سەما بێکداش: ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان تاکە ڕێگەیە بۆ ڕزگارکردنی ژنان
بەشداربووانی کۆنفرانسی باشووری ئەفریقا دووپاتیان کردەوە بەردەوام دەبن لە خەبات بۆ ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چونکە تاکە ڕێگەچارەسەری زۆرینەی کێشەکانە.
شيرين محەمەد
قامیشلۆ- گروپی کردەوەی کورد بۆ مافەکانی مرۆڤ بە هاوکاری دەستپێشخەری سوریا بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٢٨ی شوباتدا، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە شاری کیپ تاون لە باشووری ئەفریقا، لە ژێر دروشمی "ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان" کۆنفرانسێکیان سازکرد.
لە میانەی کۆنفرانسەکەدا کەسایەتی و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان، سەندیکاکان و پەرلەمانتارانی باشووری ئەفریقا بەشداریان کرد، هەروەها پارێزەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شاندێکی دستپێشخەری سوریا بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد، ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیک، پارتی یەکێتی دیموکراتیک و کۆنگرە ستار لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئامادەی بوون.
ئەنجامدانی کۆنفرانس لە ئەفریقا مانا و کاریگەری گرنگی هەیە
سەما بێکداش، وتەبێژی فەرمی پارتی یەکێتی دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ڕیزی ئەو شاندەی بەشداری کۆنفرانسەکە بوو وتی: ئەم کۆنفرانسە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک بۆنە و چالاکییدا هات کە بۆ داوای ئازادی دەستیپێکرد، کۆنفرانسەکە لە باشووری ئەفریقا بەڕێوەچوو، ئەو ناوچەیە گرنگی زۆری هەیە، بەو پێیەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە کینیا دەستگیرکرا، کە یەکێکە لە وڵاتەکانی باشووری ئەفریقا، هاوکات پەیامێکە بۆ هەموو ئەو هێزانەی کە پیلانگێڕن دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن، کە گەلان یەکبگرن و هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ داوای ئازادی، کۆنفرانسەکە ڕێگەیەک بوو بۆ ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ هێرشەکان و بەئامانجکردنی چالاکوانانی مافی مرۆڤ و سیاسەتمەداران، لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ناوچەکانی باشووری کوردستان.
باسی لەوەشکرد، گفتوگۆکان چەندین خاڵی بنەڕەتی گرنگیان لەخۆگرتبوو کە ئامانجیان ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوو، جگە لە چارەسەرکردنی دەسەڵات و سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەیی و کێشەکانی وڵاتانی هاوچەرخ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی پارتەکان لە باشووری ئەفریقا بە پاڵپشتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها گرنگی چارەسەری دیموکراسی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، هەوڵی ژنان بۆ ئازادی بە ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی پیاوسالاری، هەروەها ڕۆڵ ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە سیاسەت و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگادا.
"خەبات و شۆڕشی ژنان بەس بوو بۆ ئەوەی ببنە نمونە بۆ هەموو ژنانی جیهان"
سەما بێکداش وتی: ئەزموونی ئیدارەی خۆسەری دیمکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشێکی دیکە بوو لە گفتوگۆی کۆنفرانسەکە، هەروەها شاندەکە دەستیان خستە سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا و چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەزموونی ئیدارەی خۆسەر لە جیهاندا، هەروەها پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە بونیادنراوە.
سەبارەت بە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا وتی: هەموو کەسێک کە بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد، ئاگاداری ئەوە بوو ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چیان پێشکەش دەکرد و خەباتیان لە دژی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکرد و پرسی ژنان بوو بە جیهانی.