بۆچی ژنانی مەغریبی ڕاپۆرتی توندوتیژی نادەن؟
ژنانی مەغریبی کە زیانبەرکەوتووی توندوتیژژین، بەزەحمەت دەیسەلمێنن کە تووشی چی دەبن، ئەمەش وا دەکات ژمارەیەک لەو کەسانەی لەم جۆرە ڕووداوانەدا تۆمەتبار دەکرێن، بتوانن لە سزا ڕزگاریان بێت.
حەنان حارت
مەغریب- یاسمەین زاکی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و سەرۆکی کۆمەڵەی دیموکراتی ژنانی مەغریب، ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانی بە دەرفەتێک زانی بۆ لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە ڕێژەی بەرزی توندوتیژی، هەروەها بە دەرفەتێک بۆ دەستنیشانکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی لە کاتی پرۆسەی ڕاپۆرتکردن و دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری.
ئاماژەی بەوەکرد، کۆمەڵێک هۆکار هەن کە ئەستەمە بۆ ژنانی مەغریبی دەستیان بە دادپەروەری بگات، لەوانە بۆ نموونە سەختی سەلماندنی توندوتیژی، کە بە بارگرانی لەسەر قوربانیان دادەنرێت بەتایبەتی لەبەرئەوەی زۆرێک لە تاوانبارانی بەشدار لەم کەیسانەدا دەتوانن بە هەڵبژاردنی فۆرم و کات و شوێنی گونجاو کەلێنە یاساییەکان بەدەر بکەن.
وتیشی: بەهۆی کارکردنی ڕۆژانەمان لەگەڵ ئەو ژنانەی دێنە کۆمەڵەکە، تێبینی ئەوە دەکەین کە ئەو ژنە مەغریبیانەی حاڵەتی توندوتیژی ڕادەگەیەنن زۆر کەمن، هۆکاری ئەمەش کولتووری و یاساییە.
هۆکاری ئابووری و دەروونی هەیە
ڕوونیشیکردەوە، ئەو ژنانەی کە زیانبەرکەوتووی توندوتیژی دەبن، بەزەحمەت دەتوانن لە سووڕی توندوتیژی دەربچن، بەو پێیەی لەڕووی داراییەوە سەربەخۆ نین، لەبەرئەمە بەهێزکردنی ئابووری یەکێکە لە میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
یاسەمین زاکی ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک لە ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری قەیرانێکی توندی دەروونی، و ئەمەش ڕەنگە هۆکارێک بێت بۆ ڕاپۆرتنەکردن، نەبوونی ڕاپۆرت لەلایەن زیانبەرکەوتووان وا دەکات تۆمەتبار بتوانێت لە سزا ڕزگاری بێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کەیسەکانی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی دژی ژنان کەوتوونەتە ژێر ڕێکارەکانی ماوەی بەسەرچوونەوە، هۆکارێکی دیکە کە وا لە ژنانی زیانبەرکەوتوو دەکات ئامادە نەبن ڕاپۆرت بکەن، سەختی سەلماندنە، بە تایبەت ئەگەر دەستدرێژییەکە لە شوێنە تایبەتەکاندا ڕوویدابێت، بەڵگە یەکێکە لەو ئاستەنگانەی کە ڕێگری لە دادپەروەری دەکات، زۆربەی حاڵەتەکانی توندوتیژی لەلایەن هاوژینەوە ئەنجام دەدرێت و لە شوێنی تایبەتدا ڕوودەدەن، هەربۆیە لەم جۆرە حاڵەتانەدا شایەتحاڵ بوونی نییە و زەحمەتە ژنان بیسەلمێنن کە بەرکەوتەی چین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرجار فشارە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان وا لە ژنانی زیانبەرکەوتوو دەکەن کە پێیان باشترە لە بەرامبەر کۆمەڵێک پراکتیکدا بێدەنگ بن نەک ڕاپۆرتیان لەسەر بکەن.
یاسەمین زاکی ئەوەشیختەڕوو، کێشەیەک هەیە کە هەندێک لە دامەزراوەکان خانەکان چالاک ناکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان، وەک لەسەر ئاستی بنکەکانی پۆلیس، نەخۆشخانەکان، هەروەها لەسەر ئاستی دادگا، هەروەها نەزانینی یاسا و ڕێکارەکانیش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ژنانی مەغریبی ڕاپۆرت نادەن، زۆربەی زیانبەرکەوتووان هۆشیارییان نییە لەسەر ئەو دامەزراوانەی کە دەبێت سەردانی بکەن بۆ ڕاپۆرتدان.
لە کۆتایی قسەکانیدا یاسەمین زاکی داوای لە ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی کرد نەترسن و بێدەنگی بشکێنن، داوای چالاککردنی یاساکان و پاراستنی سکاڵاکارانی کرد، وتی: ێویستە شوێن بۆ وەرگرتنی سکاڵاکاران دابین بکرێت.