"ئەقڵیەتی پیاوسالاری حزبەکان دەستی بەسەر یاساکاندا گرتووە"

سەرەڕای هەبوونی یاسای باش، بەڵام جێبەجێنەکردنی وایکردوە مافەکانی ژنان پێشێل بکرێت، ڕێزان شێخ دلێریش دەڵێت: دەبێت دادوەرەکان لە ئازارەکانی ژنان تێبگەن ئینجا بڕیار بدەن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- یاسا یەکێکە لەو ڕێگەیانەی لە وڵاتاندا دەگیرێتەبەر بۆ بەدەستهێنانی مافی تاکەکەسی، بەڵام لە باشووری کوردستان یاسا بە شێوەیەکی دادوەرانە لە بەرژەوەندی ژنان کار ناکات بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، ژنان مافەکانیان لێ زەوت دەکرێت و ناتوانن لە ڕێگەی یاساوە داوای هەقی خۆیان بکەن، بۆیە ژنان بە تایبەتی لەناو کایەی سیاسیدا دەبێت بێدەنگ نەبن و کارێک بکەن بۆ ئەوەی ئەو ناهەقیە نەمێنێت، هەروەها ئەو دادوەرانەی لە دادگاکاندا کار دەکەن، لە ئازار و توندوتیژیەکان تێبگەن کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە.

 

"حزبە سیاسیەکان بەرنامەیەکیان نیە بۆ پارستنی ژنان"

ڕێزان شێخ دلێر، چالاکوان ئاماژەی بەوەکرد، کە باس لە بەشداری سیاسی ژن دەکەین، یەکێکە لە کایە گرنگەکان، چونکە کێشەی ژنان کێشەیەکی سیاسیە، ئێمەی ژنان بە سیاسی پشتگوێ دەخرێین و دەکرێینە پاشکۆ، لەبەرئەوەی کاتێک ژن بەشداری سیاسەت دەکات و لەناو حزبێکی سیاسیدا کار دەکات بتوانێت بۆ یەکسانی کار بکات بە پەیوەندی بەستن لەگەل حزبەکانی تردا، ئەگەر ژن بەپێی پێویست لە پێگەکانی بڕیارداندا بێت، گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ کۆی ژنان، کاتێک ژنێک دەبینین پۆستێکی حزبی پێدەدرێت، ئەمە بەرەوپێشچوونێکە لە ژناندا دەبینرێت و وا لە ژن دەکات بە ئازادانە لەم پێگانەدا بێت، بەڵام بەداخەوە حزبە سیاسیەکانی ئێمە بەم شێوە کار ناکەن و بەرنامەیەکیان نییە لەناو حزبەکەیاندا تا ژنەکانی تیا بپارێزرێت.

 

"حزبە سیاسیەکان بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری یاساکان بەڕێوەدەبەن"

ڕێزان شێخ دلێر ڕوونی کردەوە، حزبە سیاسیەکان ئەگەر بیانەوێت ژنێک لە سیاسەت دووربخنەوە بە تانە لێدان لە شەرەف و ئەخلاقی ژنەکە دووری دەخەنەوە، وتیشی: ئەمە وایکردووە کە ژنان لە کارکردن بترسن لەناو سیاسەتدا، پێویستە ئێمەی ژنان پێکەوە کار بکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بۆ ئەوەی ڕەوشی ژن بەرەو باشی بڕوات، وە ئەو یاسایانەی پاڵپشتی ژن دەکات زۆر گرنگن، بۆ نمونە ئێمە پێشتر یاسای حزبە سیاسیەکانمان دەرکرد، بەڵام نەمان توانی بیچەسپێنین کە دەبێت ٪٢٥ لە پێگەی بڕیارداندا ژنان بن، چونکە ئەگەر ئەم یاسایە جێبەجێ بکرایە حزبە سیاسیەکان ناچار دەبوون ٪٢٥ بڕیاردان بدەن بە ژنان.

 

هەروەها دەشڵێت: کاتێک ئیسلامی سیاسی دەست دەگرێت بەسەر پێگەکاندا و حزبە سیاسیەکان کە خۆیان بە مەدەنی و سۆشیال دیموکرات دادەنێن، بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری یاساکان بەڕێوە دەبەن و دەسەڵاتی کەسانی مەدەنی زۆر کەم دەبێتەوە، حزبە سیاسیەکان لە ساڵانی پیشتردا باشتر کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا کەوتوونەتە ژێر کاریگەری حزبی سیاسی ئیسلامی.

 

"دەبێت دادوەر لە کاتی بڕیارداندا لە  ئازارەکانی ژنان تێبگات"

ڕێزان شیخ دلێر ئەوەی خستەڕوو، کاتێک باسی جێبەجێکردنی یاسا دەکەین لەناو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەریدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دادوەرەی تا چەند کار دەکات بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری، ئەگەر هۆشیاری تەواو و باوەڕی هەبێت بە یەکسانی ژن و پیاو ئەوە لە جێبەجێکردنی یاساکاندا لەو بارودۆخە سەختە تێدەگات، کە ژنان پێیدا تێدەپەڕن و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و ناتوانن لە ماڵەوە بێنە دەرەوە بۆ کارکردن، کاتێک دادوەر دادەنیشێت دەبێت قەناعەتی بەوە هەبێت ئەو ژنەی ڕۆشتووەتە دادگا ئەوە گەشتووەتە ئەوپەڕی بێ تەحەمولی بارودۆخەکەی، بۆیە ئەمانە هۆشیاری تەواوی دەوێت لە کۆمەڵگەدا، ئێمەی ژنان نابێت بێدەنگ بین لە کاتی جێبەجێکردنی یاساکاندا کە لە بەرژەوەندی ژناندا نەبێت، دەبێت کاری جدی بکەین بەرامبەر ئەو هەموو نادادیە یاسایەی لەناو ئەم کۆمەڵگەدا هەیە.

 

"دەوڵەتانی دراوسێ دەیانەوێت خەباتی ژن بوەستێنن"

هانا شوان، بەرپرسی بەشی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە ڕێکخراوی گەشەپێدانی مرۆیی، ئاماژەی بەوەکرد، بارودۆخی ژنان لە باشووری کوردستان وادەخوازێت چەندین لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، چەندین دەستکەوتی گرنگی ژنان هەیە، بەڵام هەڵمەتێکی ناوزڕاندن و شکۆ شکاندی ژنان هەیە کە بە سپۆنسەری دەوڵەتانی دراوسێ بەرێوە دەبرێت، چونکە دەزانین دەوڵەتانی دراوسێ کاریان کردووەتە سەر باری ئابووری ئێمە و هێرشێکی سەربازیمان لەسەرە، هاوکات لەگەڵ ئەمانەدا ماددەی هۆشبەر، یەکێکە لەو بابەتانەی بەرۆکی کوردی گرتووە و لە دەوڵەتێکی دراوسێوە هەناردە دەکرێت، ئەمانە بۆ ئەوەیە هێرش بکرێتە سەر ژن و دەستکەوتەکانی، بە تایبەتی دوای ئەوەی ژنانی باشوور پشتگیری شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیان کرد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمەش کەوتوەتە سەر ئەوەی تا چەند ژنان خۆڕاگر دەبن بەرامبەر ئەم هێرشانە.

 

هانا شوان وتیشی: لە باشووری کوردستان یاسای زۆر باشمان هەیە، بەڵام کێشە لە جێبەجێکردنیدا هەیە، بە تایبەتی لەسەر پرسی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و کوشتن لەسەر شەرەف، بەڵام چۆنیەتی جێبەجێکردنەکەی کێشەی هەیە بەهۆی جیاوازی شوێنەکان و دەست نەگەشتنی هەندیک لە ژنان بە دادگا، ئەمانەش بوونەتە ئاستەنگی و هێشتا ئەو ئاستەنگیانەمان تێنەپەڕاندووە، بۆیە دەبێت یەکبگرین بۆ تێپەڕاندی ئەم دۆخە.