"پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەرکێکی نەتەوەیی هەر کوردێکە"

تانیا تاهیر، یاساناس، باس لەوە دەکات کە دوژمنانی کورد هەمیشە بۆ شکاندنی ئیرادەی کورد، دەستدرێژی و هێرش دەکەنە سەر ژنان و دەشڵێت: ژنانی ڕۆژئاوا پاڵەوانی داستانی بەرخۆدانی کوردانن بە تایبەت لە ڕۆژئاوا.

سلێمانی

 

جەنگەکان لە هەر وڵاتێکدا ڕووبدات کاولکاری بەدوادا دێت، لە کاتی هێرشەکاندا یاسا نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی مەدەنی پێشێل دەکرێت و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدرێت، بۆ کوردان کە هەمیشە لە ژێر چنگی داگیرکاریدایە، بە تایبەت ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانی بەسەردا پارچە بووە، هاوڵاتی مەدەنی یەکەم ئامانجی هێرشەکانە و ژن و منداڵ لە پێشینەی هێزە داگیرکەرەکاندان، دەوڵەتی  تورکیا کە داگیرکەری سەرەکی گەلی کوردە، لە هەر شوێنێک چادرێکی کورد هەبێت لەناوی دەبات، لە دواین هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، سەرباری ڕووخانی ڕژێمی سووریا و ململانێ و شەڕی ناوچەکە و هێرشی چەتەکانی سەر بە تورکیا و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتی مەدەنی و دووبارە ئاوارەبوونیان، ٨ی کانوونی یەکەم دەوڵەتی تورکیا دوو کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، کە یەکێکیان بۆ سەر خێزانێکی ١٢ کەسی بوو، زۆرینەیان ژن منداڵ بوون و لە بۆردوومانێکدا گیانیان لەدەستدا. ئەمەش سەرەڕای دووبارە ئاوارەبوونی کۆچبەرانی عەفرین و ئاوارەبوونی سەدان هەزار دانیشتووی شاری حەلەب و مەنبج و شەهبا و دەوروبەری.

 

تانیا تاهیر، یاساناس، باس لە مێژووی جەنگەکان دەکات کە هەمیشە ژنان، ئەگەر کاراکتەری ناو بەرگری و جەنگ بووبێتن، یان تەنها لەناو جەنگەکاندا بووبێتن، بە پلەی یەکەم کاریگەری جەنگیان لەگەڵ منداڵاندا لەسەر بووە، دەشڵێت: لەم چوارچێوەیەدا هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانی سەبارەت بە جەنگ دەرچوون، هەموو دەستدرێژیکردنێک و کاریگەرییەکی جەنگ لەسەر جەستە و دەروونی ژنان ە تاوانی جەنگ هەژمار دەکات، بۆیە کاتێک باس لە پرسی ژن و بەشدارییان لە کۆمەڵگەدا دەکرێت، داوای پاراستنی ژنان دەکرێت، بە درێژایی مێژووش لە باشووری کوردستان کاریگەری و لێکەوتەی جەنگەکان لەسەر ژنان و منداڵان بوونی هەبووە، دەکرێت بڵێین ژنان و منداڵان قوربانی یەکەمی جەنگەکانن ئەگەرچی جەنگ بە ئیرادەی ژنان  و منداڵان نییە.

 

ئەو یاساناسە باسی لە ئەقڵیەتی پیاو کرد کە هەمیشە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەر پێگەیەک دەست بۆ ژنان دەبات و بۆی ئاسانترین ڕێگەیە و دەڵێت: لە بوارە کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازییەکانیشدا، هەر کاتێک ژنێک دەکەوێتە دەست هەر هێزێکی بەرامبەر، لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا ژن وەک شەرەف دەبینێت، وەک ڕەمزی سوکایەتی پێکردن بە شکۆی کۆمەڵگە و نەتەوەکە دەستدرێژی دەکاتە سەر ژنان، ئەگەر باس لە نەتەوەی کوردیش بکەین، ژن بوونێکی ڕێزلێگیراو و پیرۆزە، بۆیە دوژمنانی کورد لە هەموو دۆخەکاندا بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ماف و ئازادی و خاکی کورد، هێرشی یەکەم بۆ سەر ژنان و منداڵان دەکەن.

 

تانیا تاهیر باسی لە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد کە تێڕوانینی ناتوانێی ژنانیان ڕاستکردەوە، وتیشی: ئەوان سەلماندیان کە ژن دەتوانێت، بە تایبەت لە بواری هێزی سەربازی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و سیاسەت و هێنانە پێشەوەی ژنان لە بوارەکانی ژیاندا، بۆیە ئەگەر لە لایەکەوە ژنانی ڕۆژئاوا بەشێک بن لە قوربانیانی ئەو هێرشانەی دەیانەوێت نەتەوەی کورد بچەوسێننەوە، لەلایەکی ترەوە ئەوان پاڵەوانی داستانی بەرخۆدانی کوردانن بە تایبەت لە ڕۆژئاوا، ئەو حەقیقەتەیان سەلماند کە ژنان دەتوانێت، ئەشمەوێ بڵێم ژنی کورد تەنها ئەوە نییە کە لە ئەدەبیاتدا بوونی هەبێت و هۆنراوە و شانامە بە بەڵایاندا بوترێت و تەنها لایەنی سوزداری بن. بەڵکو ژن ئەو بوونە بیرکەرەوەیەیە کە دەتوانێت خۆی بسەلمێنێت و پارێزگاری لە وڵاتەکەی بکات و گۆڕانکاری لە سیستم و ڕژێم و بەڕێوەبەریدا بکات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا پشتیوانی خۆی بۆ هەر کوردێک لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا بێت دەربڕی، بە تایبەت وەک ژنێک پشتیوانی لە ژنانی ڕۆژئاوا کرد و ئومێدەوار بوو، کە هێرشەکانی ئەم جارە دواهەمین دەستدرێژی بێت بۆ سەر مافی کوردان و ژنانی ڕۆژئاوا بە تایبەت، لە کۆتایدا وتیشی: دەکرێت هاوکاریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان لە سێ ئاستدا بێت، یەکەمیان لە ئاستە سیاسییەکەدا کە دەبێت هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەناو حکومڕانی و دەرەوەی حکومڕانیشدا پشتیوانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا دەستەبەر بکەن، هەروەها لە ڕووی مەدەنییەوە فشار بکرێتە سەر حکومەتی ناوەندی تا دەروازە سنورییەکانی هەرێم و عێراق بکاتەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان، هەروەها دەتوانێت هاوکاری ماددی و مرۆیی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت، کە ئەمە ئەرکێکی نەتەوەییە بۆ هەموو تاکێکی کورد چ لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا بێت.