پارێزەرێکی جەزائیری: پێویستە گۆڕانکاری لە هەندێک ماددەی یاسای سزادان بکرێت

ئایشە زیمیت پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤی جەزائیری ڕایگەیاند، بەهۆی بێ سزایی و لێبوردنی تاوانباران، توندوتیژی دژی ژنان لە زیادبووندایە، هەروەها باسی لەوەشکردووە، دەبێت بڕگەکانی دیکەی یاسای سزادان هەموار بکرێتەوە.

ڕابیا خاریس

 

 جەزائیر – لە جەزائیر، لێخۆشبوون لە تۆمەتباران بە بیانووی پاراستنی سەلامەتی خێزان، ڕەنگە قوربانییەکان بەرەوڕووی فشارە کۆمەڵایەتییەکان بهێڵێتەوە، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان واز لە داوای دادپەروەری بهێنن.  ئایشە زیمیت پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤی جەزائیری ڕایگەیاند کە توندوتیژی دژی ژنان لە وڵاتەکەدا زیادی کردووە و ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەر بە تاوانباران نەگیراوەتەبەر، پێشنیاریشی کرد کە "هاوکاری دادوەری زیاد بکرێت" و پێداچوونەوە بە هەندێک بڕگەی یاسای سزاکاندا بکرێت.

 

ئایشە زیمیت وتی: لە جەزائیر هەرچەندە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و بازنەی یاسایی بەهێزتر دەبێت، بەڵام ڕێوشوێنی نوێ دەگیرێتەبەر، واقیعی سەر زەوی، توندوتیژی جددی و بەربڵاوی دژ بە ژنان ئاشکرا دەکات، ئەمەش دەمانباتە سەر ئەم پرسیارە؛  کێ بەرپرسە لەم دۆخە؟  ئایا چاکسازی یاسایی کەمی هەیە، یان کێشەکە لە کەموکوڕیەکانی کۆمەڵگە بە گشتی سەرچاوە دەگرێت؟  لێرەدا دەبێت نایەکسانی جێندەری کۆمەڵگە و شێوازی پەروەردەکردنی سێکسیزم لەسەر بنەمای ئەو ڕۆڵەی کە لە داڕشتنی کۆمەڵگەدا دەیگێڕێت، لەبەرچاو بگیرێت،  ژنانی جەزائیر لە ڕووی دەستکەوتەکانیانەوە پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە، ئەم پێشهاتە لە یاسای ژمارە ١٥،١٩دا ڕەنگ دەداتەوە کە یاسای سزادانی هەموارکردووەتەوە و بە تایبەتی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دژی ژنان بە تاوان دەزانێت، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێکی دروست بەرامبەر بەو کەسانە نەگیراوەتەوە کە ئەو تاوانانە ئەنجام دەدەن.

 

سزاکانی پەیوەست بە توندوتیژی دژی ژنان لە یاسای سزادانی جەزائیر  

ئایشە زیمیت ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی ماددەی ٢٦٦ لە یاسای سزادان، تاوانبارانی کەمئەندامییەک کە لە ئەنجامی دەستدرێژی بە ئەنقەست یان برینداربوونێکەوە دروست دەبێت کە لە ١٥ ڕۆژ زیاتر نەبێت، سزای ١ بۆ ٣ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ١٥ ڕۆژ تێپەڕی، سزاکە لە ٢ ساڵەوە بۆ ٥ ساڵ زیندان زیاد دەکات و درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەگەر لێدان و برینداربوونەکە ببێتە هۆی کەمئەندامی هەمیشەیی، ئەوا سزاکەی ١٠ بۆ ٢٠ ساڵ زیندانیکردن دەبێت، ئەگەر توندوتیژییەکە لە ئەنجامدا مردنی لێکەوتەوە بەڵام هیچ مەبەستێکی بە ئەنقەست نەبێت بۆ ئەوەی ببێتە هۆی مردن، ئەوا تاوانبارەکە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا دەسەپێنرێت.

 

توندوتیژی خێزانی و ئابووری

ئایشە زیمیت ڕایگەیاند کە توندوتیژی ئابووری بۆ ژنان بە واتای دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە داراییەکانە و وتیشی: پێشتر لە هەندێک ناوچەی جەزائیر ژنان لە میرات بێبەش دەکران، ئێستاش هەوڵ دەدرێت داهاتی ژنانی کرێکار لەلایەن باوک و برا و مێردەکانیانەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت، لەم ساڵانەی دواییدا 'ڕەشبگیری دیجیتاڵی' کە فۆرمێکی نوێی توندوتیژی دژی ژنانە، زیادی کردووە، زۆرێک لە ژنان بەهۆی هەڕەشەی پێشێلکردنی کەرامەتیانەوە تووشی ڕەشبگیری دەبن.

 

توندوتیژی سێکسی

ئایشە زیمیت ئاماژەی بەوەدا کە توندوتیژی سێکسی مەترسیدارترین جۆری توندوتیژییە و وتی: زۆرجار قوربانییەکان بەهۆی  داب و نەریت و فشاری خێزانییەوە گلەیی ناکەن، ژنان لە ترسی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن برا و مێردەکانیانەوە بێدەنگ دەبن.

 

'لێخۆشبوون لە تاوانباران پرۆسەی دادگاییکردنەکە دەوەستێنێت'

ئایشە زیمیت ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە پێداچوونەوە بە هەندێک مادەکانی یاسای سزادان بکرێت و ڕەخنەی لەو گۆڕانکاریانە گرت کە لە ئەنجامدا پرۆسەی دادگاییکردنەکە ڕادەگیرێت کاتێک قوربانییەکە لە تاوانبارەکە خۆش دەبێت و وتی: ژنان بە بیانووی پاراستنی ئاشتی خێزانییەوە تووشی فشارێکی زۆر دەبن لەلایەن کۆمەڵگەوە و زۆرجار ناچار دەکرێن سکاڵاکانیان بکشێننەوە، لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت ئەو ژنانەی بڕیار دەدەن بەردەوام بن، هەڕەشەیان لێدەکرێت.

 

ڕەخنەی نێودەوڵەتی

ئایشە زیمیت ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی هیومان ڕایتس وۆچ، ئەو یاسایەی لە ساڵی ٢٠١٥ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، سزاکان کەم دەکرێنەوە یان هەڵدەوەشێنەوە ئەگەر قوربانییەکە لە تاوانبارەکە خۆش بێت، ئەمەش فشاری کۆمەڵایەتی لەسەر ژنان زیاد دەکات، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی قوربانییەکان داواکاری پێشکەش بە دادگاکان نەکەن.

 

 پێشنیار بۆ چارەسەر

ئایشە زیمیت ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە هاوکاری یاسایی چالاک بکرێت، یان نابێت ڕێگری لە ژنان بکرێت لە دەستگەیشتن بە دادپەروەری بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە، و نابێت لە تێچووی دادگا بێبەری بکرێن و وتیشی: بەڵام بە تەنها بە گۆڕانکاری یاسایی ڕێگری لە توندوتیژی دژی ژنان ناکرێ، پێویستە سیستەمێکی پەروەردەیی دابمەزرێت کە جەخت لەسەر ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا بکاتەوە، لەم ڕووەوە توندوتیژی دژی ژنان تەنیا کێشەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو کێشەیەکی کولتووری و کۆمەڵایەتییە و دەبێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی بۆ چارەسەری بکرێت.