جیابوونەوە لە یەمەن قەیرانی خێزان بە فشاری ململانێ و داڕمانی ئابووری خراپتر دەکات

چیرۆکی ژنان و ئاماری دادگاکانی تەعز قووڵبوونەوەی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی ئاشکرا دەکەن، ململانێ و تێکچوونی بارودۆخی ژیان بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێ وێنە لە حاڵەتەکانی جیابوونەوە، کە ڕەنگدانەوەی سستی خێزانی یەمەنە لە ژێر فشاری بارودۆخی ئابووری سەختدا.

ڕەحمە شەنزور

 

یەمەن- کاردانەوەکانی ململانێی یەمەن چیتر لە مەیدانی سەربازی و کارەساتی مرۆیی قەتیس نەماوە، ئەوان لەوە زیاتر درێژ بوونەتەوە بۆ ئەوەی ڕاستی کۆمەڵایەتی خێزانی یەمەن دابڕێژن، کە هەژاری و بێکاری و تێکچوونی بارودۆخی ژیان بوونەتە هەڕەشەیەکی بێ وێنە بۆ سەقامگیری ژیانی هاوسەرگیری.

 

پێوەرەکانی مەیدانی و دادوەری ئاماژە بە زیادبوونی بەرچاوی حاڵەتەکانی جیابوونەوە دەکەن کە کاریگەرییان لەسەر ژنان هەیە لە یەمەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ململانێیەک کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بەردەوام بووە و لە ئەنجامدا، داڕمانی ئابووری و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە، ئەم زیادبوونە بە بڕوای چاودێران تەنها ئامارێک نییە لە تۆمارەکانی دادگادا، بەڵکو ڕەنگدانەوەی پرسە ئاڵۆز و تێکەڵاوەکانە کە خودی چەمکی خێزانیان لە قاڵب داوە.

 

جیابوونەوە چیتر بە واتای نەریتی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو بووەتە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ئەو گۆڕانکارییە زۆرەملێیە ئابووری و یاساییانەی کە ململانێکان سەپاندوویانە، لەم چوارچێوەیەدا، جیابوونەوە بۆ زۆر کەس بووەتە "دوا ڕێگە" بۆ دەربازبوون لە هەژارییەکی گەورە، سنووردارکردنی توندی جووڵە و کارکردن یان بەرزکردنەوەی توندوتیژی خێزانی لە نەبوونی هیچ ڕێگرییەکی کاریگەردا.

 

سیماکانی ئەم قەیرانە لە چیرۆکی ئەو خێزانانەدا دیارە کە بەهۆی تێچووی ژیانەوە ماندوو بوون، ئەوانی دیکەش کە بەهۆی نەبوونی کار و داهاتێکی جێگیرەوە ژیانی هاوسەرگیریان دوای تەنها چەند مانگێک کۆتایی هات، لەم نێوەندەدا زۆرێک لە خێزانەکان خۆیان بینی کە ناتوانن هاوسەنگی لە نێوان دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان لەگەڵ پارەی خانووبەرە و چارەسەری پزیشکیدا دابنێن.

 

"بەرزی تێچووی ژیان ژیانی هاوسەرگیریمی تێکدا"

سەحەر خالد تەمەن ٢٦ ساڵ، هەرگیز بە خەیاڵیدا نەدەهات ژیانی هاوسەرگیرییەکەی بە جیابوونەوە کۆتایی پێبێت، بەهۆی تێکچوونی باری ژیانی هاوژینەکەی و نەتوانینی ڕووبەڕووبوونەوەی بارگرانییەکانی ژیانی ڕۆژانە و خەرجییەکان بێت.

 

لە ماڵێکی بێگەرددا، سەحەر خالد وردەکارییەکانی ئەو سێ ساڵەی لەگەڵ هاوژینەکەی دەگێڕێتەوە، کە بە سەقامگیرییەکی ڕێژەیی دەستیپێکردووە پێش ئەوەی بگۆڕێت بۆ زنجیرەیەکی درێژخایەنی ململانێی ڕۆژانە، وتی: گەنجێک پێشنیاری هاوسەرگیری بۆ کردم، منیش قبوڵم کرد، سێ ساڵ لەگەڵیدا ژیام و دوای ساڵێک لە هاوسەرگیرییەکەمان منداڵێکمان ڤوو، سەرەتا دۆخی داراییمان بەڕێوەدەبرا، بەڵام دوای خراپبوونی بارودۆخی ئابووری ژیانمان بەتەواوی گۆڕا.

 

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، هاوژینەکەی دەستیکرد بە گەڕانی ڕۆژانە بۆ کار، لە نێوان بازاڕەکانی کار و دوکان و چێشتخانەکاندا دەجووڵایەوە، بەبێ ئەوەی بتوانێت داهاتێکی جێگیر دەستەبەر بکات، وتی: هەموو ڕۆژێک ئازارەکانمان زیاتر دەبوو، چیتر نەمانتوانی پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵەکانمان دابین بکەین، لە شیر و دایبیەوە بۆ دەرمان، کرێی خانووەکە کۆبووەوە، کڕینی بزوێنەری غازیش بوو بە بارگرانییەکی بەرگە نەگیراو، تا گەیشتینە ئاستێک کە چیتر بەرگەی نەگرین.

 

سەحەر خالد بە تۆنێکی خەمناکەوە پشتڕاستی دەکاتەوە کە جیابوونەوە هەڵبژاردنێک نەبووە کە ئەو ئارەزووی دەکرد، بەڵکو دەرئەنجامی سروشتی ئەو فشارە چڕانەیە کە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆی خێزانەکەیان داوە.

 

پێنج مانگ و هەمووی کۆتایی هات

ئەسما محەمەدی تەمەن ٢١ ساڵ، تەنها پێویستی بە پێنج مانگ بوو، بۆ ئەوەی بزانێت ئەو ژیانەی دوای هاوسەرگیری خەونی پێوە دەبینی، بەو شێوەیە نابێت کە خەیاڵی بۆ دەکرد، هەر زوو خۆی لە نێوان قەیرانی ڕۆژانە و ناکۆکی بەردەوامدا بینیەوە، کە بە تۆمارکردنی داوای جیابوونەوەی کۆتایی هات، دوای ئەوەی هەموو هیوایەکی لەدەستدا بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییەکە.

 

دووپاتی کردەوە، هاوسەرگیریم زۆر سەخت بوو، چونکە هاوژینەکەم لە واتای بەرپرسیارێتی هاوسەرگیری تێنەدەگەیشت، هەروەها نەیتوانی خەرجییەکانی ماڵ یان پێداویستییە سەرەتاییەکان دابین بکات.

 

ڕوونی دەکاتەوە، کە هاوژینەکەی کارێکی جێگیر و سەرچاوەیەکی جێگیری داهاتی نەبووە، ئەمەش هەر لە یەکەم مانگەکانی هاوسەرگیرییەکەیانەوە کاریگەری لەسەر ژیانیان هەبووە، سەرەتا هەوڵمدا ئارم بم و خۆم بگونجێنم، پێموابوو شتەکان لەگەڵ تێپەڕبوونی کات باشتر دەبن، بەڵام کێشەکان تەنها ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بوون.

 

لەگەڵ زیادبوونی فشارە داراییەکان و بەردەوامی ناکۆکی، وتی: گەیشتووەتە ئاستێک کە هەستیکردووە هاوسەرگیرییەکە بووەتە بارگرانییەکی دەروونی بەرگە نەگیراو، لە کۆتاییدا بڕیاریداوە بەدوای جیابوونەوەدا بگەڕێت و کۆتایی بە پەیوەندییەکە بهێنێت.

 

ئامارە نائارامەکانی دادگا

ئامارە دادوەرییەکان ڕادەی ئەو گۆڕانکارییانە ئاشکرا دەکەن کە لە ماوەی ساڵانی شەڕدا لە ڕاستی خێزانەکانی یەمەندا ڕوویانداوە، سەرچاوە دادوەرییەکان لە تەعز ڕایانگەیاند، کە دۆسیەی جیابوونەوە و خولا (جیابوونەوە بە دەستپێشخەری ژنەکە) کە لەلایەن ژنانەوە تۆمارکراون بە بەراورد بە ئاستی پێش ململانێکان دوو هێندە زیادی کردووە، ئەمەش لە ئەنجامی تێکچوونی باری ئابووری و ژیان.

 

دووپاتیان کردەوە، کە باوترین هۆکاری جیابوونەوە، نەتوانینی هاوژینەکە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکە، دواتر توندوتیژی خێزانی دێتە پێشەوە، کە بەهۆی فشارەکانی بارودۆخی ژیان و فشاری دەروونییەوە پەرەی سەندووە.

 

بەگوێرەی هەمان سەرچاوەکان، دادگای ڕۆژهەڵاتی تەعز لەمساڵدا، تەنها لە ماوەی یەک مانگدا، بە نزیکەی ٢٠٠ دۆسیەی جیابوونەوەی تۆمارکردووە، ئەمەش نیشاندەرێکە کە ڕەنگدانەوەی گەورەیی فشارەکانی بەردەم خێزانە یەمەنییەکان و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی قەیرانی ئابووری لەسەر سەقامگیری ژیانی هاوسەرگیرییە.

 

لەم چوارچێوەیەدا، ئامال سەبری پارێزەری یەمەن وتی: رێژەی جیابوونەوە لە یەمەن لە ساڵانی ڕابردوودا شایەتی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی شەڕ و ململانێکانی بەردەوامدا، هەروەها ئەم زیادبوونە لە شارە جیاوازەکاندا بەرچاو بووە، تەنانەت زیاتریش لە تەعز.

 

ڕوونی دەکاتەوە، کە دۆسیەکانی جیابوونەوە تەنها لە جیابوونەوە لە دەرەوەی دادگا سنووردار نین، بەڵکو زیادبوونی داواکارییەکانی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی هاوسەرگیری لەبەردەم دادگاکانی خێزان و باری کەسیدا لەخۆدەگرێت، کە شایەتحاڵی پەرەسەندنی لێشاوی ژنانە کە هەوڵدەدەن کۆتایی بە پەیوەندییە هاوسەرگیرییەکانیان بهێنن.

 

وتیشی: هۆکارەکان زۆرن و ئاڵۆزن، هەندێکیان لەمێژینەن و هەندێکی دیکەشیان بەهۆی شەڕەوە توندتر بووە، لە پێش هەموویانەوە بارودۆخی سەختی ئابووری و ژیان، جگە لە هاوسەرگیری پێشوەختە، کە تا ئێستاش وەک هۆکارێکی بەشداربوو لە ناسەقامگیری ژیانی هاوسەرگیریدا دەمێنێتەوە.

 

ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ململانێکان ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە لە خراپترکردنی ئەم دیاردەیە، نەک تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە ڕێگەی کاریگەرییەکانی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە لەسەر تاکەکان، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژیی نێو خێزانەکان و زیادبوونی ڕێژەی ناکۆکیی هاوسەرگیری و لە ئاکامدا، بەرزبوونەوەی دۆسیەی جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی کەیسەکان لەبەردەم دادگاکاندا.

 

ئاڵۆزی هۆکارەکان و فراوانبوونی قەیرانەکان

پارێزەر موعین عەبەیدی پێی وایە بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە لە ماوەی ساڵانی ململانێ لە یەمەن لە کۆمەڵێک هۆکارەوە سەرچاوە دەگرێت، بە پلەی یەکەم کاردانەوەی ئەو ململانێیە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی خێزانەکان هەبووە، بڕینی موچەی درێژخایەن و زیادبوونی هەژاری و بێبەشی لە ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکاندا فشارێکی بەرچاوی خستە سەر ژیانی هاوسەرگیری، بەتایبەتی لەو خێزانانەی کە منداڵی بچووکیان هەیە، ئەمەش بەشداربوو لە زیادبوونی گرژی و ناکۆکی لەناو ماڵەکەدا.

 

وتیشی: ئاوارەبوون ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لەم زیادبوونەدا، لەکاتێکدا، کامپەکانی ئاوارەبوون لە ژێر هەلومەرجێکی سەخت و ناوازەدا شایەتی بەرزی ڕێژەی هاوسەرگیریان بەخۆوە بینی، بەڵام زۆرجار ئەم هاوسەرگیرییانە کەمتر جێگیرن و دواتر زیاتر تووشی داڕمان دەبن.

 

تێکچوونی گشتیی دۆخی ئابووری، بەتایبەتی بۆ ئەو خێزانانەی داهاتیان سنووردارە یان هیچ داهاتێکیان نییە، کاریگەری لەسەر سەقامگیری پەیوەندییە هاوسەرگیرییەکان هەبووە و ئەگەری جیابوونەوەی زیاتری کردووە، هەروەها ڕێوشوێنە یاساییەکان لەناو دادگاکان دوو جۆر دۆسیەی جیابوونەوە ئاشکرا دەکەن: جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوە، هەرچەندە ئەنجامی کۆتایی لە هەردووکیدا وەک یەکە، کە کۆتایی هاتنی پەیوەندی هاوسەرگیرییە بەڵام هەریەکەیان ڕێڕەوی یاسایی و بنەمای جیاوازی خۆیان هەیە.

 

قەیرانێک کە لە بێدەنگیدا بڵاودەبێتەوە

لە نێوان چیرۆکەکانی سەحەر و ئەسما و ئاماری دادگادا، هێڵکارییەکانی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی قووڵتر ئاشکرا دەبن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە چۆن ململانێکان پێکهاتەی خێزانی یەمەنی لە قاڵب داوە، کە وایکردووە فشارە ئابوورییە ڕۆژانەکان ببێتە یەکێک لە هۆکارە هەرە بەرچاوەکان کە کاریگەری لەسەر سەقامگیری ژیانی هاوسەرگیری هەیە.

 

ململانێی بەردەوام بووەتە هۆی پاڵنانی ملیۆنان خەڵکی یەمەن بۆ بێکاری لە کاتێکدا کە تێچووی ژیان بە شێوەیەکی بێ وێنە زیادی کردووە بەهۆی داڕمانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخەکان و دابەزینی بەهای دراوی ناوخۆیی بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان، ئەمە جگە لە پچڕانی موچەی بەشێکی زۆری فەرمانبەران.

 

لەگەڵ بەردەوامبوونی قەیرانی ئابووری، خێزانە یەمەنییەکان لە دۆخێکی ژیاندا، کە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە دەچەمێنێتەوە و دیمەنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگەکە دادەڕێژێتەوە، ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری زیاتر دەبنەوە.