یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ١١ ساڵە هەیە و ئێستا بووەتە مۆتەکە
هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژن کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەکاتێکدا یاساکە لە ساڵی ٢٠١١ەوە هەیە، لایەنە ئیسلامییەکان و بەشێکی پەرلەمانتاران دوای ١١ ساڵ بە توندی دژی دەوەستنەوە و پێیانوایە دژی ئاینە.
لاڤە کوردە
ناوەندی هەواڵ – پشت بەست بەحوكمی بڕگەی "١" لە ماددەی "٥٦" لە یاسای ژمارە "١"ی ساڵی ١٩٩٢ هەمواركراو و لەسەر ئەوەی ژمارەی یاسایی لە ئەندامانی پەرلەمان خستیانەڕوو، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان-عێراق لە دانیشتنی ئاسایی گرێدراوی ژمارە (٢٨) لە ٢١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١١ بڕیاری دەركردنی یاسای "بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی كوردستان – عێراق"دا.
یاسای ژمارە "٨"ی ساڵی ٢٠١١
ماددەی یەكەم:
مەبەست لەم زاراوانەی خوارەوە واتاكانی بەرانبەریانە بۆ مەبەستەكانی ئەم یاسایە:
یەكەم: هەرێم: هەرێمی كوردستان-عێراق
دووهەم: خێزان: كۆمەڵە كەسێكی سروشتین پەیوەندی هاوسەرگیری یان خزمایەتی پێكەوە دەیانبەستێتەوە تاكو پلە چوار و هەر كەسێك لەوانەی بە یاسا خراوەتە پاڵ خێزان.
سێهەم: توندوتیژی خێزانی: هەموو كردارێك یان وتەیەك یان هەڕەشەكردن پێیان، لەسەر بنچینەی جۆری كۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی پەیوەندیە خێزانیەكاندا كە بنیات نراوە لەسەر بنچینەی هاوسەرگیریو خزمایەتی تاكو پلە چوار و ئەوەی خراوەتە پاڵ خێزان بە یاسا كە ئەشێت زیان بگەیەنێت لە ڕووی جەستەیی و سێكسی و دەروونی و داماڵینی مافەكان و ئازادیەكان.
چوارەم: دادگا: دادگای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی.
ماددەی دووهەم:
یەكەم: قەدەغە دەكرێت لەسەر هەركەسێك كە وابەستەی پەیوەندی خێزانی بێت توندوتیژی خێزانی ئەنجامبدات لەوانەش توندوتیژی جەستەییو سێكسیو دەرونی لە چوارچێوەی خێزان، ئەم كردارانەی لای خوارەوە وەك نمونە بە توندوتیژی خێزانی دادەنرێت:
١.زۆر لێكردن لە هاوسەرگیری.
٢. هاوسەرگیری ژن بە ژنو بە شوودانی بچووك.
٣.بەشوودان لە بری خوێن.
٤.جیابوونەوەی بە زۆر.
٥.بڕینی پەیوەندی خزمایەتی.
٦.زۆر لێكردنی مێرد لە ژنەكەی لەسەر لەشفرۆشیو داوێن پیسی كردنە پیشە.
٧.خەتەنەكردنی مێینە.
٨.ناچاركردنی تاكەكانی خێزان لەسەر وازهێنان لە فەرمانبەریەتی یان كار بەبێ ڕەزامەندی خۆیان.
٩.ناچاركردنی مناڵان لەسەر كاركردنو دەرۆزە كردنو وازهێنان لە خوێندن.
١٠.خۆكوشتن بە كاریگەری توندوتیژی خێزانی.
١١.لەباربردن بە كاریگەری توندوتیژی خێزانی.
١٢.لێدانی تاكەكانی خێزانو مناڵان بەهەر بیانوویەك.
١٣.ڕیسواكردنو جنێودانو جنێودان بە كەسوكار و بەرەو ڕوو، تەماشاكردنیان بەكەمو ئازاردانو پیادەكردنی گوشاری دەروونی لەسەریو پێشێل كردنی مافەكانیو بەزۆر سەرجێی كردنی هاوسەریەتی.
دووهەم: زیان لێكەوتوو لە توندوتیژی خێزانی دەستەبەریەكانی پاراستنی لە توندوتیژی هەیە.
سێهەم:
١. داوا دەجووڵێنرێت لە كێشەكانی توندوتیژی خێزانی لەلایەن زیان لێكەوتوو یان ئەوەی بەپێی یاسا لە جێگای ئەو هەڵدەستێت بە هەواڵدان كە پێشكەش دەكرێت بە دادگا یان لێكۆلەرەوە یان بەرپرسی بنكەی پۆلیس یان داواكاری گشتی.
٢.بۆ كارمەندان لە بواری تەندروستیو پەروەردەو بنكە فەرمییەكان هەیە هەواڵ بدەن بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی توندوتیژی خێزانی.
چوارەم: كارڕاییەكانی لێكۆلینەوە و دادگایی كردن لە كێشەکانی توندوتیژی خێزانی بە نهێنی دەبێت.
ماددەی سێهەم:
یەكەم: دادگایەكی تایبەتمەند بە كێشەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی پێكدەهێنرێت بە پێی (یاسای دەسەڵاتی دادوەری هەرێم) ژمارە "٢٣"ی ساڵی ٢٠٠٧.
دووهەم: لەسەر وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیە لە هەرێم بنكەی داڵدەدان بۆ قوربانیانی توندوتیژی خێزان دابین بكات.
سێهەم: كێشەكانی توندوتیژی خێزانی خزمەتگوزاریەكانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.
چوارەم: لەسەر وەزارەتی تەندروستیە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی چاودێری تەندروستی دەستەبەر بكەنو دووبارە شیاندن بكەنەوە بۆ زیان لێكەوتوو لە توندوتیژی خێزانی.
پێنجەم: بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بەژن لە وەزارەتی ناوخۆ تایبەتمەند دەبێت بە بەدواداچوونی كێشەكانی توندوتیژی خێزانی.
شەشەم: لەسەر وەزارەتی ناوخۆیە بەشێكی تایبەت دروست بكات لە بواری پۆلیس پێكهاتەكەی بە شێوەیەكی بنەڕەتی لە پۆلیسی ژن بێت بۆ هەڵسوكەوت كردن لە كێشەكانی توندوتیژی خێزانی.
حەوتەم: لەسەر وەزارەتو دەستە فەرمییە تایبەتمەندەكانە برەو بدەن بە ڕۆشنبیری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی.
ماددەی چوارەم:
یەكەم: دادگای تایبەتمەند فەرمانی پاراستن دەردەكات لەكاتی پێویست یان لەسەر داوای هەرتاكێك لە تاكەكانی خێزان یان ئەوەی نوێنەرایەتی دەكات وەك كارڕاییەكی كاتی بۆ پاراستنی قوربانیانی توندوتیژی خێزانی كە دەبێت فەرمانەكە ماوەی پاراستن لەخۆبگرێت، بۆی هەیە درێژی بكاتەوە هەر كاتێك پێویستی كرد.
دووهەم: بۆ داواكاری پاراستن هەیە واز بهێنێت لەم كارە لەسەر بنەمای پێشهاتەكان ولەسەر دادگایە جەختبكاتەوە لەوەی كە داوای هەڵوەشاندنەوەكە بە ئارەزوو پێشكەش كراوە و ئەوە لە بەرژەوەندی زیان لێكەوتووە.
سێهەم: فەرمانی پاراستن ئەمانە لەخۆدەگرێت:
١. بەڵێن نامە لە سكاڵا لێكراو بە دەستدرێژی نەكردنە سەر زیان لێكەوتوو یان هەر تاكێك لە تاكەكانی خێزان.
٢.گواستنەوەی قوربانی بۆ نزیكترین نەخۆشخانە یان بنكەی تەندروستی بۆ چارەسەركردنی لە كاتی پێویست یان ئەگەر قوربانیەكە داوای ئەوەی كرد.
٣.ڕێگا نەدان بەسكاڵا لێكراو بۆ چوونە ناوماڵی خێزانی بە بڕیاری دادگا بۆ ئەو ماوەییەی كە بەباشی ئەزانێت لە حاڵەتی بوونی مەترسی لەسەر سكاڵا لێكراو یان هەر تاكێك لە تاكەكانی خێزان.
چوارەم: لە حاڵەتی پێشێلكردنی فەرمانی پاراستن سەرپێچی كار سزا دەدرێت بە حەپسكردن ماوەیەك لە ٤٨ كاتژمێر زیاتر نەبێت یان بە بژاردن لە ٣٠٠ هەزار دینار كەمتر نەبێت.
ماددەی پێنجەم:
لەسەر دادگایە لایەنەكانی سكاڵا ئاڕاستەی لیژنە بكات كە پێكدێت لە شارەزاو پسپۆڕان بۆ چاكسازی نێوانیان پێش ئاڕاستەكردنی كێشەكە بۆ دادگای تایبەتمەند و هەروەها لەو كێشانەی كە دەكرێت ئاشتەواییان تێدا بكرێت، بەڵام كاریگەری نەكاتە سەر كارڕاییەكانی پاراستن كەلەم یاسایەدا هاتووە.
ماددەی شەشەم:
لەگەڵ بەجێهێنانی هەر سزایەكی توندتر كە بە دەق لە یاساكانی بەركار لە هەرێمدا هاتووە:
یەكەم: سزا دەدرێت بە بژاردن كەمتر نەبێت لە یەك ملیۆن دینار و زیاتر نەبێت لە ٥ ملیۆن دینار هەركەسێك هانی ئەنجامدانی كردەوەی خەتەنەی مێینە بدات.
دووهەم: سزا دەدرێت بە زیندانیکردن ماوەکەی كەمتر نەبێت لە ٦ مانگ و زیاتر نەبێت لە دوو ساڵ و بە بژاردن كەمتر نەبێت لە دوو ملیۆن دینار و زیاتر نەبێت لە ٥ ملیۆن دینار یان بە یەكێك لەم دوو سزایە هەر كەسێك هەڵسێت بە ئەنجامدان یان هاوبەش بێت لە كردەوەی خەتەنەی مێینە.
سێهەم: سزا دەدرێت بە زیندانیکردن ماوەکەی كەمتر نەبێت لە یەك ساڵ و زیاتر نەبێت لە سێ ساڵ و بە بژاردن كەمتر نەبێت لە ٥ ملیۆن دینار و زیاتر نەبێت لە ١٠ ملیۆن دینار یان بە یەكێك لەم دوو سزایە هەركەسێك هەڵسێت بەئەنجامدان یان هاوبەش بێت لە كردەوەی خەتەنەی مێینە ئەگەر هاتوو ناكام بوو.
چوارەم: بە بارودۆخی توندكردن دادەنرێت بۆ تاوانكار ئەگەر هاتوو بكەر پزیشك یان دەرمانساز یان كیمیاگەر یان مامان یان یەكێك لە یاریدەدەرەكانیان بوون و لەسەر دادگایە فەرمان بدات بە قەدەغەكردنی پەیڕەوكردنی پیشەكەی یان كارەكەی ماوەیەك زیاتر نەبێت لەسێ ساڵ.
ماددەی حەوتەم:
لەگەڵ بەجێهێنانی هەر سزایەكی توندتر كە بەدەق لە یاساكانی بەركار لە هەرێمی كوردستان هاتووە، سزا دەدرێت بە زیندانیکردن ماوەکەی كەمتر نەبێت لە ٦مانگ و زیاتر نەبێت لە سێ ساڵو بە بژاردن كەمتر نەبێت لەیەك ملیۆن دینار و زیاتر نەبێت لە ٥ملیۆن دینار یان بە یەكێك لەم دوو سزایە هەر كەسێك توندوتیژیەكی خێزانی ئەنجام بدات.
ماددەی هەشتەم:
حوكمەكانی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی هەمواركراو و یاسای بنەماكانی دادگایكردنی سزایی ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧١ هەمواركراو و یاسای هەمواركردنی جێبەجێكردنی یاسای باری كەسیەتی ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ و یاساكانی تری بەركار لە هەرێم جێبەجێ دەكرێت ئەگەر هاتوو دەقی لەسەر نەهاتبوو لەم یاسایە.
ماددەی نۆیەم:
لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانو لایەنە پەیوەندیدارەكانە حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ بكەن.
ماددەی دەیەم:
ئەم یاسایە جێبەجێ دەكرێت گوزارشت لە مێژووی بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان)
داوای هەموارکردنەوەی یاساکە کرا
زیاتر لە ساڵێکە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو یاسایەی ساڵی ٢٠١١ هەموار بکاتەوە، چونکە پێیوایە دوای ١٠ ساڵ گۆڕانکاری ڕوویداوە و دەبێت یاساکەش گۆڕانکاری تیدا بکرێت، لە ناوەڕۆکی پڕۆژەی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزاندا کە ٣١ی ئاداری ٢٠٢١ ڕەوانەی لیژنەی یاسایی کراوە، ٢١ی ئەیلولی ئەمساڵ خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرا و لە ١٠ ماددەوە زیاد کراوە بۆ ١٤ ماددە، لە کاتی خوێندنەوەی دووەمدا چەند گۆڕانکارییەک لە خاڵەکانیدا بووە هۆی گفتۆگۆیەکی ئاڵۆز لە کاتی دانیشتنی پەرلەماندا.
هەندێک لە خاڵەکانی پێشنیازە یاساکەیە کاردانەوەی لێکەوتەوە
یەکێک لەو خاڵانەی کە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەوەیە کە، هەر کەسێک بە ڕوودانی تاوانێکی توندوتیژیی بزانێت، بۆی هەیە هەواڵ بداتە دادوەری لێکۆڵینەوە یان لێکۆڵەر، یان داواکاری گشتی، یان بەرپرس لە بنکەی پۆلیس، یان ئەندامێکی بەرزەفتەیی دادگاریی.
لە خاڵێکی دیکەدا هاتووە: هەواڵدەر لە تاوانەکانی توندوتیژی بۆی هەیە داوا بکات ناسنامەکەی ئاشکرا نەکرێت.
لە هەمان ئەو ماددەیەدا هاتووە: لە هەر دادگایەکی لێکۆڵینەوە تۆمارنامەیەکی تایبەت رێکدەخرێت، بەناوی "تۆمارنامەی هەواڵدەرە نهێنییەکان" تێیدا پوختەی هەواڵدان و وتەی هەواڵدەر دەنووسرێت و بێجگە لە دادوەر یان دادگای تایبەتمەند، کەس بۆی نییە بڕوانێتە ئەم تۆمارنامەیە.
لە ماددەیەکی دیکەی پێشنیازە یاساکەدا بۆ هەموارکردنەوە، هاتووە:
١.دادگای لێکۆڵینەوە یان دادگای تایبەتمەند بۆی هەیە فەرمانێکی خۆپارێزی دەربکات، بە دوورخستنەوەی ئەو کەسەی توندوتیژیی خێزانی ئەنجامداوە و لە ماڵی خێزانەکە و رێگەنەدانی بە پەیوەندیدکردن بە کەسی قوربانی، تاوەکو پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی پێدانی تێچووەکانی خێزان ئەگەر بەخێوکەربێت.
٢. ئەو کەسەی توندوتیژی خێزانی ئەنجامداوە و لە خێزان دوورخراوەتەوە، بۆی نییە پەیوەندی بکات بە تاکەکانی خێزانی، تەنیا بە رەزامەندیی ئەوان یان رەزامەندیی نوێنەری یاسایی تاکەکانی خێزانی نەبێت، ئەگەر تەمەنی ١٨ ساڵیان تەواو نەکردبێت و قوربانییەکە بێ لێهاتوویی بێت، چاوپێکەوتنەکەش لە شوێنێک دەکرێت، کە دادوەری لێکۆڵینەوە یان دادگای تایبەتمەند دیاری دەکات، بە سەرپەرشتی توێژەری کۆمەڵایەتی لە نووسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بە ئامادەبوونی ئەفسەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.
هەروەها بابەتی سەرجێیکردن کە بەزۆر دەبێتە توندوتیژی و لە ساڵی ٢٠١١ەوە لە بڕگەی ١٣ی یەکەمی ماددەی ٢ی یاساکەدا هەیە کەس تێبینی لەسەر نەبوو، بەڵام لەکاتی خوێندنەوەی دووەم مشتومڕێکی زۆری دروست کردووە و کاردانەوەی نەرێنی کۆمەڵگەشی بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران بێئاگابوون لێی و ئێستا پێیانوایە ئەمە لادانە لە ئاینی ئیسلام و شیرازەی خێزان تێکدەدات.
هەربۆیە لایەنەکانی ناو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی پڕۆژەی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان ناکەن و ڕەتیدەکەنەوە، هەربۆیە بڕیاردرا کە ڕەوانەی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم بکرێت تا ئەوان بڕیار بدەن کە ئەم هەموارە لادانە لە شەریعەتی ئیسلام یاخود نا.
شۆخان ئەحمەد پارێزەر و ئامادەبووی دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە یاساکە لە لێدوانێکی پێشویدا بۆ ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر ئەم یاسایە بەم شێوازەی ئێستا هەموار نەکرێتەوە، ئەوا هەر کار بە یاسا کۆنەکە بکرێت باشترە.