بەهۆی خەتەنەکردنەوە کچان و ژنان تووشی ئازاری نەبڕادە دەبن

کچان و ژنانی میسر تا ئێستاش لە تەمەنێکی بچووکدا لەلایەن خێزانەکانیانەوە خەتەنە دەکرێن و بەدەست ئازارە دەروونی و جەستەییەکانیانەوە دەناڵێنن، ئەمەش سەرەڕای بەتاوان کردنی و سزای توندی تاوانباران ئەنجام دەدرێت.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- خەتەنەکردنی ژنان، کە بڕینی ئەندامی زاوزێی ژنانە، لەنێوان پیرۆزی کۆمەڵگە و پەردەپۆشکردن و بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی ڕەها بەسەر ژناندا ئەنجام دەدرێت، تا وایان لێبکەن، هەست بکەن کەسێک مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر ژیان و تەنانەت جەستەیاندا بدات.

 

سەلوە جەمیل، ناوی خوازراوی ژنێکە لە شاری ئەسکەندەرییە، سەرەڕای گەیشتن بە تەمەنی ٤٠ ساڵی، هەرگیز لەبیری نەکردووە خێزانەکەی چییان بەسەردا هێناوە کاتێک منداڵ بووە، بەمەش ئاستی ئەو ئازار و زەبرە دەروونییە دەردەکەوێت کە پێیدا تێپەڕیوە، بە تایبەتی کە کەوتۆتە ژێر دەستی "قەسابێک" کە ئەندامی زاوزێی بڕیوە.

 

"ئەوەی بەسەرم هات بیرم ناچێتەوە"

سەلوە وایدەزانی وەکوو کچانی دیکە خەتەنەکردنی شتێکی سروشتییە، کە گوزارشت لە تەمەنی پیری و پێگەیشتنی خۆی دەکات، وەها باسی کاتی خەتەنەکردنی خۆی کرد؛ "ڕۆژێک باوکم هاتە ژوورەوە، ژنێکی باڵا و قەبارەی مامناوەندی لەگەڵدا بوو، کەرەستەی تیژی دەرهێنا و داوای هەندێک شتی لە دایکم کرد و من و دوو ئامۆزاکەمی برد، بەشێکی زۆری ئەندامی زاوزێمی بڕی زۆر هاوارم دەکرد، بەڵام بێ سوود بوو، لەبەر ئەوەی برینەکەم گەورە بوو، بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بووم لە وەرگرتنی چارەسەر، تا برینەکانم چاک بووەوە، بەڵام بەشێکی برینەکەم لە دەروونمدا ماوەتەوە و بێزارم دەکات، هەرگیز ئەو ساتەم بیرناچێتەوە کە بەسەرم هات.

 

سەلوە دەڵێت: "نزیکەی سی ساڵ بەسەر خەتەنەکردنمدا تێپەڕی، دەبینم ئەمە بەسەر زۆر کچدا دێت، تەنانەت باوکی منداڵەکانم، سەرەڕای هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی تر و جیابوونەوەی لە ئێمە، هەمان کاری لەگەڵ کچەکانمدا کردووە، بەڵام لە لای پزیشک"، ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری پشت بڕینی ئەندامی زاوزێی وەک باوکی پێی وتووە، پێگەیشتن و ئامادەکارییە بۆ هاوسەرگیری، وتیشی: دوای ئەوەی بڕوانامەی قوتابخانەی سەرەتاییم بەدەست هێنا، دایکم پێی وتم کە من گەورە بووم و گونجاوم بۆ هاوسەرگیری، هەروەها دەبێت خەتەنە بکەم چونکە جوانترم دەکات، دواتر شایستەی هاوسەرگیری دەبم، بە تێبینی ئەوەی کە زۆرێک لە خێزانەکان پاکی و خاوێنی کچێک بە خەتەنەکردنیەوە دەبەستنەوە، پێیان وایە کە ئەمە لە دەستدرێژی سێکسی دەیانپارێزێت.

 

"دەبێت لە پەروەردەوە خەتەنەکردن بنبڕ بکرێت"

جیهاد حەسەن، پارێزەر، سەبارەت بە قەبارەی تاوانەکە و هۆکارەکانی ئەنجامدانی و ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی، وتی: خەتەنەکردن هێشتا بەردەوامە، چونکە پەیوەستە بە بیرۆکە و کولتووری کۆمەڵگەوە و ئەم بیرۆکانەش بە شێوەیەکی ڕیشەیی بنبڕ نەکراون تا ئەمڕۆ، ئەو بابەتە پێویستی بە هەوڵی هەموو پەیوەندیدارەکان هەیە، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکی ڕاستەقینەی لەگەڵدا دروست بکات، ژنان بەهۆی خەتەنەکردنەوە کاریگەرییان لەسەرە و بە تێپەڕبوونی کاتیش کاریگەرییەکە کەم نابێتەوە، تەنانەت ئەوانەی درێژە بە پەیوەندییە هاوژینییەکانیان دەدەن لە بێدەنگیدا ئازار دەچێژن.

 

ئەو پارێزەرە دەڵێت: هێشتا هەندێک پێیانوایە خەتەنەکردن پاکی و خاوێنی و پاراستنی کچان دەکات، هەرچەندە ئەم بابەتە بەتەواوی درۆیە و لەڕووی زانستییەوە سەلمێنراوە، چونکە عەقڵ ئەو بەشەیە کە کۆنترۆڵی ئارەزووەکان دەکات نەک جەستە. هەروەها دابونەریتە کۆنەپارێزەکان زۆرترین کاریگەرییان هەیە، بۆیە بۆمان دەردەکەوێت کە دایک و داپیرەش بەدەست هەمان شتەوە دەناڵێنێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا پارێزەر جیهاد حەسەن باس لەوە دەکات، کە ژنان هۆشیارییەکی زۆریان هەیە بۆ یاساکانی ئەسکەندەریە و ڕۆژێک دێت دەتوانن بۆ یەکجارەکی و بۆ هەمیشە ئەم نەریتە بنبڕ بکەن، بەڵام ئەم جۆرە گۆڕانکارییە پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، وتیشی: پەروەردە ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە و ڕزگاربوون لێی، بۆیە دەبێت چارەسەرکردنی ئەم جۆرە بابەتە بخرێتە ناو پرۆگرامە پەروەردەییەکانیشەوە، جگە لە دڵنیابوون لەوەی کە کچان پەروەردە دەکرێن بۆ پاراستنیان لە هاوسەرگیری پێشوەختە و لەو مامەڵانەی کە مافە مرۆییەکانیان پێشێل دەکەن.