"گەل ناتوانێت پشت بە پەرلەمانێک ببەستێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنی پەرلەمانتارانەوە تێپەڕاندن بۆ یاساکان بکات"

کاردانەوە بۆ هەموواری یاسای باری کەسێتی ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی، لە پەرلەمانی عێراق بەردەوامەو ڕووبار مەجید مامۆستای زانکۆ دەڵێت: گەل ناتوانێت پشت بە پەرلەمانێک ببەستێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنی پەرلەمانتارانەوە تێپەڕاندن بۆ یاساکان بکات.

 

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ دیاریکردنی یاسای باری کەسی لە ٩ی ئابی ٢٠٢٤دا خرایەڕوو، تا لە پەرلەمانی عێراقدا هەمواری یاسای باری کەسێتی ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی خوێندنەوەی بۆ ئەنجام بدرێت، بەهۆکاری جیاوازی مەزهەبی لە پەرلەمانی عێراقدا لەدوای چەندجار خوێندنەوە بۆ یاساکە، لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە، هەموواری یاساکە زیان بە تەواوی کۆمەڵگەی عێراقی و لە ناویاندا ژنان و منداڵان دەگەیەنێت، تەواوی یاساکانی جیهان باس لە یەکسانی و بەدەستهێنانی مافەکانی مرۆڤ دەکات، بەڵام هەموواری یاسای باری کەسی لەسەر جیاوازی مەزهەبەکان، دەبێتە هۆی جیاوازی لە نێوان مافەکانی مرۆڤدا، یاساکان دەگەڕێنێتەوە بۆ مەزهەب گەرایی، لێرەدا ژنان دەخەنە ژێر ڕکێفی پیاوسالارییەوە، لە یاساکەدا مەزهەبی شیعە باڵادەست دەکات، کە تێیدا ڕێگە دەدەن منداڵێک پێش تەمەنی پێگەیشتن هاوسەرگیری پێبکات، هەبوونی یاساکان ژیانی منداڵان و ژنان دەخاتە مەترسییەوە، کاتێک ڕێگری لە یاساکە دەکرێت لە ڕێگەی ڕێکاری یاساییەوە ڕێکارت لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر، کە دەبێتە هۆکاری کێشەی کۆمەڵایەتی لە تەواوی چین و توێژەکان.

 

"کەسانێک لە پەرلەمان فەرمانڕەوای گەل دەکەن، توانای داکۆکیکردن لە مافەکانیان نییە"

ڕووبار مەجید، مامۆستای زانکۆ ئاماژەی بەوەکرد، هەموواری یاسای باری کەسی دەبێتە هۆکاری تێکچوونی چینەکانی کۆمەڵگەی عێراقی، کە تێیدا لەسەر مەزهەبی شیعە ژنان بێبەش دەکات لە چەندین ماف کە لە مافەکانی ژیانکردنی مرۆڤدا جێبەجێ کراوە، وتی: هەموواری یاسای باری کەسی لە پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران، بۆ سەندنەوەی مافی ژنان و منداڵان و جینۆسایدکردنیان بڕیاری لەسەر درا، کە تێیدا منداڵان و لە پێش تەمەنی گەورەبوونەوە ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت، ژنان بە گوێرەی مەزهەبی پیاوان بڕیار لەسەر ژیانکردنیان دەدرێت، لە یاساکەدا بڕگەی پێنجی ماددەی ١٠ هەڵدەوەشێنێتەوە، کە هەبوونی یاسای باری کەسێتی کێشەی کۆمەڵایەتی و ڕێژەی کوشتنی ژنان و تودوتیژیەکان بەرەو زیادبوون دەبات، پێویستە لە ڕێگەی چالاکوانان و هاوڵاتیانەوە هەوڵی ڕێگریکردن بدەین، لە هەرێمی کوردستاندا دەبێت ئەو یاسایە جێبەجێ نەکرێت.

 

 

ڕووبار مەجید باسی لەوەکرد، تێپەڕاندنی یاسای باری کەسی لەگەڵ دوو لە یاساکانی دیکە لە پەرلەمانی عێراقدا جۆرێک لە ڕێکەوتنی سیاسیی دەبیندرێت، وتی: بڕیاردان بۆ هەموواری یاسای باری کەسێتی بە ڕێککەوتنی پەرلەمانتارانی و کورد و لایەنەکانی دیکە ئەنجامدراوە، ڕێککەوتن لەسەر ژیانی ژنان و منداڵان کراوە، پەرلەمانتارانی کورد بۆ سەندنەوەی زەویەکان هەوڵی جینۆسایدکردنی ژنان دەدەن، کەسانێک دەچنە پەرلەمان ناتوانن نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەل بن، بۆیە ئەم حاڵەتانەی لێ دەکەوێتەوە،  تێپەڕاندنی ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی کوتلە شیعەکان دەبێت، بەهۆی زۆری شیعەکان لە پەرلەمان و بەرژەوەندی ژێربەژێریان لە پەرلەماندا ئەم یاسایە تێدەپەڕێندرێت، ڕاستە هەبوونی یاساکە سەرپشکت دەکات لە بەکارهێنانی یاسا و مەزهەبەکاندا، بەڵام لە عێراقدا زۆرێک لە مەزهەبەکان بونیان هەیە، کاتێک کە مەزهەبەکان بونیان هەبێت دواکەوتوویی بیرکردنەوەیان دەیانگەڕێنێتەوە بۆ بەکارێنانی مەزاهیبەکان، بڕیاردان بە ڕێککەوتن لە پەرلەماندا هۆکارە بۆ نەبوونی پەرلەمانێک کە بتواندرێت گەل پشتی پێببەستێت، یاساکان بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیەکانی هاوڵاتیانە، ناتواندرێت پەرلەمان بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانیان کار بە یاساکان بکەن، هەموواری یاساکە ژیانی منداڵان و ژنانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەخاتە ژێر مەترسییەوە.

 

"یاساکە بەبێگەڕانەوە بۆ هۆشیاری تاک بڕیار دەدات"

ڕووبار مەجید جەختی لەوەکردەوە، چۆن ئەنجامدانی فرە ژنی لە هەرێمی کوردستان لە دوای بڕیاری عێراق بووە دیاردە و هاوڵاتیان سەردانی خوارووی عێراقیان دەکرد، هەموواری یاسای باری کەسێتیش دەبێتە دیاردەیەک پیاوان بۆ جێبەجێکردنی لە بەرژەوەندی خۆیان ڕوو لە خوارووی عێراق بکەن و وتی: لەبەر هەبوونی نفوسی عێراقی و بەستنەوەمان بە عێراقەوە، دەبێتە هۆکاری ئەنجامدانی یاساکە لە هەرێمی کوردستاندا، هەموواری یاساکە منداڵان لە خوێندن و ژیانکردنی ئاسایان دووردەخاتەوە، لە کاتێکدا ئەمانە دوورن لە مافەکانی مرۆڤ و منداڵان، کە پێچەوانەی یاسا دەستووریەکانە کە مرۆڤەکان هەموو یەکسانن لەبەردەم یاسادا، لەم ڕێگەیەوە دەتواندرێت هەوڵ بۆ ڕێگریکردن لە یاساکە بکرێت، ئەم هەموواری یاسایە لەگەڵ پێشکەوتنی ئێستای مرۆڤایەتیدا یەکناگرێتەوە، پێویستە لە ڕێگەی چالاکی و هۆشیارکردنەوەوە ڕێگری لێ بکرێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕووبار مەجید ئاماژەی بەوەشدا، لە دادگادا ناگەڕێنەوە بۆ هۆشیاری ژنان بەڵکوو بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەلدا دەکرێت، وتیشی: یاساکان بەسەر مرۆڤەکاندا جێبەجێ دەکرێت، ناڵێن ئەمە هۆشیاری لەبارەیەوە هەبێت یاخود نا، بۆیە ئێمە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە پێویستە هۆشیاری بدرێتە ژنان و تەواوی کۆمەڵگە، کۆڕوو سیمینارەکان فراوانتر بکرێن، لە ڕێگەی خوێندنگەکانەوە هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی منداڵان و خێزانەکانیان بدەن، چالاکوانان و پەرلەمانتاران و تەواوی چینوتوێژەکان هەوڵ بۆ وەستاندنی یاسای باری کەسی بدەن.