"هێرشەکانی ئیسرائیل درۆکانی مافی مرۆڤی ئاشکرا کرد"

سەلوە حەمرونی، پارێزەر، ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە درۆی مافی مرۆڤ لە دژی وڵاتانی بێ بەرگری ئاشکرا دەکات و پێویستە دادگای نێودەوڵەتی تاوان لە دژی "جەنگی وێرانکاری" ئیسرائیل هەڵوێست بنوێنێت.

زهور مەشرەقی

 

تونس- بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە ١٤ هەزار کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، گیانیان لەدەستداوە و ٣٠ هەزار کەسیش برینداربوون، نادڵنیایی لە غەززە بەردەوامە سەبارەت بە ئاگربەستی کاتی ٤ ڕۆژە، کە پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

سەلوە حەمرونی، شارەزا لە یاسا نێودەوڵەتییە گشتیەکان، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەی هەڵسەنگاند و وتی: ئەوەی لە غەززە ڕوویدا بێباکی مرۆڤایەتی ئاشکرا دەکات، شەڕ درۆی مافی مرۆڤی لە بەرامبەر وڵاتانی بێ بەرگری ئاشکرا کرد، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە خەڵکی مەدەنی لە غەززە کۆمەڵکوژ کراون، کە هەموو ئەمانە تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە، بۆیە ڕێزگرتن لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پێویستی بە ڕێزگرتنە لە بنەما سادە و ڕوونەکانی، کە یەکەمیان جیاکارییە و دەبێت مەدەنی و نامەدەنی لە شەڕدا جیا بکرێتەوە، ئەگەر هێرشێکی سەربازی لە شوێنێکدا ئەنجامدرا، پێویستە بەبێ ئەوەی زیان بە خەڵکی مەدەنی بگەیەنێت ئەنجام بدرێت، لە کاتی شەڕدا، نەک تەنیا خەڵکی مەدەنی و نەخۆشخانە و قوتابخانە و دامەزراوە گرنگەکان بپارێزرێن، کە لە ڕێککەوتننامەی جنێڤدا هاتووە، بەڵکو پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ منداڵان، ژنان، بەساڵاچووان و دایکانی شیردەر و دەبێت لە دۆخی شەڕدا دابین بکرێن.

 

"ئەوەی دەگوزەرێت شەڕی لەناوبردنە"

سەلوە حەمرونی ڕایگەیاند کە ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و وتی: هەموو ئەم بنەمایانە هیچ کاریگەرییەکیان لەم شەڕەدا نییە، وەک ئەوەی پێچەوانەکەی ڕوودەدات. ئیسرائیل خەڵکی مەدەنی بە ئامانجی ڕاستەوخۆی سەربازی دەزانێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەڕێکەوت هاوڵاتییانی مەدەنییان کوشتووە، بەڵام هەموو ئەو شتانەی کە بەڵگەیان لەسەرە، دەریدەخەن کە ئیسرائیل بە مەبەست خەڵک دەکاتە ئامانج، ئێمە تێدەگەین کە ئەم ڕێبازە شەڕی لەناوبردنە، ئەوەی ڕوویدا ناتوانرێت وەک ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بخوێنرێتەوە، بەڵکو شەڕێکی لەناوبردنە و ئامانج لێی لەناوبردنی کیانێکە.

 

ئەو پارێزەرە بەبیری هێنایەوە کە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هێرشەکانی سەر فەلەستین زیاتر لە ٧٠ ساڵە بەردەوامە و وتی: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین لە ژێر ناوی "لافاوی ئەقسا" لە ٧ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دەستی پێنەکردووە، بەڵکو لە سەرەتای دامەزراندنی ئیسرائیلەوە، هێرشەکان هەرگیز نەوەستاون، ئەو وڵاتانەی لە بەرامبەر دڕندەییەکان بێدەنگن، هانی ئیسرائیل دەدەن و چەک و پشتیوانی پێدەدەن.