تونس، مافی ڕۆژنامەنووسانی ژن پێشێل دەکرێت

ڕۆژنامەنووسانی تونس ڕایانگەیاندووە کە ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافەکان دەبنەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش بەردەوامن لە کارەکانیان.

زهور مەشرەقی

 

تونس- ١٠ی کانوونی دووەم ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤە و ڕۆژنامەنووسانی ژنی تونس سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە لە هۆشیارکردنەوە و ڕزگارکردنی کۆمەڵگەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هەوڵی بڵاوکردنەوەی بەهاکانی ئاشتی و ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و ژنان دەدەن.

 

سەبارەت بە بەشداری ژنانی ڕۆژنامەنووس لە بڵاوکردنەوەی بەهاکانی مافەکانی مرۆڤ و ئاشتی و پابەندبوونی وڵات بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیانەی کە لەلایەن تونسەوە ئەنجامدراون، ڕۆژنامەنووسی تونسیی ئەمیرە محەمەد وتی: ڕاگەیاندن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە و دەرفەتی پێویست دەدات بە ژنانی ستەملێکراو بۆ دەربڕینی هەڵوێستەکانیان و بیستنی دەنگیان و هاندانیان بۆ ئاشکراکردنی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت. بەشداری ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ڕێگەی خەبات بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و باشترکردنی بارودۆخیان و بڵاوکردنەوەی بەها نێودەوڵەتییەکان، ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و هەڵاواردنێکە لە دژی ژنان و پشتیوانیکردنە لە مافەکانیان.

 

"کۆمەڵگە قبوڵ ناکات ژن بە بوێری بیروڕای خۆی دەرببڕێت"

ئەمیرە محەمەد ڕایگەیاند کە ڕۆژنامەنووسانی ژن لە ڕێگەی ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و بوختان دەبنەوە، دەشڵێت: کۆمەڵگەی ئێمە قبوڵ ناکات کە ژنان بە بوێرییەوە بۆچوونی سیاسی خۆیان دەرببڕن. لە میدیای ئەلکترۆنیدا هێرش دەکرێتەسەر ژنان، بەتایبەتی ئەگەر هەڵوێست یان سەرنجی خۆیان وەک کەسانی دیکە سەبارەت بە ڕووداوێک دەرببڕن، سەندیکای نیشتمانیی ڕۆژنامەنووسانی تونس ئەو هێرشانەی ڕاگەیاند کە لەم دواییانەدا لەسەر بنەمای ڕەگەز دژی ڕۆژنامەنووسانی ژن تۆمارکراون، داوا لە ڕۆژنامەنووسانی ژن دەکەم سەندیکاکەیان لەو توندوتیژییەی ئێستا ئاگادار بکەنەوە و بێدەنگی بشکێنن، پێویستە نموونەیەک بن بۆ ژنانی دیکە لە بواری ڕاگەیاندن و پاراستنی مافەکانیان بۆ ڕەتکردنەوەی توندوتیژی و جیاکاری.

 

"ژنان لە زۆرێک لە مافەکانیان بێبەش دەکرێن"

ئەمیمە حەیدەری، ڕۆژنامەنووس، باسی لەوەکرد، کە ڕۆژنامەنووسانی ژن نابێت توندوتیژی بەرامبەریان قبوڵ بکەن، پێویستە ئازابن و ئاماژە بەو توندوتیژییانە بکەن کە بەرامبەریان دەکرێت، فۆرمەکانی توندوتیژی پەرەیان سەندووە و گۆڕاون، ئەمەش پێویستی بەوەیە ژنان هەوڵەکانیان یەکبخەن و ستراتیژیەتێک دابڕێژن کە لەگەڵ واقیعی ژنانی تونسی ئەمڕۆدا بگونجێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، ئێمە ئەم ڕۆژە جیهانییە بۆ مافەکانی مرۆڤ پیرۆز دەکەین، بەڵام سەرەڕای ئەو یاسا و دەستکەوتانەی لە سایەی خەباتی بزووتنەوەی فێمینیستدا بەدەستهاتوون، هێشتا زۆرێک لە ژنان لە زۆرێک لە مافەکانیان بێبەشن. جێگای داخە مانگانە ٤ ژن گیان لەدەستدەدەن.

 

"بەهۆی ژنانی ڕۆژنامەنووسەوە، گفتوگۆکان سەبارەت بە توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا زیاتر دەبن"

ڕۆژنامەنووس سەحەر دەحمان ئاشکرای دەکات، ئەو دیاردە بەربڵاوەی توندوتیژی دژ بە ژنان کە لە میدیاکان باس دەکرێت و کۆمەڵگەی مەدەنی بەرەنگاریی دەبێتەوە، بە مەبەست زیاد دەکرێت، دەشڵێت: نەوەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی ژن کە ماف و ئازادییان هەیە، دروستبوون، نەوەیەک لە خەباتکارانی دژە توندوتیژی بەردەوامن لە دژی ڕژێمە پیاوسالارەکان کە دەیانەوێت هەموو دەستکەوتە فێمینیستەکان لەناو ببەن، بۆ ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان، پێویستە ژمارەی ورد ئاشکرا بکرێن، داوا لە ڕۆژنامەنووسانی ژن دەکەم سەرنج بۆ ئەم دیاردەیە ڕابکێشن، لەبەرئەوەی ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان زیادیکردووە، ناتوانرێت بەمشێوەیە ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەبچێت.