ژنان دژی یاساکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقن
حکومەتی عێراقی هێندەی گرنگی بەو پرسانە دەدات کە دژی پێشێلکردنی مافەکانی ژنانە، هێندە گرنگی بە چاکسازی دۆخی هاوڵاتیان نادات، بەرامبەر بەوە ژنانی باشووری کوردستان دژی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقن.
شنیار بایز
سلێمانی- لەناو جەنجاڵی دۆخی سیاسی و کێشە یەک لە دوایەکەکانی حکومەتی عێراق و بوونی چەندین هێرش و داگیرکاری بۆسەر ناوچەکانی سنوری عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، هێندەی بۆی گرنگە پرسی ژن و هێنانی ژنی دووەم و هتد... زیندوو بکاتەوە، هێندە بۆی گرنگ نییە کێشەکانی حکومەت و هاوڵاتییەکانی چارەسەر بکات.
٣٠ی تشرینی دووەم، دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەى ماددەى ١٨ی یاساى بارى کەسێتى لە هەرێمی کوردستان و بە "نادەستوری" لە قەڵەمیدا، کە بەمشێوەیەیە، "لە ماددەی ١٨ لە یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ (یاسای باری كەسێتیی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەمواركراو) لە هەرێمی کوردستان، تێیدا كاركردنی بە بڕگەی پێنجەم لە ماددەی ٤٠ی هەمان یاسای عێراقی ڕاگرتووە و لە جێگەیدا بڕگەكەی بەم شێوەیە داڕشتووەتەوە: (ئەگەر هاوسەر (پیاو) ژنی دووەمی هێنا، ژنی یەكەم مافی هەیە داوای جیابوونەوە بكات)"، بەڵام بە پێی یاسا عێراقییەکە "ئەگەر مێرد ژنێکی دیکەی هێنا، ژنی یەکەم مافی جیابوونەوەی نییە".
"یاساکەی عێراق ڕەت دەکەینەوە"
نازەنین فەرەج، ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و دەربارەی یاساکەی عێراق و نەبوونی مافی ژن لە داواکردنی جیابوونەوە لە هاوژینەکانیان، لە کاتێکدا ژنی دووەم دەهێنن ڕوونیکردەوە، ئەو یاسایە بەتەواوەتی پێشێلکردنی مافی تاکە، چونکە چۆن بە یاسا ماف دەدرێتە پیاوان ژنی دووەم بهێنن، بە هەمان شێوەش پێویستە ماف بدرێتە ژنان کە داوای جیابوونەوە بکەن، دواجار وەک تاکێک ئازادە و مافی هەیە.
باسی لەوەکرد، ئەم یاسایە سەرتاپای هەڵەیە، بۆیە نەک تەنها لە کوردستان پەیڕەو ناکرێت و ژنان قبوڵی ناکەن، بەڵکو لە عێراقیشدا سەرناگرێت و هەڵدەوەشێتەوە، وتیشی: لە هەرێمی کوردستاندا ژنان هۆشیارتر و بوێرانەترن، بۆیە هەرگیز ملکەچی یاسایەکی لەو شێوەیە نابن بۆیە پەیڕەو ناکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە حکومەتی عێراقیدا بەهۆی ئەوەی بەناو ئیسلامەکان ئاینی ئیسلام بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بۆیە زیاتر گرنگی بەو بابەتانە دەدرێت و دەکرێنە یاسا، "لە پاش شەڕی ئێران و عێراق بەهۆی شەهیدکردنی بەشی زۆری پیاوەکان و مانەوەی ژنان، پێیانوایە ژنان زۆرن لە کۆمەڵگەکەیاندا و دەبێت هەر پیاوێک چەند ژنێکی بەرکەوێت"، لە کۆتاییدا داوا لە ژنانی باشوور و چالاکوانان دەکات هەڵوێستە وەربگرن و بە ڕووی ئەو یاسایەدا بووەستنەوە.
"ئەم جۆرە یاسایانە بچوککردنەوەی ڕۆڵی ژنانە لە کۆمەڵگەدا"
سنور ڕەشید، وەک ژنێک ئاماژەی بەوەکرد بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو یاسایەدا نییە، بۆیە داوا لە تەواوی ژنان دەکات لەوکاتەی هاوژینەکانیان ژنی دووەم دەهێنن، ڕاستەوخۆ داوای جیابوونەوە بکەن، یاخود دژی ئەو بڕیارە بوەستنەوە، تەنانەت ئەگەر یاساش پاڵپشتی پیاوان بێت، نابێت ژنان بکەونە ژێر کاریگەرییەوە، بگرە پێویستە دژی یاساکان بووەستنەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: حکومەتی عێراق بەهۆی بوونی مەزهەبی جیاواز زیاتر گرنگی بەو بابەتانە دەدات، ئامانجیانە هاوڵاتیان سەرقاڵ بکەن بە بابەتی لەو شێوەیە بۆ ئەوەی بێ ئاگابن لە ڕەوشی ژیانیان، ئاگاداری دۆخی وڵاتەکەیان نەبن، پێویستە ڕۆژ بە ڕۆژ ئێمە هەوڵی پێشکەوتن بدەین، بەڵام بەم بڕیارانە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا بچوک دەکرێتەوە، نابێت تەنها بە قسە دژی بوەستینەوە، بەڵکو دەبێت ژنان کاردانەوەیان بە کردار هەبێت.
"یاساکەی عێراق دەبێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی"
تارا جەمال، هاوڵاتییەکە و داوا دەکات حکومەتی عێراق چاو بخشێنێتەوە بەو یاسایەدا، چونکە پێیوایە بە تەواوەتی پێشێلکردنی مافی ژنانە، وتیشی: جیهان لە ئێستادا بانگەشە بۆ دیموکراسی و ئازادی دەکات، بۆیە پێویستە ئازادی بکرێتە کرداری و لە چوارچێوەی قسەدا نەمێنێتەوە، ئەم یاسایە مەترسی زیاتر بۆ سەر هەرێمی کوردستان دروستدەکات و دەبێتە هۆکارێک بۆ تێکدانی خێزانەکانی کۆمەڵگەی کوردی، چونکە پیاوان لەم کۆمەڵگەیەدا ئەقڵیەتێکی پیاوسالاریان هەیە و زیاتر بۆیان گرنگە ژنی دووەم و سێهەم بهێنن، ئەم یاسایەش ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆیان. هەروەها ڕێگە بۆ پیاوانی هەرێمی کوردستان خۆشدەکات بۆ ئەوەی بچن لەو ناوچانەدا ژن بهێنن، کە ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە، لەوکاتەدا مافی ژنان بە تەواوەتی پێشێلدەکرێت و توندوتیژییەکان زیاد دەبن.