هەڵمەتی مافی چارەی خۆنووسین لە سوەیدا بەڕێوەدەچێت

لە ڕۆشنایی پێشێلکارییە قورسەکان و ئاوارەبوونی زۆرەملێ، سوەیدا هەڵمەتێکی کۆمەڵاتەتی دەستپێکردو داوای مافی چارەی خۆنووسینی کرد، جەختی لەسەر یاسای "لەدەستدانی دەوڵەت" و پێویستی دەستوەردانی یاسای نێودەوڵەتی بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە و ئاسایش کردەوە.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا - لە ١٦ی ئەیلوولدا، هەڵمەتێکی ئۆنلاین دەستیکرد بە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ داواکارییەک کە ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرابوو، داوای کردبوو هاوڵاتیانی سوەیدا مافی چارەی خۆنووسینیان پێبدرێت، هەروەها ڕۆژی دواتر هەڵمەتی کاغەزی لە گۆڕەپانی کەرامە و چەند ناوەندێکی ناو شارەکە دەستیپێکرد، بە سەرپەرشتی کۆمەڵێک پارێزەری ژن و پیاو و بە کۆردیناسیۆن لەگەڵ دەزگا یاساییە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان.

 

هەر لەسەرەتاوە بەشداریکردن جێگەی سەرنج بوو، ژمارەی واژۆکان لە یەکەم ڕۆژیدا ١٠ هەزار واژۆیان تێپەڕاند، چ بە شێوەی ئۆنلاین و چ بە شێوەی کەسی، بە وتەی ئەو بەرپرسانە، ئەم واژۆیانە گوزارشت لە پەیامێکی ڕوونی هاوڵاتیانی سوەیدا دەکەن، کە هۆکاری لەدەستدانی متمانەیان بە حکومەتی کاتی سووریا و خواستی خۆیان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانە.

 

"پێشێلکارییەکان دەوڵەتی بێیاسا کردووە"

حەنان شەرەف دین، پارێزەر لە لقی سوەیدای سەندیکای پارێزەران، پاشخانی یاسایی و سیاسی هەڵمەتەکەی ڕوونکردەوە، ئەمڕۆ لە سوەیدا، هەڵمەتێکی واژۆکردنمان بۆ مافی چارەی خۆنووسین دەستپێکرد، کە ئەمەش دوای ئەو پێشێلکارییە بەرفراوانانەیە کە لەلایەن گروپە تەکفیری و سەلەفییەکانەوە بە پاڵپشتی حکومەتی کاتی ئەنجامدراون، هەر ئەم پێشێلکارییانە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بێ بەرگری، هەروەها زیاتر لە ٧٠٠ ژن و منداڵ و بەساڵاچوو ڕفێنراون، جگە لەوەش زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەسی دیکە ڕفێندراون، هاوڵاتیان لە ٣٨ گوند ئاوارە بوون، کە سووتێنراون و بە تەواوی وێران بوون.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە شارەکە بەدەست گەمارۆیەکی ناڕەوایەوە دەناڵێنێت، کە ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی دەرمان و بەرهەمە نەوتییەکان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی قەیرانێکی خنکێنەر کە کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەمان هەبووە.

 

لە ڕووی یاساییەوە ڕوونیکردەوە، کە مافی چارەی خۆنووسین چەمکێکە لە یاسای نێودەوڵەتیدا، بە واتای پێدانی دەرفەت بە گەلان بۆ دیاریکردنی شێوەی حکومەت کە ئارەزووی دەکەن و چۆنیەتی بەدەستهێنانی ئازادانە.

 

کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەی ٢٧٨٧ی ساڵی ١٩٧٢ و بڕیارنامەی ٣٩٧٠ی ساڵی ١٩٧٣دا ئەم مافەی دووپاتکردەوە، کە وڵاتانی ئەندامانیان پابەند کرد بە داننان بە مافی چارەنووسی گەلان و دابینکردنی پشتیوانی ماددی و ئەخلاقی بۆیان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە سوەیدا ڕوویدا، یاسای دەوڵەتی سەندەوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەموو هاوڵاتیانی بەبێ جیاوازی، دەوڵەت پێشێلکاری بەرامبەر هاوڵاتیانی خۆی ئەنجامدا لەسەر بنەمای پاشخانی ئایینی و نەتەوەیی، بە بەکارهێنانی جینۆساید، کە لێرەدا هاوڵاتیان چیتر پابەند نین بە دڵسۆزی بۆ دەوڵەت، بەم شێوەیە، شەرعییەتی دادەبەزێت، لەو کاتەدا دەستێوەردانی یاسای نێودەوڵەتی پێویست دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و سەلامەت بۆ ئەوان.

 

حەنان شەرەف دین، لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: مردووەکان هێشتا تەرمی نەنێژراون بە ئاشکرا، برینەکانمان ساڕێژ نەبوون، ئەو جینۆسایدەی کە لە سوەیدا ڕوویدا بە ئاشتەوای یان کردنەوەی دەروازەکان چارەسەر ناکرێ، چونکە مافی چارەی خۆنووسین داواکارییەکی کۆمەڵایەتی هەموو هاوڵاتیانی سوەیدایە.

 

"من بۆ خۆم و بۆ هەموو ژنێکی گەنج واژۆم کردووە"

غەیدە سەحناوی، لەکاتی واژۆکردنی هەڵمەتەکەدا هەستی خۆی دەربڕی، وتی: ئەمڕۆ هاتووم بۆ واژوکردنی داواکاری چارەنووسی خۆنووسین، چونکە مافی ئێمەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین دوای ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لە دژی ئێمە و دژی منداڵ و ژن و گەنجەکانمان ڕوویانداوە،هەروەها ئێمە ملکەچی ئەم دەسەڵاتە ناڕەوایە نین کە چووەتە ناو سوەیدا و کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە، مافی خۆمانە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین و بڕیار بدەین چی بۆ ئێمە گونجاوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەلایەکی ترەوە تووشی هەموو جۆرە نادادپەروەرییەک دەبین: ڕفاندن و دیلبوون و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، ئاسایش و گەنجی خۆمان لەدەست دەدەین، ئەمڕۆ بۆ خۆم و بۆ هەموو ژنێکی گەنج هاتووم، داواش لە هەموو ژنێکی گەنج دەکەم کە هێشتا لە ماڵەوەیە بێن و واژۆ بکەن بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، خۆی و سەلامەتی خۆی و سەلامەتی خێزانەکەی بپارێزێت، و بە ئارامی ژیانی خۆی درێژە پێبدات.

 

"ئێمەی ژنان یەک دڵین"

سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە هەڵمەتەکەدا، ریم ڕەزوان، چالاکوان، وتی: ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سوەیدا و داوای سەربەخۆی بکەین، ئێمە وەک ژنان دەبێت پشتگیری کۆمەڵگە بکەین و دەست لە نێو دەست و یەک دڵ و یەک ڕۆح بوەستین بۆ ئەوەی بگەینە شوێنێکی باشتر کە شایستەی سوەیدا بێت و مافەکانی گەنجان بپارێزێت.

 

داوای مافی ژنانی ڕفێندراو دەکات، وتی : پێویستە چارەنووسیان بزانین، هەروەها دەبێت داهاتوویەکی باشتر بۆ منداڵەکان مسۆگەر بکەین، دەمانەوێت داهاتوویەکی جوان و بەرزیان هەبێت، هەروەک چۆن هەمیشە چاوەڕێی ئەوە بووین کە خوێندکارەکانی سوەیدا هەیانبێت.

 

"ڕێژەی بەشداریکردن زۆرە"

ئیقبال فەرەج، مامۆستای خانەنشینکراو، ستایشی بەشداریکردنی گشتی کرد، وتیشی: ڕێژەی بەشداریکردن بۆ هەڵمەتەکە زۆرە، هەمووان پاڵنەر و تامەزرۆی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان، ئێمەی هاوڵاتی سوەیدا تووشی کوشتن و سەربڕین و ئاوارەبوون و ئەشکەنجەدان و زەلیلبوون بووین، بۆیە  مافی سروشتی خۆمانە بە دەستی خۆمان بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین، سەبارەت بەو پێشێلکاریانەی کە لە سوەیدا ڕوویانداوە، بنووسین و قسە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی جیهان بکەین.

 

بەسینە جونەید لە شارۆچکەی والغا، وتی: بەهۆی هاتنە ناوەوەی هەتەشە، ماڵەکانمان سووتێنرا و ئاوارە بووین، ئێمە مافی خۆمانە داوای سەربەخۆی بکەین، بۆ ئەوەی لانیکەم بتوانین بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان و بە سەلامەتی بژین، داواکارییەکی بەهێز هەیە بۆ واژۆکردنی داواکاری سەربەخۆی، و دانیشتوان دڵخۆشن کە دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە ئیرادەی خۆیان دەرببڕن".

 

"ژنان شەرمەزار نین"

حەنین خەلیفە، ئەندازیار لە گۆڕەپانی کەرامە، وتی: داوای مافی ڕەوای و سروشتی خۆمان بۆ چارەنووسی خۆمان کرد، هەروەها بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژییەی لەلایەن حکومەتی شەرع و شوێنکەوتووانیەوە بەرامبەر هاولاتیانی سوەیدا ئەنجامدراوە، گەیشتوینەتە ئەم ئاستە، داوا دەکەین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، لەگەڵ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لەو کۆمەڵکوژی و پێشێلکارییانەی ڕوویانداوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە پرسی ئێمە چیتر تەنها ناکۆکییەک نییە لەگەڵ حکومەتێکی ناوەندی، بەڵکو بووەتە پرسێکی بوونگەرای لە نێوان پێکهاتەیەکی خێڵی کە هەڕەشەی نەمانی و پێکهاتەکانی دیکە دەکات لە سووریا، هەروەها بۆمان دەرکەوت کە کەسانێک هەن، کە چاوەڕێی دەرفەت بوون بۆ لەناوبردنمان، لەبەر ئەمەشە ئێمە ناتوانین لەگەڵ کۆمەڵگەیەکدا بژین کە قژی ژن بە شەرمەزاری دەزانێت، ژنان یەکەیەکی سەربەخۆن و ماف و ئەرکیان هەیە، ئێمە داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین کە یارمەتیدەرمان بن بۆ سەربەخۆی لە دەستەبەرکردنی مافی منداڵەکانمان و داهاتوویان.