چالاکوانێکی مەدەنی: بەهێزکردنی ژنان هەنگاوێکە بەرەو یەکسانی

لەیلا بۆهۆ، چالاکوانی مەدەنی، کۆمەڵەی “بەسمە” بۆ چاودێری خێزانی دامەزراند، بە ئامانجی بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی، دەستپێکردنی دەستپێشخەری و چالاکیی پەروەردەیی بۆ یارمەتیدانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

حەنان حارت

 

مەغریب- بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە هەڵاواردنی ڕەگەزی لەسەر ئاستی تاک و خێزان، کە ڕێگری لە ژنان دەکات و نایەکسانی ڕەگەزی لە کۆمەڵگەدا بەردەوام دەکات، چالاکوانی مەدەنی لەیلا بوهۆ بڕیاریدا کۆمەڵەی "بەسمە" بۆ چاودێری خێزان دابمەزرێنێت و جەختی لەوە کردەوە، کە باشترکردنی پێگەی ژنان پێویستی بە ڕەخساندنی دەرفەت و بەهێزکردنیان هەیە لە هەموو بوارەکاندا، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بنیانانی خێزانێکی بەهێز و بەهێزکردنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی ژنانیش یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکان.

 

لەیلا بۆهۆ ڕوونیشیکردەوە، تێکەڵکردنی ژنان بە بازاڕی کار و پاڵنانیان بۆ دروستکردنی پڕۆژەی داهات و بەشداریکردن لە کۆمەڵەکان، وایان لێدەکات ئاگاداری مافەکانیان بن و دەرفەتیان پێدەبەخشێت بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی ئابوورییان، ئەمەش ڕێگەیەکە بۆ وەستانەوە دژی ئەو توندوتیژیانەی کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان ناوەندی خێزانن، ئەمەش ئەوەیە کە کۆمەڵەی “بەسمە” کاری بۆ دەکات، کە لە ساڵی ٢٠١١ لە شاری دار بیزاء دامەزراوە، هەوڵیش دەدات لە چوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییانەی کە دەستیپێکردووە، لەوانە بەهێزکردنی ژنان، کە ئامانجی پاڵپشتیکردنی ژنانە لە بواری دروستکردنی کارگەی بچووک، پەرەپێدانی ئابووری کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی یەکسانی پەرە بە ژنان بدات، هەروەها کۆمەڵەکە چالاکییەکانی هاوکاریکردنی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتیشی دەستپێکردووە.

 

وتیشی: لە ساڵی ٢٠٢٠دا کارمان کرد بۆ پەرەپێدانی تواناکانی نزیکەی ٥٠ ژن و گەنج و ژن لە ئاستی شارۆچکەی عەین شەق لە شاری دار بیزاء، هەڵمەتی “بەسمە ئۆنلاین” بۆ ساڵی ٢٠٢١ ڕاگەیەندرا و کار بۆ پەرەدان بە تواناکانی گەنجانی نێوان ١٨-٣٥ ساڵ کرا، بە مەبەستی ئەوەی ئەم گروپانە بتوانن میکانیزمی داکۆکیکردن لەسەر مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان و گەنجان جێبەجێ بکەن و چەندین کاری دیکەش کراوە، هەروەها کۆمەڵەکە پاڵپشتی لە بەشداری سیاسی ژنان دەکات، هەرچەندە لە مادەی ٢٩ی دەستووری مەغریبدا یەکسانییەکی تەواوەتی نێوان ڕەگەزەکان دیاری کراوە،  بەکارهێنانی چەند میکانیزمێکی دامەزراوەیی و یاسایی بۆ بەرزکردنەوەی نوێنەرایەتیی سیاسی ژنان، بەڵام بەشدارییەکە لە ئاستێکی پێویستدا نەبوو، بۆیە پڕۆژەی پشتگیریکردن لە بەشداریکردنی سیاسی ژنان بە ئامانجی پشتگیریکردن لە تواناکانی ژنان و بەرزکردنەوەی ڕۆڵەکانیان لە ژیانی سیاسی و بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی دەستیپێکرد.

 

سەبارەت بە کاری بەکۆمەڵی ژنان لە مەغریب، لەیلا بۆهۆ ئاماژەی بەوەدا، "لە ئەنجامی پەرەسەندنی هۆشیاری ژنان کە لە ئەنجامی دەستڕاگەیشتن بە بواری پەروەردەی ژنانەوە سەریهەڵداوە، بەشدارییان لە بواری زانستی و کولتووری و ئابووریی زیادی کردووە و توانیویانە تواناکانی خۆیان بسەپێنن، بەمەش ژنان لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵی کاریگەر و شوێنی شایستەی خۆیان هەیە، ژنانی مەغریب پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە، ئەمڕۆش بەشدارن لە پێشخستنی ئابووری و گەشەپێدانی کۆمەڵگە، سەرەڕای هەموو ئەو کۆتوبەندانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ڕێگای خۆیان دەگرنەبەر بۆ ئەوەی سەرکردایەتی لە هەموو بوارەکاندا بکەن کە بە تایبەت بۆ پیاوان دادەنران، و سەلماندوویانە کە دەتوانن پێشەنگ بن.