"حکومەتی عێراق بە دەرکردنی یاساکانی مافی ژنان پێشێل دەکات"

دوای دەرکردنی بڕیاری پێداچوونەوە بە ماددەی ١٨ی یاسای باری کەسێتی هەموارکراوی هەرێم لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقەوە، ژنان هەڵوێستی خۆیان دژی ئەو بڕیارە نیشاندا و دەڵێن: ئەم یاسایە مافەکانی ژنان پێشێل دەکات.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-ژنان ئەو بەشەی کۆمەڵگەن کە هەمیشە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە و مافەکانیان پێشێل کراوە لەلایەن خێزان و حکومەتەوە، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەریدا، چی بە توندوتیژی بێت لەلایەن خێزانەکانەوە یان بە دەرکردنی یاسا بێت لەلایەن حکومەتەوە، حکومەتی عێراقیش کە هیچ یاسایەکی لە بەرژەوەندی ژناندا دەرنەکردووە و لە تازەترین بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقدا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەى ماددەى ١٨ی یاسای هەموارکراوی بارى کەسێتى و بە "نادەستووری" لە قەڵەمیدا، چونکە بە پێی یاسا عێراقییەکە "ئەگەر مێرد ژنێکی دیکەی هێنا، ژنی یەکەم مافی جیابوونەوەی نییە"، بەڵام لەو ماددە هەموارکراوەی هەرێمی کوردستاندا داڕێژراوەتەوە کە، "ئەگەر مێرد ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى جیابوونەوەى دەبێت".

 

"بڕیارەکەی عێراق سەقامگیری لە خێزانەکاندا ناهێڵێت"

ئامینە ئەحمەد، چالاکوانی ژنان و ئەندامی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان، لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقەوە، ئاماژەی بەوەدا، وەکو تۆڕی ڕێکخراوەکان داوا دەکەن هەرێمی کوردستان ئەو یاسایەی حکومەتی عێراق جێبەجێ نەکات، چونکە ئەو بابەتە دەچێتەوە سەر خێزان، "وڵاتێک ئەگەر خۆشگوزەرانی بەرپا بکات لەسەر ئاستی تاک بەڕێوە دەچێت، بۆیە ئەو خۆشگوزەرانیەی کە ئێستا لە خێزانەکاندا هەیە، ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجی بکرێت ئەوا خۆشی و سەقامگیری خێزانەکان نامێنێت و زۆربەی پیاوان خۆشحاڵن بە دەرکردنی ئەم بڕیارە.

 

هەروەها وتیشی: ئەم یاسایە ئەوە ناگەیەنێت کە ژنان چیتر بێدەنگ بن، بۆیە دەبێت ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان دەنگوسەنگی خۆیان هەبێت بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەبەرئەوەی کە حکومەتی هەرێم سەر بە عێراقە، ئەمە وادەکات کە ئەو بڕیارە جێبەجی بکات، بەڵام پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق دەبێت ڕێگری بکەن لەم بڕیارە و بەرگریکارێکی سەرسەختی مافەکانی ژنان بن، چونکە ئەوان نوێنەری خەڵکن و زۆربەیان بە دەنگی ژنان ڕۆشتونەتە ئەو شوێنە.

 

"ژنان مافی خۆیانە ڕووبەڕووی ئەم یاسایە ببنەوە"

ئامینە ئەحمەد جەختیکردەوە کە ڕەتی دەکەنەوە ئەو یاسایە لە هەرێمی کوردستاندا بچەسپێت، چونکە ئەم یاسایە مافەکانی ژنان پێشێل دەکات، "کاتێک ژنێک ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت، بیر لەوە دەکاتەوە کە ژیانێکی خۆشی هەبێت، بۆیە یاسای فرە ژنی دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان، ژنان مافی خۆیانە ڕووبەڕووی ئەم یاسایە ببنەوە، ئەم یاسایە تەنها کاریگەری لەسەر ژنان نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر تەواوی خێزانەکان هەیە".

 

لە کۆتایدا وتی: زۆربەی ژنان ئەم یاسایە قبوڵ ناکەن، بەڵام هەندێک لە ژنانیش کە ئەو یاسایە قبوڵ دەکەن لەژێر فشاردان، بۆیە دەبێت ژنان هۆشیار ببنەوە و ڕێکخراوەکان هەوڵبدەن لە بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری ژنان، حکومەتی عێراق لە جیاتی ئەوەی یاسا دەربکات بۆ نەهێشتنی توندوتیژی، بەڵام دەرکردنی یاساکانی لە دژی ژنانە و وادەکات ژنان زیاتر توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، بۆیە ئەم یاسایەنەی حکومەتی عێراق لە بەرژەوەندی حکومەتەکەی خۆیەتی".

 

"حکومەتی عێراق بە دەرکردنی یاساکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆن"

گوڵزار نەقشبەندی، نوێنەری یەکیتی ژنان لە تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان، وتی: ئێمە وەکو ژنان دژی ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق دەوەستینەوە کە هیچ لە بەرژەوەندی ژناندا نییە و خزمەت بە ژنان ناکات، حکومەتی عێراق دەیەوێت بە دەرکردنی ئەم یاسایانە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆن، ئێمە لە سەردەمێکداین کە پێویستە کار لەسەر ئەوە بکەن، ئەو یاسایانە جێبەجێ نەکرێن، ئەو یاسایانە ئەگەر جێبەجێ بکرێن مافەکانی ژنان بە تەواوی پێشێل دەکرێت، پێویستە ئێمە کار لەسەر ئەوە بکەین کە دەنگی ژنان بگەیەنین بۆ ئەوەی مافەکانی خۆیان بە ڕەوا وەربگرن، ئەرکی ئێمەیە وەکو ڕێکخراوەکان کە نەهێڵین یاسا دەربکرێت لە دژی ژنان.

 

بەپێی ماددەی ١٨ لە یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ (یاسای باری كەسێتیی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەمواركراو)، تێیدا كاركردنی بە بڕگەی پێنجەم لە ماددەی ٤٠ی هەمان یاسای عێراقی ڕاگرتووە و لە جێگەیدا بڕگەكەی بەم شێوەیە داڕشتووەتەوە: (ئەگەر هاوسەر (پیاو) ژنی دووەمی هێنا، ژنی یەكەم مافی هەیە داوای جیابوونەوە بكات).

 

٣٠ی تشرینی دووەم، دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەى ماددەى ١٨ی یاسای هەموارى جێبەجێکردنى یاساى بارى کەسێتى و بە "نادەستووری" لە قەڵەمیدا، چونکە بە پێی یاسا عێراقییەکە "ئەگەر مێرد ژنێکی دیکەی هێنا، ژنی یەکەم مافی جیابوونەوەی نییە"، بەڵام لەو ماددە هەموارکراوەی هەرێمی کوردستاندا داڕێژراوەتەوە کە، "ئەگەر مێرد ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى جیابوونەوەى دەبێت".