ژنانی جەزائیر: پێویستە لێبوردنی تاوانباران بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە
یاسای سزادانی جەزائیر، دوای هەمووارکردنە نوێیەکان بووەتە جێگەی گفتوگۆ و کاردانەوەی چالاکوانان، ئەمەش بەهۆی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ماددەکان و شێوازی ڕاپۆرتکردن و سەلماندنی ئەو یاسایەیە، کە زۆرێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ پێیان وایە لە ڕاستیدا ئەو ماددان
نەجوا راهم
جەزائیر- یاسادانەرانی جەزائیر لە مانگی نیسانی ٢٠٢٤ هەنگاوێکی نوێی ناوە، بە ئەنجامدانی هەمووارکردنەوە لە یاسای سزادان، بە ئامانجی بەهێزکردنی جێبەجێکردنی میکانیزمە بەدیلەکان و سەرلەنوێ سەیرکردنەوەی زۆرێک لە بابەتەکانی ماددە یاساییەکان، ئەم هەمووارکردنانە گفتوگۆی بەرفراوانی لەنێوان فێمینیستەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤدا هەم بە ڕەخنە و هەم بە قبوڵکردنیان لێکەوتەوە.
یاقووتە بن ڕوقیبی، بەرپرسی بەشی ناکۆکی یاسایی لە دامەزراوەیەکی نیشتمانی، پێی وایە دیارترین هەمووارکردنەکانی یاسای سزادان کاریگەرییان لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی تاوانەکانی پەیوەست بە چاودێری ئەلیکترۆنی هەبووە، ئەمە جگە لەو هەمووارکردنانەی کە بە تایبەتی پەیوەندییان بە دۆخی ژنان لە جەزائیر هەیە، وتیشی: گرنگترین هەمووارکردنەکان ئەم ماددانەیان لەخۆگرتبوو، ماددەی ١٧ تا ماددەی ٢٣، کە ئەو ماددەیە میکانیزمی پاراستنی لەخۆگرتبوو لە ئەگەری هەراسانکردندا، بە پاراستن و دوورخستنەوەی زیانبەرکەوتوو لە تاوانبار، بەو پێیەی ڕێگەپێدراو نییە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ زیانبەرکەوتووەکە بە هەر شێوەیەک بێت، جگە لە پاراستنی شایەتحاڵەکان و دوورخستنەوەیان لە هەراسانکەر بۆ ماوەی کەمتر نەبێت لە سێ ساڵ.
سەبارەت بە ماددەی ٣٢٦ کە تاوانی ڕفاندنی منداڵی دیاری کردووە، بە سڕینەوەی بڕگەیەک هەمووارکرایەوە: ئەگەر ئەو منداڵە کەم تەمەنەی کە لەلایەن تاوانبارەکەوە ڕفێندراوە هاوسەرگیری بکات، ئەوا سزای بەدواداچوون هەڵدەوەشێتەوە، لەم بارەیەوە وتی: ئەمە مەترسیدارە، بەکارهێنانی بنەمای لێبوردن لە یاسای سزادان مافی بەدواداچوونی یاسایی دادپەروەرانە بە زیانبەرکەوتوو یان خێزانەکەی نادات، هەروەها ماددەی ٣٣٥ هەمووارکرایەوە بۆ زیادکردنی سزای کارێکی ناشایستە، و زیادکردنی سزای تاوانەکە لە دەستدرێژی زایەندی.
"دەبێت یاسادانەری جەزائیر دۆخی زیانبەرکەوتوو لەبەرچاو بگرێت، نەک تاوانبارەکە"
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەمووارکردنانە هەمووی لە بەرژەوەندی ژناندا نییە و بە توندی ڕەخنەی لە دەقی ماددەی بیستەم گرتووە کە دابینکردنی چاودێری دەروونی بۆ هەراسانکەر دیاری کراوە ئەمە جۆرێکە لە پاراستن کە تاوانبار پێویستی نییە، بە پێچەوانەی ئەوەی زیانبەرکەوتووەکە پێویستی پێیەتی لە ڕووی جێبەجێکردنی میکانیزمی پاراستن بۆ ئەو شتانەی کە بەرکەوتەی بووە یان ئەو لەو بارودۆخەدا ژیاوە، دەبێت یاسادانەری جەزائیر دۆخی زیانبەرکەوتوو لەبەرچاو بگرێت، نەک تاوانبارەکە.
وتیشی: تەنانەت ئەگەر زیانبەرکەوتوو یان ئەندامێکی خێزانەکەی لە تاوانبار خۆش بوون، دەبێت ڕێکارەکانی بەدواداچوونی دادوەری تەواو بکات چونکە مەترسی لەسەر ژنان و کۆمەڵگە دروست دەکات.
دووپاتی کردەوە کە یاسای سزادان پێویستی بە هەمووارکردنەوەی زۆر هەیە کە گرنگترینیان ڕوونکردنەوە و ڕاستکردنەوەی چەمک و زاراوەیە، ئەمە جگە لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بنەمای لێخۆشبوون لە تاوانبار.
بەشداریکردنی کۆمەڵەو چالاکوانانی ژن پێویستییەکی ڕەهایە
ئامال حەجاج، چالاکوان و دامەزرێنەری ڕۆژنامەی فێمینیستی جەزائیر پێی وایە یاسادانەری جەزائیر لە ڕێگەی هەندێک هەمووارکردنەوە کە کاریگەری لەسەر یاسای سزادان هەبووە، کە لە ئەنجامی ململانێکان و هەوڵی خەبات و فشاری فێمینیستەکان و کۆمەڵەکانەوە هاتە ئاراوە، چەندین خاڵی ئەرێنی هەن، وەک ڕێوشوێنی دوورخستنەوەی دەستدرێژکاران لە زیانبەرکەوتوو، توندکردنەوەی سزای دەستدرێژی، و تاوانەکانی توندوتیژی ئەلیکترۆنی، هەروەها پاراستنی شایەتحاڵەکان لە حاڵەتەکانی هەراسانکردندا، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری ڕاپۆرتکردنی ئەو تاوانانە. لە کاتێکدا هەندێک هەمووارکردن ڕەخنەیان لێگیرا، وەک پێداگری یاسادانەر لەسەر بنەمای لێخۆشبوون بۆ تاوانبار، داوای پێویستی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ئەم ماددەیە دەکات.
پێیوایە پێویستە کۆمەڵەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەموو ئەو پڕۆژە و یاسایانەی کە تایبەتن بە ژنان بەشدار بکرێن، هەروەها فشار بخرێتە سەر دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ کارکردن بەو دەستپێشخەریانەی کە لەلایەن چالاکوانانی ژنان و کۆمەڵەکانەوە پێشکەش دەکرێن.
لە کۆتاییدا وتی: کۆمەڵەکانی ژنان بەشدار نەبوون لە هەمووارکردنەکاندا، بەو پێیەی شێوازی داڕشتنی یاساکان لەلایەن لیژنە سەربەخۆکانەوە دەردەچێت بەڵام یەکگرتوو نین، هیچ یەکخستنی کۆمەڵگەی مەدەنی نییە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەیە لە شێوازی کۆنی نوسینی یاساکان کە لەگەڵ ڕاستی نوێدا هاوتەریب نین.