فرە ژنی، پێشێلکردنی مافی ژنان و سەپاندنی دەسەڵاتداری پیاوان

لە پشت دەقی ئاینی ئیسلامەوە پیاوان حەز و ئارەزووەکانیان بۆ ئەنجامدانی فرە ژنی شاردووەتەوە، فرە ژنی بە قازانجی پیاوان ئەنجام دەدرێت و تیایدا ژن مافی پێشێل دەکرێت، تەنانەت بەشێک لە دادگاکان دوور لە یاسا، فرە ژنی بۆ پیاوان ئەنجام دەدەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- پیاوان لە پێدانی ماف بە خۆیان سنورێکیان دانەناوە، یەکێک لەو مافانەی پیاو بە خۆی دەدات ئەنجامدانی فرە ژنییە، بێگوومان ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە سەرچاوەی خۆی لە ئاینی ئیسلامەوە دەگرێت و تەنانەت ڕێکاریشی بۆ داناوە. بەم شێوەیە پەرە بە جیهانی حەز و ئارەزووەکانی تێرکردنی پیاو دەدرێت. پیاوانیش بە ناوی ئیسلامەوە پاساو بۆ رەواکردن و هێشتنەوەی فرە ژنی دێننەوە و بەم شێوەیەش بەربەرستن لە بنبڕکردنی دیاردەی فرە ژنی.

 

گومانی تێدانییە پیاوان لەپێناو بەرژەوەندی و حەز و ئارەزووەکانیان ئەم دەقە ئایەتە زەق دەکەنەوە، وەک چەکێک دژی ژنان بەکاریدەهێنن، هەندێکیان ژنانی پێدەترسێنن بۆ ئەوەی بکەونە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە، زۆرینەی ئەو پیاوانەی فرە ژنی ئەنجامدەدەن پەنادەبەنە بەر ژنی گەنج، ئەمەش دەیسەلمێنێت لە ژێربوونی مەرجێک ژن ناهێنن بەڵکو بۆ ئارەزووەکانیانە، لە کۆی پرۆسەی فرە ژنیدا، ئەوەی تەوق دەکرێت، ژنانن، بەو پێیەی دەسەڵات دەدرێتە پیاوان کە توانای بەڕێوەبردن و بوونە خاوەنی چوار ژنی هەیە، ئەمەش بە واتای کۆیلەکردن و هێشتنەوەی ژن دێت لە چوارچێوەی ماڵدا و زیادکردنی هەژماریان دێت، ئەگەر چی نەریتێکە بەڵام لە دژی ژنانە، لە یاسا و ئاینی ئیسلامدا هاتووە کە مەرج و سزا بۆ فرە ژنی هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە لەو پیاوانەی بە دزییەوە یاخود بە ئاشکرا و بە بێ ڕەزامەندی و مەرج فرە ژنییان ئەنجامداوە، کامیان سزاکەیان دراون و مافی کام ژنە و ئازادی کام ژنە لە پرۆسەی فرە ژنیدا بەرجەستەکراوە، دوور لە هێشتنەوەیان لەناو چوارچێوەی ماڵدا و بێدەنگکردنیان بەو هۆکارانەی کراونەتە مەرجی پێکهێنانی فرەژنی.

 

"لە دادگاکان فرە ژنی زۆرترین کێشەی لە سەرە"

ڕۆژگار ئیبراهیم، پارێزەر لە دادگای سلێمانی، باسی لەوەکرد، فرە ژنی لە ئێستادا بووەتە یەکێک لەو باسانەی کە هۆکارە بۆ دروستبوونی زۆرترین کێشە لەناو خێزانەکاندا، بەپێی ئاینی ئیسلام و یاسا هێنانی لە ژنێک زیاتر کارێکی ڕەهایە، بەڵام نەک بەو شێوەیەی هەر پیاوێک بێ بوونی هۆکارێک بیەوێت ژنێک بهێنێت، دادپەروەری یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی فرە ژنی بەڵام جگە لەم مەرجە کۆمەڵێک مەرجی دیکە هەن لە بوونیاندا پیاو دەتوانێت فرە ژنی ئەنجام بدات.

 

حاڵەتەکانی دیکە وەک نەزۆکی ژن بە مەرجێک بە لیژنەی پزیشکی بیسەلمێنێت ماوەی ١٠ ساڵە منداڵی نەبووە، هەروەها بوونی نەخۆشی گوێزراوە لە ژندا، ئەگەری باشبوونەوەی لە نەخۆشییەکە نەبێت، یاخود لە ڕووی ڕەوشتییەوە کەموکورتی هەبێت مەرجی فرە ژنین، لە بوونی هەر حاڵەتێکدا هێنانی ژنی دووەم دەبێت بە ڕەزامەندی ژنی یەکەم بێت.

 

فرە ژنی سزای لەسەرە و تا ئێستا دوور لە یاسا فرەژنی ئەنجام دەدرێت

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەدا، بە پێی بڕگەی ٥ لە ماددەی ٤٠ لە یاسای باری کەسێتیدا هاتووە ژن لەو کاتەی هاوژینەکەی ژنی دووەم دەهێنێت دەتوانێت تا سێ مانگ سکاڵا تۆمار بکات و داوای جیابوونەوە بکات، لە بڕگەی ٣ی هەمان ماددەدا هاتووە ئەگەر پیاو لە دەرەوەی دادگا یاخود لە ناو دادگا ژنی دووەم بهێنێت بە بێ ڕەزامەندی ژنی یەکەم سزای لەسەرە کە بریتییە لە زیندان و پێدانی سەرپێچی دارایی کە بڕەکەی ١٠ ملیۆن دیناری عێراقییە.

 

"لە سەرجەم دادگاکاندا کێشەی فرە ژنی هەیە، بە تایبەت لە دادگاکانی کەرکوک و خانەقین کە ڕێژەیەکی زۆریان بە بڕە پارەیەک ئەم کارە ئەنجامدەدەن، چونکە پیاو بە گشتی و لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە تایبەت ژنی دووەم و ئەوانی دیکە بۆ پێویستی ناهێنێت، بەڵکو بۆ حەز دەیهێنێت، مافی تەواویش دەدەن بە خۆیان و دەڵێن "ئاینی ئیسلام ڕێگەی داوە بۆیە دەیهێنین" وە زیاتر ئەو ژنانەی کە دەیهێنن کورد نین، بەڵکو لە نەتەوەی عەرەب و فارسن".

 

"تەواوی یاساکانی هەرێمی کوردستان کەموکورتیان هەیە و لەلایەن پیاوانی سەردەستەوە داڕێژراون

ڕۆژگار ئیبراهیم باسی لەوەشکرد، کاتێک پیاوێک خاوەنی ژنی خۆیەتی، بەڵام بچێت ژنی دووەم بهێنێت بێ ئەوەی ژنی دووەم ئاگاداری ژنی یەکەم بێت، لەو کاتەدا پیاوەکە دوو سزا وەردەگرێت، لە بەرامبەر شاردنەوەی ژن هێنانەکەی سزای زیندان و پێدانی سەرپێچی دارایی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، لە بەرامبەر شاردنەوەی ژنی یەکەم لە دووەم سزای هەڵخەڵاتاندنی بەسەردا جێبەجێدەکرێت.

 

ڕۆژگار ئیبراهیم، ڕوونیکردەوە یاساکانی هەرێمی کوردستان بە یاسای باری کەسێتییەوە بۆ ئەم سەردەمە کەموکورتی هەیە و پێویستیان بە هەمووارکردنەوەیە، دەڵێت: ئەگەر نمونەی فرە ژنی بهێنینەوە ساڵانی ڕابردوو فرە ژنی ئاسای بوو لە کۆمەڵگەدا، چونکە پیاوان دەسەڵاتدارتر بوون، بەڵام ئێستا ژنان هۆشیارن و بە ڕوویاندا دەوەستن بۆیە یاساکە کەموکورتی هەیە".

 

بە پێویستی دەزانێت بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی فرە ژنی پیاوان لە ڕاستی بابەتەکە بکۆڵنەوە و تێبگەن لەوەی فرە ژنی یاسای تایبەتی خۆی هەیە، هەروەها پێویستە لە دادگاکانی دەرەوەی سلێمانی یاساکان جێبەجێبکرێت، جێبەجێکردنی یاساکانیش بۆ هەموو دادگاکان بە یەک جۆر بێت و مافی ژن لەبەرچاو بگیرێت.

 

 

لە هیچ فەرموودە و ئایەتێکدا هانی فرە ژنی نەدراوە

ئامینە سدیق، مامۆستای زمانی عەرەبی و نووسەر لە بواری تەفسیری قورعان، دەربارەی فرە ژنی ڕوونیکردەوە، کە لە هەموو ئیسلامدا و لە قورعاندا تەنها بە نیو ئایەت لە سورەتی "نیساء" باسی فرە ژنی کراوە، لە هیچ فەرموودە و ئایەتێکیشدا نییە هانی فرە ژنی درابێت، لە ئاینی ئیسلام فرە ژنی بنچینە نییە، بەڵکو تاک ژنی بنچینەیە، لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا، ئایندار و بێ ئاین، لە مێژووە تا ئێستا دیاردەی فرە ژنی هەبووە، جا بە حاڵاڵی بێت یاخود حەرامی، لە ئاینی ئیسلامیشدا باس کراوە کە پیاوان ئارەزووی هێنانی ژنێک زیاتریان هەیە، بەڵام وتراویشە کە نابێت پیاوان خۆیان بدەن بەدەست حەز و ئارەزووەکانیەوە.

 

لە کۆمەڵگەدا خیانەت هەیە و هۆکارەکەی ئارەزووی پیاوانە

ئامینە سدیق، ئاماژەی بەوەدا زۆرینەی کۆمەڵگە لە ئێستادا بە دەست دیاردەی خیانەتەوە دەناڵێنن، هۆکاری سەرەکیش ئارەزووەکانی پیاوانن، بەڵام خوا ئەم فرە ژنیەی حەڵاڵ کردووە بە کۆمەڵێک مەرج بۆ ئەوەی ژنان دەستخەڕۆ نەکرێن و مافیان نەخورێت، سەرەکیترین مەرج کە دانراوە لە قورعاندا بریتییە لە دادپەروەری، دادپەروەریش بەو شێوەیە نا کە لەناو خەڵکیدا باوە، چونکە ئەو تەفسیرکردنە ڕاستی نییە و خەڵکی خۆی بەو جۆرە تەفسیری کردووە.

 

"لە ئیسلامدا ئەوەی بنچینەیە بۆ هاوسەرگیری کردن، ماددە، سۆز و ئارامی دەروونیە، واتە پێویستە ژن لە ماڵەکەیدا ئارامی دەروونی هەبێت، نەک وەک ئێستا بۆ هێنانی ژنی دووەم ماڵە لە ژنی یەکەم تێک دەدات، منداڵ پشتگوێ دەخات، پیاو هەیە پارەی نییە خێزانی خۆی بەخێو بکات داوای ژنی دووەم دەکات".

 

"لە ئاینی ئیسلام نەهی لە حەز و ئارەزوو کراوە"

ئەو مامۆستایە ڕوونیکردەوە کە هیچ ژنێک نییە بە دڵ ڕازیبێت بۆ هێنانی ژنێکی دیکە بۆ هاوژینەکەی، بەڵام ئەوەی ئیسلام ڕێگای پێداوە حاڵەتی ناچارییە، وتی "لە نەبوونی هیچ کەموکورتییەک کاتێک پیاوێک فرە ژنی دەکات ئەو پیاوە زاڵمە، بە تایبەت ئەگەر دادپەروەر نەبێت"، ڕوونیکردەوە لە ئاینی ئیسلامدا نەهی لە حەز و ئارەزوو کراوە، "لە کۆمەڵگەی کوردیدا نموونەی جوا پیشان نادرێن، هەمیشە نمونە ناشرینەکان زەق دەکرێنەوە کاتێک ئەم نمونانە دەبنە پێشڕەوی بابەتەکە خەڵکی بەو ناشرینیە دوایدەکەوێت و دواجار ڕاستی بابەتەکە ون دەبێت، هاوڵاتیان بە هەڵە لە بابەتەکە تێدەگەن، چونکە خەڵکی ئێمە فێر نییە بە دوای ڕاستی بابەتەکە بگەڕێت تەنها ئەو دەقە ئایەتەیان لەسەر زارە کە پیاو مافی هەیە چوار ژن بهێنێت، بێ ئەوەی هیچ مەرجێکی بخاتە ڕوو، ئارەزووی خۆیان شاردۆتەوە لە پشتی ئەو دەقە ئایەتەوە".

 

نابێت فرە ژنی بۆ سودی پیاوان بەکاربهێنرێت

لە بارەی سزای نادادپەروەری لە ئاینی ئیسلام لە نێوان چەند ژنێکدا، ئامینە سدیق ڕوونیکردەوە و وتی: "کاتێک پیاوێک فرە ژنی ئەنجام دەدات و نادادپەروەردە، سزای ئەم تاوانە بریتییە لەوەی ئەو پیاوە لە ڕۆژی دواییدا وەک کەسێکی شەلەل دەیهێننە بەردەم خوا، لە کردەوە چاکەکانی دەخاتە سەر ئەو ژنەی زوڵمی لێکردووە، بۆیە پێویستە پیاو ئەگەر ئایندار بێت زۆر گرنگی نەدات بە فرە ژنی و زیاتر گرنگی بە خێزانی خۆی دەدات".

 

لە کۆتایدا بە پێویستیشی دەزانێت هاوڵاتیان دەربارەی فرە ژنی هۆشیاربن و بەدواداچوونیان هەبێت بۆ ڕاستی بابەتەکە، هەروەها ڕاگەیاندن ڕۆڵی گرنگ ببینێت لە دەرخستنی ڕاستییەکان.