"ئازاری ژنانی تاقانەی ئەنفال دوو هێندەیە و حکومەت یاساکان جێبەجێ ناکات بۆیان"
ئەنفال بۆ هەموو گەلی کورد ئازارێکی لەبیرنەکراوە و ژنانی تاقانەی ئەنفال ئازارەکانیان دوو هێندەیە، پەرلەمانتاریکیش دەڵێت:حکومەت ئەو پرۆژە یاسایانە جێبەجێ ناکات کە لە بەرژەوەندی تاقانەکانە.
شیرین ساڵح
سلێمانی- تاوانی ئەنفال لای گەلی کورد تاوانێکی لەبیرنەکراوە بە تایبەتی بۆ کەسوکار و تاقانەکانی ئەنفال، کە ئەو ڕۆژە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیانی ئەوان بەجێهێشتووە، سەرەڕای ئەو هەموو ناڕەحەتییەی بەسەر گەلی کوردا هاتووە، تا ئێستا ئەنفال بە جینۆساید نەناسێنراوە، ئەمە نیگەرانی لای کورد دروستکردووە و حکومەتیش بە پێی پێویست هاوکاری ڕزگاربووان و تاقانەکانی ئەنفال ناکات، لە بەرامبەردا ئەمساڵ کەسوکاری ئەنفالکراوان ڕێگەیان نەدا بەرپرسان بەشدار بن لە یادکردنەوەی ئەو ڕۆژەدا.
"داواکاری کەسوکاری ئەنفالکراوان تەنها لە ناڕەزایەتیدا نامێنێتەوە"
شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، ئازارەکانی ئەنفال بەردەوامە لای کەسوکاری ئەنفالکراوان و لە هەر تاوانێکی گەورەی لەم شێوەدا، کە بە هەزاران کەس شەهید دەکرێن و سەروەت و ماڵیان لەناودەبرێت، کۆمەڵێک ئازار و مەینەتی لای کەسوکاریان بەجێدەهێڵن، ئەم کەسانەش پێویستیان بە هاوکاری ماددی و مەعنەوی هەیە، بە تایبەت لەلایەن حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام کاتێک لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەم داواکارییەکانی کەسوکاری ئەنفاکراوانەوە ناچێت، ناڕەزایەتی زۆری لێدەکەوێتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت کە ئەم ناڕەزایەتیانە کاتێکی زۆری پێ نەچێت، بەڵکو کەسوکاری ئەنفالکراوان هەنگاوی جدیتر دەگرنەبەر بۆ بەدەستهێنانی مافکانیان و ئەو هەقانەی لە لایەن حکومەتەوە خوراوە.
"هەڵوێستی خەڵکی گەرمیان بەرامبەر دەسەڵاتداران ئاشتیخوازانە بوو"
شادی نەوزاد هەڵوێستی گەرمیانییەکانی بۆ ڕێگریکردن لە بەشداری بەرپرسان لە یادی ئەنفالدا بە هەڵوێستیکی تەواو مەدەنیانەیە پێناسەکرد و وتی: هەقی خۆیانە، چونکە ئەوەش شێوازێک بوو لە دەربڕینی ناڕەزایەتی، هەڵوێستەکەیان ئاشتیخوازانە بووە، کە تەنها نەیانهێشتووە دەسەڵاتداران بەشداری مەراسیمەکە بکەن، چونکە حکومەت بەدەم داوکاری کەسوکاری ئەنفالکراوانەوە ناچێت، ئەو بڕیارەشی هەیە بۆ تاقانەکانی ئەنفال بەداخەوە، وەکو بەشێک لە یاسا و بڕیارەکانی تر جێبەجێ ناکرێت، ئەمەش جێگەی تێبینیه لەسەر حکومەت کە نەیتوانیووە ئەو گرنگیە زۆرە بدات بە تاقانەکانی ئەنفال، لە کاتێکدا ڕێژەیەکی کەم تاقانەشمان هەیە و ئازارەکانی ئەوانیش دوو هێندەن، چونکە کەسیان نەماوە.
"دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی ژنانی تاقانە قورسە"
شادی نەوزاد ڕوونی کردەوە، قورسی ژیان و ئازارەکان بۆ تاقانەکان زیاترە لە ناویشیاندا تاقانە ژنەکان ژیان زۆر قورسترە، چونکە شێوازی ژیان، ئەو شوێنەی لێی دەژین، کولتوور و شێوازی مامەڵەکردن وا دەخوازێت، ئەگەر ژنێک بە تەنها بێت و لە شارێکی گەورەدا بژی، ژیانی باشترە لەو ژنەی کە تاقانەی ئەنفالە، چونکە دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی تاقانە ژنەکان داناوە، دەبوو حکومەت دەیان پڕۆژەی بۆ خزمەتی تاقانە ژنەکانی ئەنفال هەبوایە لە دوای ئەنفال و گرنگی پێ بدانایە.
وتیشی: دەسەڵاتدارانی هەرێم بە درێژایی حکومڕانیان نەیانتوانیووە کاریگەریە خراپەکانی دوای ئەنفال لەسەر تاقانەکان و کەسوکاری ئەنفاکراوان و ڕزگاربووان کەم بکەنەوە، بۆ قەرەبوو کردنەوەشیان لە ڕووی ماددی و مەعنەویشەوە دەیان پرۆژە هەیە، بە مەرجێک حکومەت جێبەجێیان بکات، گرنگترینیان ئەوەیە هەموو خزمەتگوزارییەکان بە بێ جیاوازی بگەیەنێت بەو ناوچانەی کەسوکاری ئەنفالکراوانی لێیە و بە یەکسانی کار بۆ تاقانەکانی ئەنفال بکرێت، گەڕاندنەوە ژیانی ئاسایی و ڕەخساندنی هەلی کار بۆیانیش بەشێکی هاوکارییەکانە.
"دۆزی ئەنفال شوناسی ئێمەیە"
شادان نەوزاد، پەرلەمانتار، جەختی کردەوە، کەمتەرخەمی حکومەت لە جێبەجێنەکردنی یاسا و پڕۆژەکان و داواکاری کەسوکاری ئەنفالکراوان دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، ئەویش، شەڕە یەک لەدوا یەکەکان، ناکۆکی سیاسی، بۆچوونی جیاواز لەسەر چۆنیەتی گرنگیدان بە کەسوکاری ئەنفالکراوان و ڕزگاربووانی ئەنفال، هەموو ئەمانەش کاریگەرییەکی نەرێنی داناوە لەسەر دۆزی ئەنفال بە گشتی و کەسوکاری ئەنفالکراوان و تاقانەکان بەتایبەتی، بۆیە پێویستە هەموومان پێکەوە هەڵوێستی گەورە و جدی لەسەر بکەین، چونکە بابەتی ئەنفال تایبەت نییە بە لایەنێک و بە حیزبێک، بەڵکو بابەتێکە پەیوەستە بە خاک و نەتەوە و شوناسی ئێمەوە، کە لەوکاتەدا گەلەکەمان ڕووبەرووی قڕکردن بووەتەوە و کاریگەری لەسەر هەموو پێکهاتەکان داناوە.
"پێویستە پەیوەندیمان لەگەڵ دەوڵەتان هەبێت تا ئەنفال بە جینۆساید بناسێنێت"
لە کۆتایی قسەکانیدا شادی نەوزاد، وتی: دەبێت وەکو بابەتێکی نیشتمانی سەیری ئەنفال بکرێت و بابەتە سیسییەکان بەلاوە بنێین، کار بکەین لەپێناو دەستەکەوت بۆ نەتەوە و کورد، کەسوکاری ئەنفالکراوان کێشەی هێنانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوانیشیان هەیە، چونکە تا ئێستا بە پێی پێویست کار بۆ گەڕاندنەوەیان نەکراوە و کەم تەرخەمیەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پێویستی بە کۆمەڵێک پشکنین دەبێت، ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێت، بەداخەوە لە کاتی خۆیدا ئێمە نەمانتوانیووە کارێک بکەین بۆ ئەوەی ئەنفال بە جینۆساید بناسێنین، وەکو چۆن کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان بە جینۆساید ناسێنراوە، بۆ ناساندنی ئەنفال بە جینۆساید پێویستە پەیوەندیمان هەبێت لەگەڵ دەوڵەتانی تردا و ئەو کەسانەی لەپێناو مافەکانی مرۆڤدا کار دەکەن.