"دادگاییکردنی داعش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕێگەگرتن لەو هەڕەشەیەی لەسەر جیهان دروستی دەکات"

پارێزەران لە کۆبانێ لە ناوچەی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتیوانی لە بڕیارەکەی خۆبەڕێوەبەری دەکەن بۆ دادگایکردنی چەتەکانی داعش کە لەلایەن ئەوانەوە دەستگیرکراون.

نورشان عەبدی

کۆبانێ- لە ١٠ی حوزەیران، خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند بڕیاریدا بۆ دادگایی کردنی چەتە بیانییەکانی داعش کە خەڵکی ٦٠ وڵاتن، ئەوانەی لە دەستپێکی هەڵمەتی ئازادکردنی شاری کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە دەستگیرکراون، هەتا ئازادکردنی شارۆچکەی باغۆز، کە دوایین بنکەی چەتەکان بوو لە ساڵی ٢٠١٩ و ئێستا لە زیندانەکاندان، ئەم بڕیارە وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی خۆبەڕێوەبەری بۆ گەڕاندنەوەی چەتە بیانییەکانی داعش بۆ وڵاتەکانیان یان دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بۆ لێپرسینەوە لەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە.

ڤیان ئەیوب، هاوسەرۆکی یەکێتی پارێزەران لە کۆبانێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەختی لەوە کردەوە کە بڕیارەکەی خۆبەڕێوەبەری بۆ دادگاییکردنی چەتەکانی داعش هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ ڕێگریکردن لەو مەترسییەی لەسەر هەموو جیهان دروستی کردووە، وتیشی: هەموو جیهان ئاگاداری داعشن، چونکە شایەتی ئەو تاوانانە بوون کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و عێراق و شەنگال ئەنجامی داوە.

 

"خۆبەڕێوەبەری بڕیاری دادگایی دا چونکە وەڵامی داواکارییەکانی نەدرایەوە"

ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین کۆمەڵکوژی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجامدراون، هەموو ئەوانەی کوشتووە و ئەشکەنجەیانی داوە کە پابەندی فەرمانەکانی ئەو نەبوون، وتیشی: دوای ئازادکردنی دوایین بنکەکانی داعش، زیندانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا قەرەباڵغ بوون، زۆربەی چەتەکان نەتەوەی بیانی و وڵاتانی جۆراوجۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، لەڕووی یاساییەوە، نابێت بەبێ دادگاییکردن لە زینداندا بمێننەوە، بۆیە خۆبەڕێوەبەری بڕیاریدا دادگاییکردنێکیان بۆ ئەنجام بدات، ئەم بڕیارە دوای چەندین هەوڵدان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەوروپا درا، بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی خۆیان لە ئەندامانی داعش و بەرپرسیارکردنیان لەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە، بەڵام وەڵامی داواکارییەکانیان وەرنەگرت سەرەڕای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە بەشداری ٧٢ وڵات لە کاتی شەڕکردن.

جەختی لەوەکردەوە کە دادگاییکردنەکان بە شێوەیەکی گشتی و شەفاف و کراوە دەبن بۆ ڕای گشتی و میدیاکان و داوای لە هەموو وڵاتان کرد بەشداری لەم دادگاییکردنەدا بکەن و چاودێرانی نێودەوڵەتی بنێرن بۆ چاودێری و بەدوای بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا بگەڕێن کە تا چ ڕادەیەک ئەم دادگاییکردنە دادپەروەرانە دەبێت، هەروەها دادگاییکردنەکان لەگەڵ یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ و تیرۆریزمدا دەگونجێت، جگە لەو پەیماننامە کۆمەڵایەتییەی کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پەسەندکراوە.

 

"خۆبەڕێوەبەری دەستی بە ئامادەکاری کردووە"

ڤیان ئەیوب ئاماژەی بەوەشکرد، لەوەتەی بڕیاری دادگاییکردنی داعش ڕاگەیەنراوە، خۆبەڕێوەبەری دەستی بە ئامادەکارییەکانی کردووە و پارێزەران دەستنیشان دەکرێن بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئەندامانی داعش کە دادگایی دەکرێن، چونکە مافی بەرگری لە ڕووی یاساییەوە پیرۆزە، وتیشێ: دادگاییکردنەکە بە ئامادەبوونی داواکاری گشتی بەڕێوە دەچێت و ڕێوشوێنە تاوانکارییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ دەکرێن، ژنان و منداڵان و خێزانەکانی چەتەکانی داعش کە لە کامپی هۆلن لە ئێستادا دادگایی ناکرێن، بەڵام لێکۆڵینەوە لەوە دەکرێت کە ئایا دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانی کوشتنەکاندا.

سەبارەت بە گرنگی دادگاییکردنی ئەندامانی داعش بۆ خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وتی: ئەم دادگاییکردنە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی تیرۆریزمی داعش، چونکە هێشتا شانەیەک هەیە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوکراونەتەوە و بە سەختی کاردەکەن بۆ چالاککردنی خۆیان، پێویستە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ لەناوبردنی بەکرێگیراوەکان و پاراستنی خەڵکی ناوچەکە.