دابەشکردنی میرات، بنپێکردنی مافی ژن بە ناوی باوەڕییەوە

دابەشکردنی میراتی لە پاش مردنی کەسێک بە پێی ئاینی ئیسلام وەرگیراوە و بە یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا دابەشدەکرێت، بەڵام لە ئێستادا کە مافی ژنان دەخورێت و لە کایەی جیاواز دووردەخرێتەوە، لە پێدانی میراتیشدا دووجار مافیان دەخورێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دابەشکردنی میرات بە شێوەیەکی گشتی بووتە هۆکار بۆ دروستبوونی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان خێزانەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، لە هەندێک خێزاندا مافی ژنان لە ڕووی وەرگرتنی میراتەوە نادرێت، یاخود بەشێکی کەم دەدرێت، بەشێک لەو خێزانانە لە ژێر ناوی ئاینی ئیسلامدا میرات دابەش دەکەن و لەژێر ناوی "لە ئیسلامدا پیاوان دوو بەش بە بەشێکی ژنان وەردەگرن" مافی ژن پێشێل دەکەن، لە کاتێکدا جێبەجێکردنی ئەو بنەمایە یاسا و ڕێکاری تایبەت بە خۆی هەیە.

 

لە ڕووی یاساییەوە گوڵان بەختیار، پارێزەر، باس لە دابەشکردنی میرات و کێشەکانی ناو خێزان دەکات و دەڵێت "ئەو یاسایانەی دادگا کاری پێدەکات لە ئاینی ئیسلامەوە سەرچاوەیی گرتووە و لەسەر ئەو بنەمایە میراتی دابەشدەکرێت".

 

"مەرجە ئەو کەسەی میراتی لێوەردەگیرێت بمرێت"

بەپێی ماددەی ٨٨ی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەموارکراو تیایدا هاتووە، میرات لێگیراو ئەو کەسەیە کە دەمرێت و میرات دەدات بە میراتگر جگە لەمە جێماوە هەیە کە ماف و سامانی کەسی میراتلێگیراو دەبات.

 

کاتێک میراتی کەسێک دابەشدەکرێت پێویستە ئەو کەسە بمرێت لە ڕێگای سروشتییەوە بمرێت یاخود بە پێی یاسا بیمرێنیت، بۆ نمونە کەسێک دیار نەماوە و پێویستەکات میراتی ئەو کەسە دابەشبکرێت ئەبێت لە دادگاوە و بە شێوەیەکی یاسای بیمرێنیت، گوڵان بەختیار ئاماژەی بەوەدا، کاتێک کەسەکە دەمرێت ژن بێت یاخود پیاو چی بەناویەوە بێت پێویستە ببێتە میراتی و پێویستە بڕی پارەی دابینکراو بۆ پرسەکەی لە میراتەکە دەربکرێت وەک مافێک بۆ مردووەکە، دواتر پێویستە بزانن کەسی مردوو قەرزدارە یاخود نا، ئەگەر قەرزدار بوو پێویستە لەو کەسەی قەرزی لێکردووە پەیوەندیان هەبێت و بزانن ئایا لێی خۆشدەبن یاخود قەرزەکانیان دەوێتەوە.

 

حاڵەتی سێهەم هەبوونی وەسیەتە، دەکرێت ئەو کەسەی میراتی لێوەردەگیرێت بەر لە مردنی وەسیەتی کردبێت بۆ دابەشکردنی ماڵەکەی بەمەش تەنها دەتوانێت یەک لەسەر سێی میراتەکەی بکاتە وەسیەت و بە شێوازێکی یاسای ئەنجامی بدات، وە ئەگەر لەو بڕە زیاتر بوو پێویستە میراتگرەکانی دیکە ڕازیبن.

 

بە چەند هۆکار میراتی دەبرێت؟

بە دوو هۆکار میراتی دەبرێت، لە ڕێی گرێبەستی هاوسەرگیرییەوە یاخود خزمایەتی. مەبەست لە گرێبەستی هاوسەرگیری ئەوەیە کە هاوسەرگیرییەکە بە پێی شەرع و یاسا ئەنجام درابێت و گرێبەست هەبێت، گوڵان بەختیار وتی "هەندێک کات پیاو لە دەرەوەی یاسا ژن مارە دەکات بەم شێوەیە ژنەکە میراتی وەرناگرێت و پێویست دەکات سکاڵای یاسای تۆمار بکات و بیسەلمێنێ کە هاوژینی پیاوەکەیە بۆ ئەوەی میرات ببات"، هەروەها بردنی میراتی بە ڕێگەی خزمایەتی ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە لە نێوان کەسی میرات لێگیرا و کەسی میراتگر پەیوەندی خوێنی هەبێت وەک "خاڵ، مام، خوشک، برا داپیر...".

 

دەربارەی دابەشکردنی میرات لەوکاتەی سامانەکە بە ناوی ژنەوەیە وتی: کاتێک ماڵ و موڵک بە ناوی ژنەوەیە و دەمرێت پیاوەکە میراتی لێدەبات بە بڕی یەک لەسەر چوار، بەڵام زیاتر دەبات لە منداڵ و خزمەکانی ژنەکەی، کاتێک منداڵیان نەبێت و تەنها ژن و پیاوێک بن پیاوەکە نیوەی میراتییەکە دەبات و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ خزمەکانیەتی.

 

"تەنها لە دابەشنامەی یاسایدا کە تایبەتە بە زەوی کشتوکاڵ ژن و پیاو وەک یەک میرات دەبەن"

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەدا هەموو ئەو یاسایانەی لە دادگاکاندا کاریان پێدەکرێت لە ئاینی ئیسلامەوە سەرچاوەیان گرتووە وە بە پێی دەستور ناتوانرێت یاساکان لە ئاین لاببرێت "ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی و پیاوسالاریدا دەژین و یاساکان بەو پێیە دانراون"، خستیەڕوو کە تەنها لە دابەشنامەی یاسایدا کە لە دادگای بەرایی دەردەچێت و تایبەتە بە زەوی کشتوکاڵی تیایدا ژن و پیاو وەک یەک میراتی وەردەگرێت، وە لە دابەشنامەی شەرعیدا دوو بەش بە بەشێکە.

 

ژن لە چەندین حاڵەتدا میرات لە هاوژینەکەی نابات بۆ نمونە کاتێک ژنێک ئاینەکەی ئیسلامی نەبێت و هاوژینەکەی لەسەر ئاینی ئیسلام بێت، ژنەکە میراتی نابات تا نەبێتە ئیسلام، یاخود کاتێک ژنێک پیاوێک دەکوژێت بە مەبەست بێت یاخود نا میراتی نابات، حاڵەتی دیکەش هەن کە ژن تیایدا میرات دەبات بۆ نمونە ژنێک لە هاوژینەکەی جیادەبێتەوە بەڵام سێ مانگ بەسەر جیابوونەوەکەدا نەڕۆیشتووە، لەم کاتەدا پیاوەکە بمرێت ژنەکە میراتی دەبات بەڵام سێ مانگەکە تەواو ببێت و بمرێت ژنەکە میراتی نابات.

 

دادگاکان بە ڕێژەیەکی زۆر کێشەی دابەشکردنی میراتیان تێدایە

پارێزەر گوڵان بەختیار باس لە کێشەکانی دادگا دەکات لەسەر میراتی و دەڵێت هەندێک حاڵەت هەیە پیاو کە دەزانێت نەخۆشە و بەرەو مردن دەچێت، ژنەکەی تەڵاق دەدات بۆ ئەوەی میراتی نەکەوێت لەم کاتەدا ژنەکە دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات، ئەگەر بتوانێت بۆ دادگای بسەلمێنێت کە بە ئەنقەست تەڵاقدراوە ئەوە میراتی پێدەدرێت، لە ئێستادا کێشەکانی ناو خێزانەکان بە گشتی بوونەتە کێشەی ماددی و خێزانەکان کێشە لەسەر وەرگرتنی میراتی دروستدەکەن، زۆرترین کێشەی نێوان خوشک و برا لە نێو دادگاکاندا کێشەی وەرگرتنی میراتە، وە لەبەر ئەوەی پێویستە کەسی میرات لێگیراو یاساییانە بمرێنرێت پێویستە دابەشکردنەکە یاساییانە و لە ڕووی دادگاوە بکرێت.

 

گوڵان وتی حاڵەت هەیە کاتێک دێنە دادگا بۆ دابەشکردنی میرات لە دابەشکردنی شەرعیدا ناوی خوشک یاخود ژنەکەیان نەنووسیوە بۆ ئەوەی میرات نەبات ئەمەش پێی دەوترێت "کتم" واتە تاوان، لەم کاتەشدا ژنەکە دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات، لە ئێستادا ئەم حاڵەتە و چەندین حاڵەتی دیکە کە فێڵ لە ژنەکان دەکرێت بونیان هەیە بەو ئامانجەی ژن میراتی نەبات.

 

لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەشدا پیاوان بە ڕێگەی جیاواز مافی ژن و خوشکەکانیان پێشێل دەکەن لە پێدانی میراتدا، تا ئاستێک ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێن.

 

لە ڕووی ئاینی ئیسلامەوە میراتی چۆنە؟

نەرمین مستەفا، چالاکوان و دەرچووی کۆلێژی شەریعە، ئاماژەی بەوەدا ئاینی ئیسلام بەپێی پێگەی مرۆڤ میرات دابەش دەکات نەک لەسەر بنەمای ڕەگەزی، هەموو شتە گواستراو و نەگواستراوەکان ژنان پشکیان بەردەکەوێت تیایدا، مامۆستا نەرمین باسی لە حاڵەتەکانی وەرگرتنی میراتی کرد و وتی:

 

"لە چوار حاڵەتدا پیاوان زیاتر دەبەن لە ژنان، بۆ نمونە کاتێک پیاوێک دەمرێت و منداڵی کوڕ و کچی لە پاش بەجێدەمێنێت لەسەر بنەمای دوو بەش بە بەشێک میراتی وەردەگرن بەڵام لە دە حاڵەتی دیکەدا پیاوان و ژنان بە شێوەیەکی یەکسان میراتی دەبەن بۆ نمونە، کاتێک پیاوێک دەمرێت و دایک و باوکی پیاوەکە وەکو یەک بە ڕێژەی یەک لەسەر شەشی میراتی دەبەن، لە سی حاڵەتی دیکەدا ژن میراتی زیاتر دەبات لە پیاو وەک پیاوێک کە دەمرێت و کچێکی لە پاش بەجێدەمێنێت لەگەڵ دایک و باوکێک لەو کاتەدا کچەکەی نیوەی ماڵەکەی بەردەکەوێت بەڵام دایک و باوکەکە یەک لەسەر شەش دەبەن، لە دە حاڵەتی دیکەدا ژنان میراتی دەبەن و پیاوان هیچ میراتییەکیان بەرناکەوێت، بۆ نمونە کاتێک پیاوێک دەمرێت کچێکی لەدوا بەجێدەمێنێت لەگەڵ خوشکێک و برایەکیدا لەم کاتەدا کچەکەی نیوەی ماڵەکە دەبات و خوشکەکەی نیوەکەی تری بەڵام برای مردووەکە هیچ میراتییەک نابات"

 

"ژنان پێویستە خۆیان داوای مافی خۆیان بکەن"

مامۆستا نەرمین ئاماژەی بەوەدا پێویستە ژنان خۆیان هۆشیار بکەنەوە و بزانن بنچینەکانی دابەشکردنی میرات چۆنە بۆ ئەوەی مافیان نەخورێت بەڵام ژنان زۆرکات بەهۆی نەشارەزاییەوە یاخود شەرم و ناهۆشیاری بێ ئاگان لە مافی خۆیان، لەکاتێکدا ئاینی ئیسلام ڕێگای داوە ژنان پۆستی باڵا لە شوێنە جیاجیاکاندا وەربگرن و مافەکانیان بەدەست بهێنن.

 

کۆمەڵگە بە گشتی و پیاوان بە تایبەت لە ئاینی ئیسلام تێنەگەیشتوون بەکاریدەهێنن دژی ژنان

نەرمین مستەفا وتی: کاتێک پیاو لە ڕاستی ئەم دابەشکردنی میراتی تێنەگەیشتووە و وەک کلتور و نەریتێک بەکاریدەهێنێت و ژنەکەی یاخود خوشکەکەی وەک ئەو کار دەکات، لە هەمان کاتدا نەک هاوکاری ژنەکە ناکات، بەڵکو داهاتەکەشی لێدەسەنێت ئەمە زوڵمێکە لە ژنەکە دەکرێت و دواجار مافی دەخورێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەو پیاوە لە ئاین تێنەگەیشتووە و تەنها وەک کلتوورێک بەکاریدەهێنێت، کۆمەڵگەی ئێمە لەسەر بابەتی دوو بەش بە بەشێک تەنها ئەو بەشەی ئایەتەکەیان وەرگرتووە کە دەڵێت "پیاو مافی هەیە دوو ئەوەندەی ژن میراتی بەرێت" سەرەتای ئایەتەکەیان لابردووە و جێبەجێیان کردووە بەسەر هەموو حاڵەتەکاندا لەکاتێکدا هەموو حاڵەتەکان ناگرێتەوە.

 

هۆکاری زەقکردنەوەی ئەم دەقە ئاینییە دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتا پیاوان کە مافی ژنان پێشێل دەکەن، هەروەها بۆ ژنان خۆیان کە ئازادانە مافی خۆیان بەدەستناهێنن و زۆر کات شەرم دەکەن کە داوای مافەکانیان بکەن.

 

"لە میراتدا نابێت جیاوازی لە نێوان ژنانیشدا بکرێت"

کاتێک ژنێک ژیانی هاوژینی پێکهێنانێت یاخود نا، هیچ جیاوازییەکی نییە بۆ وەرگرتنی میرات چونکە ئەو دوو ژنە هەردووکیان منداڵی ئەو خێزانەن، نەرمین مستەفا ئاماژەی بەوەدا کاتێک ژنێک هاوژینەکەی دەمرێت و منداڵی نییە، یەک لەسەر چواری ماڵەكە دەبات، بۆ نمونە ئەگەر پیاوەکە چوار خانووی هەبێت دانەیەکیان بۆ ژنەکەیە، بەڵام ئەو ژنانەی منداڵیان هەیە یەک لەسەر هەشتی میراتەکە دەبات و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ منداڵەکانیەتی، حاڵەتی وا هەیە ژمارەی منداڵەکان زۆرن لەوکاتەدا یەک لەسەر هەشتی دایکەکە بڕەکەی زیاتر دەردەچێت بە بەراورد بە منداڵەکانی بە گشتی و منداڵە کوڕەکان بە تایبەت.

 

بۆ کەمکردنەوەی کێشەی میرات پێویستە چی بکرێت؟

پێویستە لە دابەشکردنی میراتدا دۆخی ژیانی کەس نەخوێندرێتەوە بۆ نمونە بوترێت فڵان منداڵ منداڵی نییە با بەشی کەمی پێبدرێت یاخود دۆخی دارایی باشترە کەمتری پێبدرێت، لەم کاتەدا مافی ئەو کەسە پێشێل دەکرێت و لەناویاندا پشکی ژنان بە دەرەجەی یەک دەخورێت ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە.

 

مامۆستا نەرمین دەڵێت: کاتێک ژنەکە یاخود خوشکەکەیان شەرم لە داواکردنی مافەکەی خۆی بکات دواجار بەشەکەی بدەنە کەسێکی دیکە یاخود هەر بەشی نەدەن ئەوە حەرام دەبێت بەو کەسەی وەریبگرێت، بۆیە پێویستە خێزانەکان بە یەکسانانە پشکی میراتی دابەش بکەن و زۆر نەکەن لە هیچکام لە ئەندامانی خێزانەکان بۆ ئەوەی بەشەکەی وەرنەگرێت، بەم شێوەیەش کێشە کۆمەڵایەتییەکان کە هۆکارەکەی میراتە کەم دەبێتەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان باشتر دەبێت.

 

لە کۆتایدا وتیشی، "لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کلتور و ئاین تێکەڵکراون، بە ناوی کلتورەوە مافی ژن پێشێل دەکرێت، پێویستە شوێن قسەی خەڵک نەکەوین کاتێک بێئاگایانە دەڵێن هۆکارەکە ئاینە و کلتوری پێدەشارنەوە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا، بۆ ئەمەش پێویستە ژنان هۆشیارانە ئاگاداری مافەکانیان بن".