"یەکڕیزی ژنان دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیارەکان هەبێت"
بەهار مونزیر، چالاکوان باس لەوە دەکات، بە کاری یەکگرتووی ژنان دژی هەموواری یاسای باری کەسێتی، یەکێتی ئەوروپا هاتە دەنگ و هۆشیاری دەدات کە یاساکە پێشێلکاری بەرامبەر مافە سەرەتایەکانی ژنان و منداڵانە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- پێشنیاری هەموواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٤دا پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا، ڕێکخستنەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی دوای پێشکەشکردنەکە یەکڕیزی خۆیان دژی هەمووارە لە ژێر ناوی هاوپەیمانیی ١٨٨ (تحالف ١٨٨) ڕاگەیاند و لە شاری سلێمانیشدا داکۆکیکارانی مافی ژنان و منداڵان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی هاوپەیمانییەتییەکیان ڕاگەیاند و پاڵپشتی داواکارییەکانی هاوپەیمانی ١٨٨ی عێراق بوون، تا بە کۆدەنگی دژی هەموواری یاساکە بووەستنەوە.
هاوپەیمانێتییەکە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ئەنجامدانی کۆڕ و کۆبوونەوە و گردبوونەوەوە داوا مەترسییەکانی هەمووارەکەیان خستەڕوو و داواش دەکەن بە کۆدەنگی دژی بووەستنەوە.
هاوپەیمانی ١٨٨ هەوڵیدا لە ڕێگەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپاوە کار لەسەر ڕاگرتنی هەمووارەکە بکات و لە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، لە دەرئەنجامی بانگەشەیەکی چڕوپڕی ژنانی چالاکوان و هاوپەیمانی ١٨٨ لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، توانیان پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بهێننە سەر هێڵی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و دژی هەموواری یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ بووەستنەوە، یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە هەموواری یاسای باری کەسێتی لە عێراقدا، هۆشداری دا کە هەموواری یاساکە پێشێلکارییە بەرامبەر مافەکانی ژنان و منداڵان.
"داکۆکیکارانی مافی ژنان لە عێراقدا بەهۆی ڕێگرییەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە"
بەهار مونزیر، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری هاوپەیمانی ١٨٨ لە شاری سلێمانی، باس لەوەدەکات، هەموواری یاسای باری کەسێتی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ناڕەزای تەواوی لەلایەن کۆمەڵگە و پارێزەران و چالاکوانانەوە لێ کەوتووەتەوە، چالاکوانان و هاوڵاتیانی عێراقی خستە ژێر قورساییەوە، سەرەڕای ئەوەش داکۆکیکاران ڕووبەڕووی چەندین توندوتیژی دەبوونەوە و لە کارەکانیان دوور دەخرانەوە بە هۆکاری دەربڕینی ناڕەزای دژ بە یاسای باری کەسێتی لە عێراقدا.
بەهار مونزیر دەڵێت: بەهۆی خراپی بارودۆخی پارێزەران و چالاکوانان و داکۆکیکاران لە مافەکانی ژنان، ئێمەی ژنانی هەرێمی کوردستان بەردەوامیمان بە گردبوونەوە و داکۆکیکردن لە هەمووار نەکردنەوەی یاسای باری کەسێتی بەردەوامی پێدا، لە ئەنجامی ئەو توندوتیژی و بڕیارانەی بەرامبەر پارێزەران و داکۆکیکاران لە مافەکانی ژنان لە عێراقدا درا، تۆڕێکی داکۆکیمان بە ناوی تۆڕی "داکۆکیکردن لە داکۆکیکاران" دامەزراند، لە ڕێگەی دامەزراندنی ئەو تۆڕەوە توانیمان دەنگمان بگەیەنینە تەواوی جیهان، ببێتە ڕێگەیەک بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی چالاکوانان و ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆمان ڕادەست بە وڵاتانی جیهان بکەین، تا بتوانین ئێمەی چالاکوانان بە مافەکانی خۆمان بگەین.
ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجامدانی چالاکی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ژنان و چالاکوانانی گەیاند بە ئامانجێک، لە ڕێگەی تەواوی چالاکییەکانمانەوە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپای گەیاندە ئەو ئاستەی بڕیار نامەیەک دەربکات، کە تیایدا باس لە زیانەکان بەرامبەر بە ژنان لە عێراقدا بکات، ئەندامانی هاوپەیمانی ١٨٨یش هەوڵی ناردنی پەیامەکانیان بە چەندین زمان داوە بۆ وڵاتانی دەرەوە، خۆشبەختانە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا بە پشتگیریان و دەرکردنی چەندین بریار هاوڵاتیان و چالاکوانانی ژنان یان دڵخۆشکرد، وتیشی: ئێمەی چالاکوانان لە هەرێمی کوردستاندا تەنها بەم دەستکەوتەوە ناوەستین، دژ بە هەموواری یاسای باری کەسێتی چالاکییەکانمان بەردەوام دەبێت، ڕووبەڕوو بوونەوەی یاساکەش تەنها بە ئەندامانی هاوپەیمانی نابێت، بەڵکو پێویستە تەواوی هاوڵاتیان و لایەنەکان بەشداری لە ڕەتکردنەوەی ئەو یاسایانەی دژ بە مافەکانی ژنان و منداڵان بکەن.
لە کۆتاییدا وتی: هاتنە سەر هێڵی پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپا جێگای خۆشحاڵیەکی زۆرە بۆ ئێمەی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، چاوەڕێی دەنگدانەوە و هەڵوێستەیەکی باشین لەو بڕیارانەی دراوە، ئێمە چاوەڕوانی دەنگدانەوەیەکی گەورەین بەڵام دەشزانین هێزێکی گەورە لە عێراقدا هەیە، کە جەخت لەسەر دەرچوواندنی یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراقدا دەکات، تەنها ئامانجی عێراق دەرچوواندنی یاسایەکە کە منداڵ لە تەمەنی نۆ ساڵی هاوسەرگیری پێبکات و مافی پێدانەوەی منداڵ بە دایک لە کاتی جیابوونەوە زەوت بکات، ئێمەی ژنانی هاوپەیمانی ١٨٨ لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بەردەوام لە هەوڵی ڕێگە گرتندا دەبین و بۆ ئەوەش یەکڕیزی ژنان و ڕێکخراوەکانمان پێویستە.