین ببێتە چالاکوانێکی مافی مرۆڤ کە داکۆکی بکات بۆ پاراستنی منداڵانی کچ  لە هاوسەرگیریی منداڵان، هاوڕێیەکی زیرەکی هەبوو لە قۆناغی ناوەندیدا، ڕۆژێک پێی وت کە براکەی دەیەوێت مارەی بکات بۆ پیاوێک کە لە خۆی گەورەترە، لەو کاتەدا تێنەگەیشت واتای ئەوە چییە، بەڵام چەند هەفتەیەک دواتر، کاتێک چووە ماڵی هاوڕێکەی و بۆی دەرکەوت کە هاوسەرگیریی کردووە، تێگەیشت کە ژیانی منداڵێکی کچ دەتوانێت لە نێوان شەو و ڕۆژێکدا بگۆڕێت.

 

پەیوەندیی نێوان هەردوو کچەکە لەو کاتەوە پچڕا، بەڵام ڕووداوەکە لە بیرەوەریی ئامال ئامین نەپچڕا، وەک خۆی دەگێڕێتەوە کە ئەو ئەزموونە چەندین پرسیاری لای بەجێهێشتووە: چۆن ژیانی منداڵێکی کچ دەگۆڕێت لە نێوان شەو و ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا ئەو هەمان خەون و هەمان داهاتووی هەبوو؟

 

ئەو چیرۆکەی کە ئامال ئامین پێناسەی دەکات و وتی کە لە بیرەوەرییدا چەسپیوە و "گرێیەکی لە دڵیدا" بەجێهێشتووە، گۆڕا بۆ یەکێک لەو هۆکارانەی کە ناچاری کرد پابەند بێت بە داکۆکیکردن لە مافی منداڵانی کچ.

 

ئەمڕۆ، پاش نزیکەی ١١ ساڵ لە کارکردن لەسەر دۆسیەی هاوسەرگیریی منداان، لەگەڵ دۆسیەکانی توندوتیژی دژی ژنان، یەکسانی و مافی منداڵان، ئامال ئامین پێی وایە جەنگەکە تەنها لەسەر ڕێگریکردن لە هاوسەرگیریی منداڵێک نییە، بەڵکو لەسەر داکۆکیکردنە لە مافی خۆی بۆ ئەوەی خۆی نەخشەی ژیانی بکێشێت، پێشینەکانی منداڵانی کچ لە سێ وشەدا کورت دەکاتەوە: خوێندن، پاراستن، ئازادیی هەڵبژاردن.

 

وتیشی: ئەوە خوێندنە کە ڕێگە بە منداڵان دەدات نەخشەی ژیان و ڕێڕەوی خۆیان بکێشن، لە کاتێکدا ئازادیی هەڵبژاردن وەک مەرجێکی بنەڕەتی دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی منداڵە کچەکە بتوانێت داهاتووی خۆی دوور لە چاودێری و فشار دروست بکات.

 

لەرێگەی کارکردنی ئامال ئامین لە هاوپەیمانیی "دنیا" بۆ ڕێگریکردن لە هاوسەرگیریی منداڵان، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ دامەزراوە و ٢٦ ڕێکخراو لەخۆدەگرێت کە لە بواری مافی ژنان و منداڵاندا لە نزیکەی ١٢ ناوچەی مەغریب کار دەکەن، وتی: ئەو هۆکارانەی لە پشت هاوسەرگیریی منداڵانی کچن لە مەغریبدا هەمەچەشن و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر و لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تر جیاوازن هەروەها ئەنجامەکە یەکە، کە ئەویش هاوسەرگیریی منداڵەکەیە، بەڵام چیرۆکەکان جیاوازن.

 

کاتێک هاوسەرگیری دەبێتە کۆتایی خوێندن

لە هەندێک خێزاندا، هاوسەرگیری وەک جێگرەوەی بەردەست لە پێش منداڵە کچەکانیاندا دەخرێتەڕوو لە نەبوونی دەرفەتی تردا، بەتایبەت کاتێک خێزانەکە لە دۆخێکی لاوازیدایە، لە بەرامبەردا، خودی هاوسەرگیری دەبێتە هۆی بەجێهێشتووی کورسییەکانی خوێندن و پچڕانی ڕێڕەوی پەروەردەیی.

 

ئامال ئامین ئاماژە بە لێکچوونێکی پێچەوانەی تر دەکات کە کاری مەیدانی تۆماری کردووە، هەندێک لە منداڵانی کچ خۆیان ڕەنگە باوەڕ بهێنن کە هاوسەرگیری چارەسەرە، نەک تەنها بۆ داهاتوویان، بەڵکو بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووریی خێزانەکەیان یان کەمکردنی باری سەر شانیان، ئەم تێڕوانینە زیاتر دەبێت کاتێک پێگەی ژن دەبەسترێتەوە بە پێگەی کۆمەڵایەتییەوە وەک ژنێکی هاوژیندار، کاتێک منداڵانی کچ ڕووبەڕووی فشاری کۆمەڵایەتیی زوو دەبنەوە.

 

لە هەندێک ناوچەدا، ڕەنگە کچێک لە تەمەنی ١٦ یان ١٧ ساڵیدا کە هێشتا هاوسەرگیریی نەکردووە ڕووبەڕووی ناوی "باییرە" ”ژنێک کە ژیانی هاوسەرگیری دواکەوت و بەبێ هاوژین ماوەتەوە” دەبێتەوە، کە ئەمەش وا دەکات هاوسەرگیری بۆی وەک دەرچەیەک لە فشاری کۆمەڵایەتیی بەردەوام دەرکەوێت، هەروەها هەندێک لە منداڵانی کچ لە هاوسەرگیری دەڕوانن وەک ئامرازێک بۆ جێگیربوون یان ڕزگاربوون لە هەژاری، بەڵام ئەزموونی کارکردنی مەیدانی، بەپێی وتەی ئامال ئامین، پێچەوانەکەی نیشان دەدات.

 

وتیشی: هاوسەرگیری لاوازی کۆتایی پێناهێنێت، بەڵکو قووڵتری دەکاتەوە، چونکە منداڵە کچەکە لە دەرفەتی خوێندن، کارکردن و سەربەخۆیی ئابووری بێبەش دەکات، زیاتر خەباتکاری دەکات بۆ بەردەوامبوونی لاوازی بە درێژای ژیانی.

 

ئامال ئامین پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هاوسەرگیریی منداڵان و وازهێنان لە خوێندن دروست دەکات، لەم چوارچێوەیەدا، توێژینەوەیەک دەهێنێتەوە کە کۆمەڵەی "ماف و دادپەروەری" لە ساڵی ٢٠١٩ ئەنجامی داوە، وتی: گەیشتووەتە ئەوەی کە لە ٩٠٪ی ئەو ژنانەی پرسیاریان ئاراستە کرابوو و هاوسەرگیرییان کردبوو، تەنانەت یەک حاڵەتیش نەبوو کە دوای هاوسەرگیری خوێندنەکەی تەواو کردبێت.

 

لای ئامال ئامین، کێشەکە لە پچڕانی خوێندن تێدەپەڕێت، هاوسەرگیری منداڵەکە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی خێزانی و دەروونییەوە کە لە سەروو تەمەن و توانای بەرگەگرتنیەتی، تەنانەت کەسانی پێگەیشتووش سەختییان هەیە لە هاوسەنگیکردن لە نێوان کار و خوێندن و ژیانی خێزانیدا، جا چ منداڵێک؟

 

وتیشی: منداڵە کچەکە لەم قۆناغەدا هێشتا تواناکانی خۆی نەدۆزیوەتەوە، کەسایەتی خۆی دروست نەکردوە، یان پلانی ژیانی دیاری نەکردووە، پێش ئەوەی خۆی لە بەردەم بەرپرسیارێتییەکانی هاوسەرگیری و خێزاندا ببینێتەوە.

 

بۆچی باسی پیاو ناکەین؟

ئامال ئامین گۆشەیەک دەکاتەوە، کە زۆر گفتوگۆی لەسەر ناکرێت، ئەویش بەرپرسیارێتی ئەو پیاوەی داوای هاوسەرگیری لە منداڵێک دەکات، لە کاتێکدا بەشێکی گەورەی گفتوگۆکە لەسەر خێزان و منداڵە کچەکەیە، پێی وایە کۆمەڵگە بە شێوەیەکی گونجاو قسە لەسەر ئەو پرسیارە ناکات کە پیاوێکی پێگەیشتوو هەڵیدەبژێرێت هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵێکدا بکات.

 

داوا دەکات کە گفتوگۆیەکی کۆمەڵایەتی و یاسایی لەسەر ئەم بەرپرسیارێتییە بكرێتەوە، توێژینەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتی بکرێت بۆ تێگەیشتن لەو هۆکارانەی کە وا لە پیاوان یان گەنجان دەکات ڕازی ببن بە هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵانی کچدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە بابەتەکە هەمیشە پیاوێکی تەمەن ٦٠ یان ٥٠ ساڵ نییە کە هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵێکدا دەکات، بەڵکو ڕەنگە پیاوەکە لە تەمەنی ٢٠ یان ٣٠ یان ٤٠ ساڵیدا بێت، لە کاتێکدا منداڵە کچەکە لە تەمەنی ١٥ یان ١٦ یان ١٧ ساڵیدایە وتی: بەردەوامبوونی ئەم حاڵەتانە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە گۆڕینی یاسا دەبێت هاوشانی گۆڕینی عەقلیەتەکان بێت.

 

یاسای خێزان... کاتێک دەبێتە دابڕان لە بنەما بۆ بنەما

یاسای مەغریبی لە ماددەی ١٩ دا تەمەنی شیاوی هاوسەرگیری دیاری دەکات بە ١٨ ساڵ، بەڵام ماددەی ٢٠ دەسەڵات بە دادوەری خێزانی ڕاسپێردراو بە هاوسەرگیری دەدات کە مۆڵەت بدات بە هاوسەرگیری کردنی کوڕ یان کچ لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵیەوە کە یاساییە، بەپێی مەرج و ڕێکارەکان کە یاساکە دیاریی کردووە، لە کاتێکدا ماددەی ٢١ پەیوەستە بە ڕەزامەندی نوێنەری شەرعییەوە.

 

ئامال ئامین پێی وایە پێداچوونەوە بە یاسای خێزاندا دەرفەتێکی گرنگە بۆ سەرلەنوێ بیرکردنەوە لەم لێخۆشبوونە وتی: ئەم لێخۆشبوونە، بەداخەوە، گۆڕا بۆ بنەما، ئەو لێخۆشبوونەی کە دەبوو سنوردار بمێنێت و لە حاڵەتی دەگمەندا بێت، فراوان بوو و بوو بە بەکارهێنانی بە فراوانی، کە ئەمەش بە پێی تێڕوانینی ئەو، زیان بەو پاراستنە چاوەڕوانکراوەی منداڵان دەگەیەنێت.

 

یاسا بە تەنها بەس نییە

سەرەڕای داواکارییەکەی بۆ هەموارکردنەوەی یاسا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە چاکسازی یاسایی بە تنها کێشەکە چارەسەر ناکات، دەبێت هاوشانی دەستوەردانی گشتی بێت کە بریتییە لە جەنگان دژی وازهێنان لە خوێندن، بەتایبەت لە ناوچە گوندنشینەکان و ئەو ناوچانەی کە لاوازی تێدایە، دابینکردنی گواستنەوەی قوتابخانە و ناوخۆییەکان و پشتگیری کۆمەڵایەتی بۆ خێزانەکان، لە پاڵ پاراستنی منداڵانی کچ لە توندوتیژی و ئازاردان.

 

هەروەها بانگەواز دەکات بۆ بەرنامەی هۆشیاری کە ئاراستەی خێزانەکان بکرێن، بە جۆرەها زمان و شێوەزار، کە کوڕان و کچان و دامەزراوە پەروەردەییەکان و چالاکوانە ئاینی و ڕاگەیاندنەکان لەخۆبگرێت، ئەو پەیامەی کە دەبێت بگەیەنرێت، بەپێی وتەی ئەو، ئەوەیە کە هاوسەرگیری ئامرازێک نییە بۆ پاراستنی منداڵ، پاراستنی ڕاستەقینە لە خوێندن و تەندروستی و ئاسایش و سەربەخۆیی و تواناپێدانی منداڵە کچەکەدایە بۆ دروستکردنی پلانی ژیانی،.

 

داوا دەکات، کە هاوکاریی کۆمەڵایەتی، دەروونی و یاسایی بۆ ئەو منداڵە کچانە دابین بکرێت کە هەڕەشەی هاوسەرگیریان لەسەرە، لە پاڵ میکانیزمەکانی ڕاگەیاندن و دەستوەردان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی ئازاردانی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە، هەروەها بەرژەوەندی باڵای منداڵ دەبێت لە سەرووی هەر بڕيارێکی کۆمەڵایەتی یان ئابووری یان خێزانییەوە دابنرێت.

 

لە قەدەغەکردنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاری

ئامال ئامین پێی وایە بەربەستەکە تەنها یاسایی نییە، یەکێک لە گەورەترین ئاڵەنگارییەکان، بەرەنگاربوونەوەی بەشێکە لە کۆمەڵگە بۆ هەر گفتوگۆیەک لەسەر هاوسەرگیریی منداڵان، بەتایبەت کاتێک چالاکوانەکان ڕووبەڕووی وتاری ئاینی یان کۆمەڵایەتی دەبنەوە کە پێیان وایە دژایەتیکردنی ئەم ڕەفتارە واتای "قەدەغەکردنی حەڵاڵ" یان "شەرعیەتپێدانی گەندەڵی"یە.

 

وتیشی: گفتوگۆ لەسەر هاوسەرگیریی منداڵانی کچ ئیتر وەک جاران نەبووە، بابەتێکی بێدەنگ لێکراو نەماوە، بەڵکو لە بەرامبەردا ڕووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەیەکی گەورەتر دەبێتەوە، هۆشداری دەدات لەو وتارانەی کە لە هەندێک کەسایەتی خاوەن کاریگەریی کۆمەڵایەتییەوە دەردەچن، کە هاوسەرگیریی زوو پێشکەش دەکەن وەک چارەسەرێکی سروشتی بۆ کێشەکان.

 

پێی وایە مەترسی ئەم وتارانە لەوەدایە کە بابەتەکە ئاسان دەکەنەوە و باسی دەرئەنجامەکان ناکەن، هەروەها وازهێنان لە خوێندن، لاوازی ئابووری، توندوتیژی و ئازاردان، کاری ناوەندەکانی پێشوازی دەهێنێتەوە، کاتێک پێشوازی لەو ژنانە دەکەن کە لە تەمەنی منداڵیدا هاوسەرگیرییان کردووە و باسی شێوازە جیاوازەکانی توندوتیژی دەکەن کە تووشی بوون، باسی کاریگەرییە دەروونییە قووڵەکان دەکەن کە وەک هاوڕێی ئەوان ماونەتەوە.

 

گۆڕانکاری پێویستی بە هەناسەی درێژ هەیە

هەروەها گەورەترین ئاڵەنگاری پیشەیی بریتییە لە گواستنەوە لە وتە تاکەکەسییەکان و چیرۆکەکان کە دەگەنە ڕێکخراوەکان بۆ چاکسازی یاسایی و سیاسەتی گشتی کاریگەر، وتی: داکۆکیکردن پێویستی بە هەناسەی درێژ هەیە، چونکە پێویستی بەوەیە لە یەک کاتدا لەگەڵ دەزگاکان و خێزان و ڕاگەیاندن و قوتابخانەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی کار بکات.

 

لەگەڵیشیدا، سستی لە گۆڕانکاریدا هۆکار نییە بۆ پاشەکشە، بەڵکو ئەوەی پاڵی پێوە دەنێت بۆ بەردەوامبوون باوەڕبوونیەتی بەوەی کە لە پشت هەر حاڵەتێکی هاوسەرگیرییەوە ژیان، ڕێڕەو و خەونێک هەیە کە دەتوانێت ون ببێت، و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەر منداڵێک مافی خۆیەتی ژیان و خەونەکانی بژی، لە ژیانیدا بچێتە دوورترین خاڵ.

 

وتیشی: گۆڕانکاری ڕەنگە دواکەوێت، بەڵام دەبێت، هەر خێزانێک باوەڕ بهێنێت کە شوێنی منداڵە کچەکەی قوتابخانەیە، هەر منداڵێک بتوانێت بەردەوام بێت لە خوێندنی خۆی و داهاتووی خۆی هەڵبژێرێت، هۆکارێکی زیادە دەنوێنن بۆ بەردەوامبوون.

 

منداڵانی کچ بارگرانی نییە

پەیامی خۆی ئاراستەی خێزانەکان و بڕیاردەران دەکات، لای ئەو، هاوسەرگیریی منداڵ تەنها بڕیارێکی خێزانی یان ئاهەنگگێڕانێک نییە، بەڵکو دۆسیەیەکە کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و داهاتووی نەوەیەکی تەواو هەیە وتی: ناتوانین داوا لە منداڵێک بکەین کە لە مافی خوێندن و گەشەکردن و دروستکردنی کەسایەتی بێبەش کراوە کە بەرپرسیارێتی هاوسەرگیری و خێزان هەڵبگرێت، بەتایبەت پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ.

 

بۆ بڕیاردەرانیش، بانگەواز دەکات بۆ ئیرادەیەکی سیاسی ڕوون، یاسایەک بە بێ لێخۆشبوون، سیاسەتی گشتی کە مسۆگەری خوێندن، پاراستن و تەندروستی بکات، جێگرەوەی ڕاستەقینە بۆ منداڵانی کچ و خێزانەکان دابین بکات.

 

ئامال ئامین جیاوازی ناکات لە نێوان پەروەردەکردنی منداڵی کوڕ و منداڵی کچدا، هەردووکیان پێویستیان بە ئارامی و بە خێزان و حکومەت و دەزگاکان هەیە کە یارمەتییان بدەن لە دروستکردنی کەسایەتییان و هەڵبژاردنی داهاتوویان بە هۆشیاری و ئازادی.

 

ئامال ئامین، چالاکوانی مافی مرۆڤ لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی:  وەبەرهێنان لە پەروەردەکردنی منداڵان و توانابەخشینیان وەبەرهێنانێکە لە خێزان و کۆمەڵگەی داهاتوودا، بەرەنگاربوونەوەی هاوسەرگیری منداڵان بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵە... چونکە پاراستنی منداڵی ئەمڕۆ پاراستن و بونیادنانی کۆمەڵگەی داهاتووە.