شۆخان ئەحمەد: ئەگەر پێشنیازەیاساکە هەموار نەکرێتەوە باشترە هەر کار بە یاسا کۆنەکە بکرێت

لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزان و ژنان كراو بە بیانوی لادان لە ئایین و شەریعەتی ئیسلام ڕاپۆرتێک بۆ لیژنەی فەتوا نێردراوە تا ئەوان بڕیاری لەسەربدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دانیشتنی ژماره‌ ٢ی ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، بڕگه‌ی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ بریتیبوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزان و ژنان لە هەرێمی كوردستان.

 

چه‌ندین پێشنیازیشیان به‌مه‌به‌ستی ڕه‌تكردنه‌وه‌ى پێشنیازه‌یاساكه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ماده و بڕگه‌كانی ڕاپۆرته‌كه خسته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی هاوبه‌ش، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لێژنه‌كه‌وه ڕاپۆرتی ده‌نگدانى له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان.

 

 شۆخان ئەحمەد پارێزەرو بەشداربووی دانیشتنەکەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی نوژنها دواو وتی: " ، یاساکە لە ساڵی ٢٠١٥ وە هەیە و لە خولی پێشوو داوای هەموارکردنەوەمان کردبوو، ئێمە پێمان باش نەبوو لەم خولەی پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ بکرێت، پێش ئەم پێشنیازە یاسایەش یاسایەک هەبوو لە ساڵی ٢٠١١، ئەگەر لە ئێستادا ئەم پێشنیازە یاسایە هەموار نەکرێتەوە ئەوا پێمان باشە هەر کار بە یاساکەی ساڵی ٢٠١١ بکرێت".

 

شۆخان ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد کە پێشتر هەموو فراکسیۆنەکان لیژنەی یاسایی و ژنان بەشدار بوون  ئیمزا کراوە کە خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پێشنیازە یاساکە بکرێت، بەڵام بەداخەوە دوێنێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ناکۆکی و گرژی دروست بوو، دواتر لە ماددەکانی کۆتایی پێشنیازە یاساکە دانیشتنەکە باشتر بەڕێوەچوو تا کاتی شەو بەردەوام بوو، سەرجەم بڕگەو ماددەکان خواستی لەسەر بوو بەڵام ڕاپۆرتی سێیەم ئامادەکراو بڕیاردرا بۆ لیژنەی فەتوای هەریم بنێردرێت تا ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن کە ئەمە لادانە لە یاساو شەریعەتی ئیسلام یاخود نا، چونکە هەندێک لە پەرلەمانتارەکان پێیان وابوو کە هەموارکردنەوەی پێشنیازە یاساکە بەم شێوەیە لادانە لە ئیسلام و شیرازەی خێزان دەشێوێنێت.

 

شۆخان ئەحمەد پارێزەر و بەشداربووی دانیشتنەکەی پەرلەمان لە کۆتایدا ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان ئامانجیان خزمەتکردن بە کۆمەڵگەیە تا یاساکان لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدابێت و وتی:" ئێمە لەخەمی ئەوەین کە یاساکە لە بەرژەوەندی هەموو لایەک بێت، بۆیە ئەگەر هەموار نەکرێتەوە ئەوا باشترە کار بە یاساکەی ساڵی ٢٠١١ بکرێت".