یاسایەک لە بەرژەوەندی ئیرادە و هەبوونی ژن و خێزان دەردەچێت؛ نمونەیە لە ناوچەکەدا
ئەنجومەنی یاسادانانی کانتۆنی جزیرەی خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا یاسای خێزانی گەڵاڵە کرد و دەبێتە یاسایەک کە ئیرادە و هەبوونی ژن و خێزان بپارێزێت و لە ناوچەکەشدا نمونەی باشترین یاساکانە.
ناوەندی هەواڵ
یاسای خێزان کە لە ڕۆژی ٤ی شوباتدا لەلایەن ئەنجومەنی یاسادانانی کانتۆنی جزیرەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەرکراوە، واژۆی هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی یاسادانان، ئاریا مەلا ئەحمەد و حیکمەت ئەلحەبیبی لەسەرە و لە ڕۆژی دەرچوونیشیەوە کاری پێدەکرێت.
یاسای خێزان، یاسایەکە لەپێناوی هاوژیانێکی ئازاد و دیموکراتیانەدا گەڵاڵە کراوە، لە ٤١ ماددە و بڕگەی جیاواز پێکدێت کە ژیانی خێزانیی، پرۆسەی هاوسەرگیری، جیابوونەوەی تێدا کۆبووەتەوە، هەوڵدراوە کە لە گەڵاڵە یاساکەدا یەکسانی ڕەگەزی نێوان ژن و پیاو ڕەچاو بکرێت و هەموو بڕگەکانی تایبەت بە ژیانی خێزانی، پێکەوەنان و پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و مافەکانی ژن و پیاو و منداڵ دیاری بکات.
تەنها ئەنجامدەری تاوان سزا نادرێت، بەڵکو....
جێی تێڕامانە، لە یاساکەدا فرەژنی، ژن بە ژن، هاوسەرگیری خوار تەمەنی ١٨ ساڵی و هاوسەرگیری زۆرەملێی و چەندین دیاردەی تر، وەک تاوان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دەزگای پەیوندیدار بۆ لێپێچێنەوە دەستنیشان کراوە، نەک تەنیا ئەنجامدەرانی ئەو دیاردانە بەڵکو شایەتحاڵ و هاوبەشەکانیش سزا دەدرێن.
لە بڕگەی یاساکەدا ڕۆڵی ڕێکخراوەی ژنان و خانەی ژنان ئاماژەی پێکراوە و رۆڵیان پەراوێز نەخراوە لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیدا.
تەواوی دەقەکانی یاساکە خێزان وەک دەزگایەکی کۆمەڵایەتی، لەسەر بنەمای ئیرادەی ژن و پیاو و منداڵ، مامەڵە لەگەڵ هاوسەرگیری دەکات و نایبەستێتەوە بە هیچ دەزگا و بەهایەکی تری باوەڕ و ئایدۆلۆژییەوە.
ڕێکاری بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر یاساکە دەگیرێتەبەر
ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، خانەی ژن (ماڵی ژن) و کۆنگرەی ستار لە هەوڵی ئەوەدان کە گفتوگۆیەکی فراوان لەسەر ئەو یاسایە لەناو کۆمەڵگەدا بکەنەوە و هەموو تاکێکی کۆمەڵگەی لێ وشیار بکەنەوە.
لە ئاکادیمیاکان، بەڕێی دەزگاکانی پەروەردە لەسەر ئەرک و مافەکان و دەقی یاساکە ژن و پیاوان پەروەردە دەکرێن، تەنانەت ئاکادیمیای ژنۆلۆژی لەسەر دەقی یاساکە ڕایگەیاند، "ئەوە هەنگاوێکی سەرەتایە و لە داهاتوودا هەوڵدەدەین کۆدەنگییەک لەناو بزوتنەوە، ڕێکخراوەکانی ژنان و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەدا دروستبکەین، بۆ ئەوەی یاساکە لەوەی هەیە زیاتر دیموکراتیزە بکەن و هەوڵی هەموارکردنەوەشی بدەن".
دەقی یاساکە بە زمانی کوردی و عەرەبی؛