هاوپەیمانی دنیا: لە مەغریب پێویستە هاوسەرگیریی لە تەمەنی زوودا بە تاوان هەژمار بکرێت
لە مەغریب، ژنانی گەنج و منداڵان مەترسی هاوسەرگیریان لەسەرە، هاوپەیمانی دنیا داوای لابردنی ئەو مادانەی یاسای خێزان دەکات کە ڕەوایەتی بە هاوسەرگیری منداڵان داوە، داواش دەکات هاوسەرگیری منداڵان بە تاوان هەژمار بکرێت.
حەنان حارت
مەغریب- بە مەبەستی پێداچوونەوە بە بڕگەکانی یاسای خێزان کە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە لە مەغریب کارپێکراوە و کە دژی ژنانە، وۆرکشۆپی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت، هەڵمەتەکانی هۆشیاری کۆمەڵگە سەبارەت بە هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا یان زۆرە ملێ، کە زۆرجار ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە بەردەوامە بەتایبەتی لە گوندەکان و ناوچە گوندنشینەکان.
هاوپەیمانی دنیا کە لە لایەن زیاتر لە ٢٦ کۆمەڵە بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافەکانی منداڵان و ژنان پێکهێندراوە، هەروەها دژی هاوسەرگیرییە لە تەمەنی زوودا کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو حاڵەتانە.
سەبارەت بە هەڵوێستی هاوپەیمانییەکە له بارەی هاوسەرگیری منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی، حادە خەیراوی، هەڵسوڕاوی کۆمەڵە و ئەندامی هاوپەیمانی "دنیا" بۆ ڕێگریکردن لە هاوسەرگیری منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی، باسی لەوەکرد، ئەرکی ئەوان لە هاوپەیمانییەکەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانە دەکەن کە ڕەوایەتی دەدەن بە هاوسەرگیری منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی، هەروەها کاردەکەن بۆ گۆڕینی ئەو پراکتیزە کولتووریانەی کە ڕێگە بەو جۆرە هاوسەرگیرییانە دەدەن.
لە گوندەکاندا باوی هاوسەرگیری پێشوەختە بووە
حادە خەیراوی، ئاماژەی بەوەدا هێشتا هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا لە گوندەکان و ناوچە گوندنشینەکاندا بەربڵاوە، کلیلی کەمکردنەوەی ئەو هاوسەرگیریانە دەستەبەرکردنی بەردەوامی خوێندن و شکاندنی گۆشەگیرییە لەو ناوچانەی کە هاوسەرگیری لەو شێوەیەی تیادا زۆرە وتیشی: لەبەرئەوەی زۆربەی خوێندکارە کچەکان ناچارن خوێندن ڕابگرن، چونکە خوێندنگەی ناوەندی لە شوێنی نیشتەجێبوونیان نزیک نییە، واز لە خوێندن دێنن یان هاوسەرگیریان پێدەکرێت یان ناچار دەکرێن وەک خزمەتکار کار بکەن، هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا کاریگەری خراپی لەسەر منداڵ هەیە، ئەوان لە ژێر بەرپرسیارێتییەکی گەورەدان کە بەرگەی ناگرن، خەونەکانیان لەناوچوون بەم شێوەیە تاکێک دروست دەکەن کە ناتوانێت بەشداری لە کۆمەڵگەدا بکەن.
حادە خەیراوی، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لێکۆڵینەوە بە بەشداری هەموو کەرتە کۆمەڵایەتییەکان بکرێت بۆ کەمکردنەوەی هاوسەرگیری لە تەەمنی زووداو داوای کرد مادەکانی ٢٠ و ٢١ و ٢٢ی یاسای خێزان کە ڕەوایەتی بەو جۆرە هاوسەرگیرییە دەدەن لاببرێن، وتیشی: پێویستە سەرجەم ژێرخانی خوێندنگەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دابین بکرێت بۆ ئەوەی منداڵان بتوانن بچنە خوێندنگەکان بەتایبەتی لە گوندەکان، هەروەها گرنگە خێزان و ڕاگەیاندنەکان بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.
"پێویستە کۆمەڵگە لەبارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا بزانێت"
شەیما ئەبلەق، پسپۆڕی دەرووناس لە کۆمەڵەی خەبات بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون کە ئەندامی هاوپەیمانییەکە ڕایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگە کاریگەرییە نەرێنییەکانی هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا بزانێت چونکە ئەو هاوسەرگیری کەسانێک ئەنجامی دەدەن کە هێشتا گەشەی دەروونی و جەستەیی خۆیان تەواو نەکردووە.
ئاماژەی بەوەدا،مافی خوێندن لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە لە منداڵ دەسەندرێتەوە و وتی: زۆرێک لە منداڵەکان لە کاتی منداڵبووندا گیان لەدەستدەدەن، ئەو منداڵانەی کە تووشی توندوتیژی سێکسی دەبنەوە، ڕووبەڕووی نەخۆشی و فشاری دەروونی دەبنەوە، هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا کاریگەری خراپی هەیە و دەرئەنجامەکانی نەک تەنها لەسەر منداڵان، بەڵکو لەسەر کۆمەڵگەش هەیە.
لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ژنانی گەنج لە مافی خوێندن بێبەش بکرێن، ئەوانیش لە دەرفەتی سوودگەیاندن بە کۆمەڵگە بێبەش دەکرێن و وتی: داوا دەکەین هەموو ئەو ماددانە لە یاسای خێزان کە ڕێگە بە هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا دەدات لاببرێن، پێویستە هاوسەرگیری لەم شێوەیە بە تاوان هەژمار بکرێت و هەموو ئەوانەی بەشدارن لەم هاوسەرگیرییانەدا دادگایی بکرێن.