دوای زیندان ژنانی مەغریبی ڕووبەڕووی چەواشەکاری کۆمەڵایەتی دەبنەوە

هەرچەندە ژنان ڕێژەیەکی کەم لە زیندانییەکان پێکدەهێنن، بەڵام ئازارەکانیان دوای ئازادکردنیان، خەباتێکی دوولایەنە ئاشکرا دەکات: دووبارە بونیادنانەوەی ژیانیان و وەرگرتنەوەی شکۆی خۆیان لە کۆمەڵگەیەکدا کە ڕەتیدەکاتەوە ڕابردوو لەبیربکات.

حەنان حارت

 

مەغریب - لە مەغریب، ئازاری ژنان کۆتایی نایەت بە دەرچوونیان لە زیندان، ئازادی یاسایی بەس نییە بۆ لابردنی سنووردارکردنی دەرونی و کۆمەڵایەتی، زیندانیانی پێشوی ژنان ڕووبەڕووی "دادگای کۆمەڵایەتی" دەبنەوە کە ڕۆژانە بە چاولێکردن و بێدەنگی و پێشوەختە زانین دادوەریان لەسەر دەکەن، ئەم ڕاستیە وا دەکات ئازادکردن تەنها سەرەتای شەڕێکی دیکە بێت، زۆرجار لە خودی سزاکە قورسترە.

 

بەپێی ئامارە فەرمیەکان کە لەلایەن شاندی گشتی بۆ بەڕێوەبردن و یەکخستنەوەی زیندانەکانەوە دەرچووە، ژمارەی زیندانیانی ژنان لە مەغریب لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتە نزیکەی هەزار و ٨١٦ زیندانی، کە لەو ژمارەیە هەزار و ٥٧٤ کەسیان لە زیندانەکاندا بوون، و دەکاتە نزیکەی لە ٢.٥%ی کۆی دانیشتوانی زیندانەکان، ساڵانە ژنان نزیکەی لە ٤%ی زیندانیە نوێیەکان پێکدەهێنن.

 

"سزاکە لە دیوارەکانی زیندان کۆتایی نایەت"

لەناو ئەم ژمارانەدا چیرۆکی مریەم محەمەد (ناوی خوازراو) دیارە، ژنێکی لە تەمەنی شەستەکانە و دایکی سێ منداڵی پێگەیشتوە، لە شاری داربەیزا دەژی، ئەو سێ ساڵ لەمەوبەر چووە زیندان بەهۆی دەرکردنی چەکی هەڵگەڕاوەوە، وتی:  نیازی فێڵ نەبووە، بەڵام بە قەیرانێکی دارایی سەختدا تێدەپەڕێت کە ناچاری کردوە ئەو مەترسیە بکات.

 

دوای چەند مانگێک لە زیندان، دەرکەوت بۆ ئەوەی بۆی دەرکەوت کە سزاکەی لە دیوارەکانی زیندان کۆتایی نەهاتووە، نیگای دراوسێکانی و قسە و قسەڵۆکی کەسوکاری و پچڕانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ژیانی لە ژووری زیندانەکەی زیاتر قەتیستر کرد، ماوەیەکی کورت زیندانیم بەسەر برد، بەڵام کاریگەریەکانی تا ئەمڕۆش هێرشیان کردوەتە سەرم، تێڕوانینی خەڵک بۆ من نەگۆڕاوە، هەندێک لە دراوسێکان لە پشتمەوە چرپە دەکەن، هەندێکی دیکەش خۆیان لە قسەکردن لەگەڵم دەپارێزن.

 

پێموابوو سزاکە زیندانیە، بەڵام بۆم دەرکەوت کە دادگاییکردنی ڕاستەقینە دوای ئەوە دەستپێدەکات، جەختی لەوە کردەوە، کە کۆمەڵگە لەبیری ناکات، من داوای زۆر ناکەم، تەنها ئەوەیە کە بە ڕێزەوە مامەڵەم لەگەڵ بکەن.

 

بۆ مریەم محمد هێشتا خەونەکەی سادەیە: ژیانێکی ئاسایی بێ پرسیار، و ماڵێک کە سەردانکەران بەبێ گومان بچنە ژوورەوە، بەڵام ئەو تێدەگات کە ڕێگای پێشەوەی لە کۆمەڵگەیەکدا درێژە کە لەبیری ناکات، تەنانەت ئەگەر یاساکانیش لێخۆشبوو بن.

 

"ستیگمای کۆمەڵایەتی"

وەهیبە عەرش کە بەرپرسیارە لە وەرگرتن و گوێگرتن لە زیندانیانی ژن لە کۆمەڵەی "بازنە - بەیەکەوەبووم - زیندان - کۆمەڵگە" جەختی لەوە کردەوە، کە سزای ڕاستەقینە بۆ زۆرێک لە زیندانیانی ژنان لە دوای ئازادکردنیانەوە دەست پێدەکات، ژنان نەک هەر ڕووبەڕووی کاریگەریەکانی ئەزمونی زیندانیان دەبنەوە، بەڵکو لە ناو خێزان و کۆمەڵگەکانیاندا چەواشەکاریەکی کۆمەڵایەتی زۆر بەهێزیش ڕووبەڕوو دەبنەوە. لە زۆر حاڵەتدا خێزانەکان لە کاتی ئازادکردنی کچەکانیاندا ڕەتیدەکەنەوە پێشوازی لە کچەکانیان بکەن، تەنانەت ئەگەر زیندانیکردنەکە لە ئەنجامی نادادپەروەری یان هەلومەرجێکی ناچارکەریش بووبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان لە چاوی خێزانەکانیاندا وەک مایەی شەرمەزاری سەیر دەکرێن، وەک دایک و ژن و ئەندامی کۆمەڵگە ڕەتدەکرێنەوە، ئەم چەواشەکاریە لاوازیان ئاڵۆزتر دەکات و ڕێگری دەکات لە هەر هەوڵێک بۆ یەکگرتنەوە، ژنێک لە تەمەنی شەستەکاندا هاتبوو بەدوای چاکسازیدا، تەنانەت توانای گواستنەوەی نەبوو و پێی وتم تەنانەت منداڵەکانم نازانن سەردانی کۆمەڵەکە دەکەم.

 

وەهیبە عەرش ئاماژەی بەوەدا: کە بەشێک لە ژنان بوونەتە قوربانی ناکۆکی بچوک لەگەڵ دراوسێ یان کێشەی خێزانی، بەڵام ئەمانە لە زیندان کۆتایان هات، دوای ئازادکردنیان، بە گرژی دەمێننەوە، لە ترسی ئاشکرابوونی ڕابردویان و هەڵگری هەستێکی درێژخایەنی شەرمەزارین، هەرچەندە ئەزمونەکانیان هەمیشە دەرئەنجامی تاوانێکی ڕاستەقینە نەبوون.

 

“بەهێزکردنی یاسایی و پشتگیری دەروونی"

سەبارەت بە کارەکانی کۆمەڵەکەش ئاماژەی بەوەکرد، یەکەم شت کە کۆمەڵەکە دەیکات لەکاتی وەرگرتنی ژنان گوێگرتنە، زۆرێک لەو ژنانەی لە زیندان ئازادکراون زۆر پێویستیان بە کەسێکە کە لە ئازارەکانیان تێبگات، ئێمە بە پاڵپشتی دەرونی دەستپێدەکەین، دواتر یارمەتیان دەدەین کارێک بدۆزنەوە کە لەگەڵ تواناکانیاندا بگونجێت، بەتایبەتی کە زۆرێکیان دایکن و کێشەیان هەیە بۆ دابینکردنی خەرجیەکانی خوێندنی منداڵەکانیان.

 

ئاماژەی بەوەکردوە، هەروەها کاردەکەین بۆ بەهێزکردنیان لەڕووی یاساییەوە لەڕێگەی ڕێنماییکردنیان بۆ تێگەیشتن لە مافەکانیان، بەتایبەتی سەبارەت بە ماددەی ٦٨٨ی یاسای سزادان، و یارمەتیدانیان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی پێویست بۆ تێکەڵبوون بە ڕێگا ئابوورییەکان کە شکۆیان دەپارێزێت و ڕێگرییان لێدەکات لە گەڕانەوەیان بۆ پەراوێزخستن یان شکست.

 

وەهیبە عەرش جەختی لەوە کردەوە، کە لە چاوی کۆمەڵگەدا ژنان هەمیشە تاوانبارن، چ لەناو خێزان یان دامەزراوەکاندا، ئەم بۆچوونە لە ئەنجامی ئەقڵیەتێکی باوەوە دێتە ئاراوە کە پیاوان هەمیشە بە ڕاست دەزانێت و تاوانباری دەکەوێتە سەر ژنان بەبێ گوێدانە بارودۆخەکە، چاوەڕوان دەکرێت ژنان سەبر و لێبوردە و گوێڕایەڵ و خزمەتکار بن، هەمیشە لە پێگەی نیشتەجێبووندا بمێننەوە نەک چالاک.

 

سەرەڕای هەوڵی ڕێکخراوەکانی وەک "بازنە - بەیەکەوەبوون – زیندانی -کۆمەڵگە"، خەباتی ژنان لەگەڵ کۆمەڵگە بە درێژ و ئاڵۆز دەمێنێتەوە، چەواشەکاری کۆمەڵایەتی و نەبوونی بەرنامەی پشتیوانی دامەزراوەیی گونجاو، ئازادی دەکاتە ئەزمونێکی ناتەواو، پرسیارەکەی کە دەمێنێتەوە: ئایا ئەو ژنانە دەرفەتی ڕاستەقینەیان بۆ یەکگرتن و دانپێدانانی کۆمەڵایەتییان پێدەدرێت، یان ئازادی بە دواخراوی دەمێنێتەوە؟.