گەڕانەوەی ژنان بۆ پەروەردە؛ بەرخۆدانێکی بێدەنگ لە دژی چەوساندنەوەی پیاوسالاری لە ئێران
لەو کۆمەڵگەیانەی کە نایەکسانی ڕەگەزی بەردەوام دەکەن، گەڕانەوەی ژنانی نەخوێندەوار بۆ خوێندن تەنها کردەوەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە بەرخۆدانی بێدەنگ، لە ئێراندا پەروەردە لە لێهاتووی تەکنیکییەوە دەگۆڕێت بۆ ئاماژەیەک بۆ ڕزگاری.
شیلان سەقزی
ناوەندی هەواڵ- لەو کۆمەڵگەیانەی کە پێکهاتە پیاوسالاری و تاکڕەوەکان بە شێوەیەکی سیستماتیکی نایەکسانی ڕەگەزی بەرهەم دەهێننەوە، خوێندەواری دەبێتە زیاتر لە تەنها لهێاتوویەکی تەکنیکی، دەبێتە ئاماژەیەکی بنەڕەتی بۆ بەرخۆدان و ڕزگاری، ڕەتکردنەوەی خوێندن لە ژنان نەک هەر پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانیان بەڵکو دەیانخاتە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام لەگەڵ ستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری.
هاتنی ژنان بۆ بواری پەروەردەیی، ئەگەر سنووردار و نافەرمییش بێت، جۆرێکە لە ناڕەزایەتییەکی بێدەنگ و زیندووکردنەوەی جەستە و دەروونیان، کە بە پێناسەکردنەوەی پێگەی خۆیان لە خێزان و کۆمەڵگەدا، ئاسۆی نوێ بۆ بەهێزکردنیان و کەمکردنەوەی ئازارەکانیان دەکاتەوە، بەڵام هێشتا فشارە پێکهاتەیی و ئایدیۆلۆژییەکان ڕێگرن لە بەدیهێنانی تەواوەتی ئەم توانا و ئەم خەباتەیان ڕەنگدانەوەی دژایەتی قووڵی نێوان خواستە تاکەکەسییەکانی ژنان و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییە ستەمکارەکانە.
ئەم ڕاپۆرتە بەدواداچوون بۆ ڕۆڵی پەروەردە و خوێندەواری دەکات لە بەهێزکردنی ژنانی نەخوێندەوار، کاریگەرییە بابەتییەکانی گەڕانەوەیان بۆ فێربوون، ئەو ئاڵەنگاریانە و سنووردارکردنە پێکهاتەیی و ئایدیۆلۆژییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە لە گەشتە پەروەردەییەکەیاندا، هەروەها چۆن دەتوانرێت خوێندەواری بگۆڕدرێت بۆ ئامرازێکی بەرخۆدان و پێناسەکردنەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییان.
خوێندن لە دژی سیستەمی سەپێنراو
لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێراندا، خوێندەواری پێویستیەکی چینایەتی و ڕەگەزییە، نەک مافێکی یەکسان، ئەو منداڵانەی لە خوێندن بێبەش کراون و ئەو دایکەی کە لە سیستەمێکی هەژار و ناوەدنی و پیاوسالاریدا بە نەخوێندەوار دەمێنێتەوە، زیانلێکەوتووی سیاسەتێکی کەڵەکەبوون کە بە ئەنقەست نایەکسانی بەرهەم دەهێنن.
کاتێک ژنێک، دایکێکی نەخوێندەوار، بڕیار دەدات فێری خوێندنەوە بێت، ئەم بڕیارە تەنها کردەوەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو کردەوەیەکی بەرەنگاربوونەوەیە لە دژی سیستەمێک کە دوورخستنەوەی ژنانی پەراوێزخراوی لە خوێندن ئاسایی کردووەتەوە، لە کۆمەڵگەیەکدا کە بودجەی پەروەردە بەرەو ناوچە ناوەندییەکان دەڕژێت و پەروەردەی فەرمی دەبێتە ئاماژەیەکی ئایدیۆلۆژیی دەسەڵات، ژنانی پەراوێزخراوی خوێندەوار، لە ڕێگەی فێربوونەوە، بە شێوەیەکی کردەیی جەستە و مێشکیی لە سیستەمی پلەبەندی و دوورخستنەوە ڕزگار دەکات.
خوێندەواری تەنها فێربوونی خوێندنەوە و نووسین نییە، بەڵکو کردەوەیەکی سیاسییە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ شکاندنی سووڕی وەدەرنانی و داوای گشتگیری، لەم ڕوانگەیەوە خوێندەواری ئاماژەیەکی بناغەییە بۆ پەراوێزخراوەکان، نەک تەنها گێڕانەوەیەکی هەستیار، بەڵکو کردەوەیەکی ڕزگاری سیاسییە کە پێگەی ژنان و مافی بەشداریکردنیان دەگەڕێنێتەوە.
گەڕانەوە بۆ پۆل
لە سیستەمێکدا کە نایەکسانی ڕەگەزی لە هەموو ئاستێکدا بەردەوام دەکات، گەڕانەوەی ژنانی نەخوێندەوار بۆ خوێندن، کردەوەیەکی قووڵی سیاسییە، تەنانەت ئەگەر لە ڕووکەشدا سادە و کەسی دەربکەوێت، پێکهاتە دەوڵەتییەکان و سیستەمی پیاوسالاری لە ئێران، بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا، دەستڕاگەیشتنی ژنانیان بە خوێندن لە ڕێگەی هەژاریی سیستماتیکی، هەڵاواردنی ڕەگەزیدا سنووردار کردووە، یەکەمایەتیدان بە پەروەردەی کوڕان و ئەو کولتوورانەدا کە ژنان لە ڕۆڵی دایکان و ژندا قەتیس دەکەن.
بۆ ئەو ژنانەی کە دوای چەندین ساڵ لە نەخوێندەواری دەگەڕێنەوە بۆ خوێندنگە، ئەم گەڕانەوەیە تەنها پەیوەندی بە بەدەستهێنانی زانستەوە نییە، هەروەها نوێنەرایەتی ئاڵەنگاری ڕاستەوخۆ دەکات بۆ یاسای سیستەمی باڵادەست، ئەم گەڕانەوەیە بە بێدەنگی لە ڕێگەی پێنوس و کاغەزەوە بەدی دێت، وشەکان دەگۆڕێت بۆ ئاماژەیەکی وردە وردە و بنەڕەتی بەرخۆدان- بەرەنگاربوونەوە لە بەرامبەر هەوڵەکانی سڕینەوەی مێژوویی و چەوساندنەوەی ئاماژەی و لە دژی پەراوێزخستنی جەستەی بێدەنگ و ژنان کە لە مێژە پشتگوێ دەخرێن.
لەم گێڕانەوەیانەدا، خوێندەواری تەنها ئاماژەیەک نییە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری، بەڵکو گەڕاندنەوەی شکۆمەندی مرۆڤ و دووبارە پێناسەکردنەوەی بۆچوونی سیاسی ژنانە کە پێشتر وەک بنەماڵە و نەریت پێناسە دەکران، پەروەردە بۆ ئەم ژنانە دەروازەی بەشداریکردنە لە مێژوودا، مێژوویەک کە لە مێژە لێی بێبەشن، ئەم گەڕانەوەیە بۆ پۆلەکان نوێنەرایەتی دووبارە داڕشتنەوەیەکی بێدەنگە، هەرچەندە ڕادیکاڵ، بۆ بونیادنانی دەسەڵات دەکات.
زیندووکردنەوەی ژنانی پەراوێزخراو
لەو سیستەمەی کە جەستە و مێشکی ژنان ملکەچ دەکەن، نەخوێندەواری تەنها نەبوونی پەروەردە نییە، بەڵکو ئاماژەیەکە بۆ چەسپاندنی سیستەمی باڵادەستی و وەدەرنانی ژنان لە پرۆسەی فێربوون بە واتای دوورخستنەوەیان لە زمان و یادەوەری و بەشداری کۆمەڵایەتی و سیاسیە.
لەگەڵ دابەزینی بزووتنەوە فەرمی و بێکاریگەرەکانی خوێندەواری، ژنانی نەخوێندەوار، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەکان، ڕێڕەوی نوێ بۆ فێربوون دروست دەکەن، وانەی خۆبەخۆ لە ماڵەوە، وانەوتنەوە لە مزگەوتەکاندا و فێربوون لە بۆشای ئۆنلاین بە یارمەتی منداڵان یان تۆڕەکانی ژنان.
ئەم شێوازە نافەرمیانە نوێنەرایەتی شێوازێک لە بەرخۆدانی بنەڕەتی دەکەن، کە لە بەرامبەر بێکردەوەیی پێکهاتە پەروەردەییە فەرمیەکاندا سەرهەڵدەدەن، لێرەدا خوێندەواری تەنها لهێاتوویەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بوژانەوەیەکی دەروونییە کە ژنان لە سیفەتە نەرێننیەکانەوە دەگۆڕێت بۆ چالاک، دەست دەکەن بە خوێندنەوەی پارەی کارەبا و نووسینی نامەی ناڕەزایی و خوێندنەوەی هەواڵ و تێگەیشتن لە مافەکانیان و دووبارە بونیادنانەوەی وێنەی خۆیان لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا، لە هەمان کاتدا جەستەیان پێناسە دەکرێتەوە، ئیتر تەنها ئاماژەی بەرهەمهێنان و چاودێری نین، بەڵکو بوونەوەرێکن کە دەزانن و پرسیار دەکەن و دەنووسن.
ئەم پرۆسەی پەروەردەییە بەربەستی بێدەنگی مێژوویی دەشکێنێت، جەستە و دەروونی ژنان لە پەراوێزەوە بۆ دڵی بەرخۆدان دەجوڵێنێت، لێرەدا خوێندەواری دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ گۆڕانکاری، نەک لە چوارچێوەی سیاسەتە ئاماژەییەکانی دەوڵەتدا، بەڵکو لە چوارچێوەی داهێنەری ژنان و ئیرادەی ڕزگارکەریاندا.
لە دەستەیی پێکهاتەییەوە بۆ بەهێزکردنی ژنان
لە پێکهاتە سیاسی و ئابوورییەکاندا کە بە ئاگادارییەوە نایەکسانی ڕەەگەزی بەرهەم دەهێننەوە، خوێندەواری تەنها لێاتووی نییە، بەڵکو ئاماژەتەکە بۆ بەرخۆدان، ژنانی نەخوێندەوار خۆیان لە دۆخێکدا دەبیننەوە کە ڕێگریان لێدەکات مافەکانیان بزانن، ناڕەزایەتی خۆیان بنووسن، تەنانەت گێڕانەوەکەیان تۆمار بکەن، ئەم کورتهێنانە زمانەوانییە یەکێکە لە پایە شاراوەکانی هەژموونی پیاوسالاری دەوڵەت-ناوەندی.
دەستڕاگەیشتن بە خوێندن لەلایەن ژنانەوە، تەنانەت لە ڕێگەی کەناڵە نافەرمیەکان یان هەوڵە خۆبەخشەکانەوە، کاریگەریی فراوان و فرەلایەنەی هەیە، لەسەر ئاستی تاکەکەسی، خوێندەواری ڕێگە بە ژنان دەدات کە وابەستەیی ئابووری و دەروونی خۆیان بە کەسانی دیکە کەم بکەنەوە، بەهێزیان دەکات بۆ بونیادنانی ڕێڕەوێکی پیشەیی سنووردار، بەڵام سەربەخۆ، هەروەها توانای ئەوەیان پێدەدات ئەرکە سەرەکییەکانی ژیانی وەک خوێندنەوەی ڕەچەتەی منداڵەکەیان یان تۆمارکردنی سکاڵایەکی فەرمی دژی توندوتیژی خێزانی ئەنجام بدەن، ئەمەش پەروەردە دەکاتە ئامرازێکی پراکتیکی بۆ باشترکردنی بارودۆخی ڕۆژانەیان و بەرزکردنەوەی ئامادەیی کۆمەڵایەتییان.
لە بواری خێزاندا زۆرجار ژنانی خوێندەوار دەبنە نمونەی پەروەردەیی بۆ منداڵەکانیان و بەشداریکردنیان لە بڕیاردانی خێزاندا زیاد دەکات، هەروەها خوێندەواری ئاڵەنگاری باڵادەستی تاکلایەنەی پیاو لە ناو خێزاندا دەکات، سێیەم: لە کایەی کۆمەڵایەتیدا، خوێندەواری ژنان لە پێگەی خۆیان وەک "نەبینراو" ڕزگار دەکات، وایان لێدەکات بتوانن بچنە ناو ڕێکخراوەکانەوە و فۆڕم پڕبکەنەوە و چیرۆکەکانیان بڵاوبکەنەوە و بەشداری چالاکی سیاسی بکەن لە کۆتاییدا، لە بواری تەندروستی دەروونیدا، کەمکردنەوەی هەستەکانی شەرمەزاری، بەرزکردنەوەی خۆبەگەورەزانین و دووبارە بونیادنانەوەی وێنەی خود وەک "تاکی بەهێزکراو" هەموویان کاریگەری بەرجەستەیان هەیە لەسەر کەمکردنەوەی ئازارەکانی ژنان.
بەڵام پێکهاتە دەسەڵاتدارەکان بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ بێلایەنکردنی ئەم ئاماژەیەی بەرخۆدان لە ڕێگەی پەروەردەکردنی ئایدیۆلۆژی، سانسۆرکردنی ناوەڕۆک و زیندانیکردنی زانین لە چوارچێوەی تایبەتدا، بەڵام وەک مێژوو دەریخستووە، زانیاری ڕزگارکراو لەم جۆرە کۆنتڕۆڵە دەتوانێت تۆوی هۆشیاری و گۆڕانکاری بێت.
بۆیە گەڕانەوەی ژنانی نەخوێندەوار بۆ پڕۆسەی پەروەردە، تەنها کردەوەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو شێوازێکە لە بەرخۆدانی بێدەنگ بەرامبەر بە پێکهاتەی نایەکسان و جیاوازییەکان، هەروەرها بنبڕکردنی نەخوێندەواری نەک هەر لە ڕووی فیکرییەوە ژنان بەهێز دەکات و هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتییان زیاد دەکات، بەڵکو ڕێگەیان پێدەدات ناسنامەی خۆیان پێناسە بکەنەوە و مافە پێشێلکراوەکانیان وەربگرنەوە، بەڵام سنوورداربوونی سیستەمی پەروەردەی فەرمی و ناسەقامگیری سیاسەتەکان وایکردووە ئەم پرۆسەیە خاو و لاوازبێت. بەم شێوەیە بەبێ چاکسازیی پێکهاتەیی و پشتیوانی ڕاستەقینە، خوێندەواری ژنان وەک ئامرازێکە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بە ناتەواوی دەمێنێتەوە.