بە حیزبی کردنی دادگاکان و بەکارهێنانیان لە بەرژەوەندی خۆیاندا ...٢

لەباشوری کوردستان دادگاکان لەژێر فشاری سیاسیدا کارەکانیان بەنجام دەگەیەنن هاوشێوەی رۆبۆت و بوکەڵە ئەلکترۆنییەکانن.

ناوەندی هەواڵ

 

سیستەمی دادوەری لەباشوری کوردستان لەژێر کاریگەری حیزبدایە

شۆخان حەمەڕەشید پارێزەر و بەرێوەبەری ڕێکخراوی هاریکاری یاسای ژنان سەبارەت بە بارودۆخی سیستەمی دادوەری(ئەنجومەنی دادوەری) لە باشوری کودستان بۆ ژنها دواو دەڵێت : بەپێی ئەوەی ئێمە لەنێو دەسەڵاتی دادوەری و یاساکاندا کار دەکەین بەردەوام کێشە و ڕەخنەمان هەیە لەسەر دەسەڵاتی دادوەری لە باشوری کوردستان، چونکە تاڕادەیەک دەسەڵات خۆی و سەربەخۆی خۆی لەدەستداوە، بەهۆی ئەوەی زۆرکات دەکەوێتە ژێر کاریگەری حیزب و لایەنە پەیوەندی دارەکانەوە لەهەرێمی کوردستان، ئەمەش وا لەخەڵکی دەکات متمانەی بەدادگاکان و دەسەڵاتی دادوەری نەمێنێت، و هەوڵی ئەوە دەدەن کێشەکانیان لە دەرەوەی دادگادا چارەسەری بکەن، هەرچەندە هەوڵی ئەوەدەدەین خەڵکی کێشەکانی خۆیان لەرێگەی دادگاکان چارەسەر بکەن بەڵام بێ متمانەی خەڵکی وای کردووە لە دەرەوەی دادگاکاندا چارەسەر بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ دواکەوتنی ئەو کەیس و کێشانەی لە دادگا دا هەن یاخود ئەو کێشە و ڕووداوانەی بوون بە ڕۆتین لەدادگادا و دووبارە دەبنەوە، یەکێکی تر لەکێشەکانی ئەنجومەنی دادوەری ئەوەیە، لەئێستادا دامەزراندنی دادوەر بوەتە کارێکی ئەستەم و هیچ کار ئاسانییەک نەکراوە بۆ پارێزەران کە بتوانن بگەن بەو پێگەیەو خزمەت بکەن، زۆرکات دانانی دادوەرەکان لەسەر کۆمەڵێک بنەما و مەرج دادەندرێت کە ناتواندرێت بەباشی جێبەجێبکرێت ئەوکەسانەی دەیانەوێت ببنەدادوەر دەبێت لە پەیمانگای دادوەری دووساڵ دەست بەخوێندن بکەن تابتوانن ببنە دادوەر یان داواکاری گشتی، بەڵام پەیمانگای دادوەریش لە ئێستادا سەربەخۆ نییە بەڵکو لەژێر فشاری حیزبدایە دووبارە هەرکەسێک بیەوێت لەو پەیمانگایەدا بخوێنێت دەبێت لایەنگری حزبێکی دیاری کراو بێت ئەوکاتە دەتوانێت بەردەوامی بدات بەخوێندن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەوکەسانەی لەوێ وەردەگیرێن لەئەنجامدا نیشانەی پرسیاریان لەسەر دروست ببێت، لە داهاتوشدا بڕوامان بەدەسەڵاتی دادوەری نەبێت لە هەرێمی کوردستاندا.

 

دەربارەی ئەوەی سەر بەخۆو بێلایەن بێت کارەکان بە دادوەرانە ئەنجام بدات و پێویستە کار بۆ ئەوە بکرێت دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆبێت لەژێر کاریگەری هیچ دەسەڵاتێکدا کار نەکات، بیسەلمێنێت کەدەسەڵاتێکی سەربەخۆیە، چونکە دەسەڵاتی دادوەری خۆی لە خۆیدا دەبێت دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بێت.

 

ئەنجومەنی دادوەری کەمتەرخەمە سەبارەت بەکێشە و کەیسی خەڵکی بەتایبەت لەم کۆتایانەدا کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەوامەکان لەنێو دادگاکاندا ڕاگیراون، ئەمەش دووبارە هۆکارە بۆ ئەوەی خەڵکی نەچنەدادگاکان بۆ چارەسەری کێشەکانیان،چەندین کێشەو دۆسیەهەن کە بەهەڵ پەسێردراوی لەنێو دادگاکاندا ماودەتەوە، چەندین کەیسی ژن هەن کە لەنێو شێڵتەرەکاندا وەک خۆیانن و چاوەرێی بڕیاری دادگان، پێویستە کە حکومەت پلانێکی باشتری هەبێت بۆ دۆخە لەناکاوەکان کاتێک ڕوو بەڕووی دەبینەوە بەردەوامبین لە جێبەجێکردنی کارەکانی خەڵکی چارەسەر کردنی کێشەکانیان بەئاسانی.

 

هەربۆ ئەم مەبەستە و تاوتوێکردنی زیاتر کارەکانی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان لە هەرێمی کوردستاندا پارێزەر ماردین جەلال بۆژنها دواو دەڵێت: بە کورتی و بە کوردی سەربەخۆیی لە سیستەمی دادوەرییدا رێچکەیەکە کە پێویستدەکات بڕیارەکانی دادوەری بێلایەنانە بن و نابێت بکەونە ژێر فشاری دەسەڵاتەکانی تری حوکمڕانییەوە.

وەک لەمادەی ٨٧ی دەستورەکەدا ھاتوە: "دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە ‌ودادگاکان بەڕێوەدەبەن بەجیاوازی جۆر و پلەکانیەوە و بڕیارەکان بەگوێرەی یاسا دەردەچن"... بەم شێوەیە ھیچ دەسەڵاتێک لە سەروی دەسەڵاتی دادوەرییەوە بڕیار لەسەر حەق و ناحەق نادات و بۆی نالوێت بە پێی خواست و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەسەڵاتی دادوەری بۆ خۆی بەکاربھێنێت. بۆ پاڵپشتی و بەھێزکردنی سیستەمەکە لەمادەی ٨٨ی دەستورەکەی عێراقدا دەڵێت "دادوەرەکان سەربەخۆن وجگە لەیاسا لەژێر رکێڤی ھیچ دەسەڵاتێکی تردا نین و نابێت ھیچ دەسەڵاتێک دەستبخاتە کاروباری دەسەڵاتی دادوەرییەوە.

بەڵام جێگای ئاماژەبۆ کردنە کە دەستورو یاساکان تەنھا لە پەڕاوی کتێبە یاساییەکاندا بونیان ھەیەو بە تایبەتیش لە ھەرێمی کوردستاندا بە ھۆی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ستاتیۆی کورد لەم پارچەیەی کوردستاندا ھەتا ڕادەیەکی زۆر ناتوانین بڵێین کە یاسا سەروەرە ، لەبەرئەوەی تاعین و تەرفیعی دادوەرو داواکاری گشتی لە دەستی حیزب و لایەن و تەنانەت چەند کەسایەتییەکدایە بۆیە دادوەر ملکەچە بۆ فەرمان و دەسەڵاتی ئەوانەی ئەویان لەو جێگایەدا داناوە ، بەم شێوەیە زۆر بە زەقی دەستێوەردان لە پێکھاتەی ئەنجومەنی دادوەری دا دەبینین و لای ھەمومان ئاشکرایە کە ئەم پێکھاتەیە بە پێی خواستی دەسەڵاتدارانی تەنفیزی دروست دەکرێت لە ھەمان کاتدا دەستەی دادگاکانیش ھەر بەم شێوەیەیە، لەبەر ئەم حاڵەتەیە کە دەستێوەردان لە بڕیاری کارگێڕی دادگاکانیشدا مارژیناڵ کراوەو زۆر جار بە ئاسانی فایلی ژێر دەسەڵاتی دادگاکان دەردەھێنرێت و فشار دەکرێتە سەر دادگاکان بە مەبەستی دەرکردنی حوکم لە بەرژەوەندی یەکێک لە لایەنەکانی داوا. بۆیە من پێتان ئەڵێم کاتێک دەسەڵاتی دادوەری ئەمە حاڵی بێت دەکرێت پێی بووترێت دەسەڵاتێکی سەربەخۆی باڵایە یاخود بە پێچەوانەوە؟

بۆیە سیستەمی دادوەری لە ھەرێمی کوردستاندا سیستەمێکی لە ڕێچکە لادراوە، حەزئەکەم نمونەیەکی زیندوو لە سەر قسەکەم بھێنمەوە، لە ساڵی ٢٠١٢ داوایەکمان بەرز کردەوە سەبارەت بە یەکێک لە پرۆژەکان کە لە نێوان کۆمپانییەک و بەڵێندەرێکی لاوەکیدا بوو ئەو داوایە ھەتا ئێستاش یەکلایی نەکراوەتەوە و دەرەجەی کۆتایی وەرنەگرتووە، سەرەڕای ھەبون و پیشاندانی ھەموو بەڵگەکانی سەلماندن، بە ڕادەیەک دادبینییەکان دوادەخرێن کە ئیتر بردنەوە یاخود دۆڕاندنی داواکە بۆ خاوەنەکی ھیچ مانایەکی نامێنێت.

 

ژمارەی پارێزەران لە باشوری کوردستان

 ئامارێکی دڵنیای لەبەرداستدا نییە تا بە رێژەیەکی سەد لەسەد ئاماژە بۆ ژمارەی پارێزەران بکرێت بەڵام بەپێێ ئەو ئامارانەی لە سەندیکای پارێزەران وەدەست کەوتوون، بەگشتی ژمارەی پارێزەران لەهەرێمی کوردستان نزیکی ١٥ هەزار پارێزەرە، و ژمارەی ئەو پارێزەرانەی لە ناو دادگاکاندا کار دەکەن نزیکی ٩ هەزار پارێزەرن، ژمارەی پارێزەری ژن٪٢٠ئە و ڕێژەکە ساڵانە لە بەرز بوونەوەدایە ژمارەی پارێزەرانی ژن بە بەراورد بە ژمارەی پارێزەرانی پیاو زیاترە.

 بەڵام ئەوەی جێگەی ڕەخنەکرتنە لەناو سەندیکای پارێزەران ئەوەیە کەئەبینین لەئەنجومەنی سەندیکا لە لق وفەرعەکانی ژوری پارێزەران لەشارو شارۆچکەکان هیچ پارێزەرێکی ژن نییە کەبەشداری بڕیاردان بێت،کە بەڕێوەبەری ژورێک بێت لەشارێکدا یاخود لە ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەراندا کە ئەنجومەنێکی گەورەیەو لەنوێنەری هەمووشارەکان پێک هاتووە، یاخود لە نەقیبی پارێزەران پارێزەرێکی ژن هەبێت، کە ئەم گرفتە هەمووکات جێگەی ڕەخنە بووە.

 

کێشەی ژنانی باشوری کوردستان لە دادگاکاندا

زۆربەی کێشەی ژنان زیاتر کێشە کۆمەڵایەتییەکانن لە ھەموو دادگاکاندا کەیس ھەیە کە لایەنێکی داواکە ژن بێت بە تایبەتیش لە داواکانی تەڵاق و جیابونەوەو میرات و دیاریکردنی نەسەبی مناڵ و سەلماندنی ھاوسەرێتی و مافی دایەنێتی و داواکانی تەعویزو نەفەقەو خەرجی دوای تەڵاق، جگە لە کەیسەکانی پەیوەست بە دادگای باری کەسێتی لە داگاکانی تردا ھیچ جیاکارییەکی ڕەگەزی بوونی نییە، جگە لە دادگای باری کەسێتی لەبەرئەوەی سەرجەم یاساکانی باری کەسێتی لەسەر بنەمای شەریعەت داڕێژراوە، وە لە شەریعەتی ئیسلامدا مافی تەڵاق لە دەستی پیاودایە، مافی تەڵاقی دەرەکی ھەر لە دەستی پیاودایە، نەفەقە دەکەوێتە سەر حاڵەتی سەلماندنی باری دارایی پیاوەکە و زۆر جار پیاوەکە بێ ئەوەی یەک دینار نەفەقەی ژن و تەنانەت مناڵەکەشی بدات لە داواکە ڕزگاری دەبێت.

گەورەترێن کێشەی ژنان بۆ ئەو ژنانەی کە خاوەنی داھاتێکی سەربەخۆو ئابوری خۆیان نین نەفەقەیە کە وەکو خاڵێکی لاواز لە بەرامبەریان بەکار دەھێنرێت، بە دەیان کەیس ھەیە کە ژنەکە لە بەر ئەوەی ناتوانێت مناڵەکانی بەخێوبکات مافی دایەنێتییەکەی ئەگەڕێنێتەوە بۆ مێردەکەی، پیاو لە مەسەلەی نەفەقەدا زۆر بە تەدبیرە، بەر لەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات حەل و فەسڵی ماڵ و داھاتەکەی ئەکات، لەولاشەوە ژنەکە لەبەرئەوەی خاوەنی ئابوری خۆی نییە بە ناچاری جارێکی تر ئەیخزێننە ناو پرۆسەی ھاوسەرگیرییەکی ترەوەو ئیتر لەوێوە ھەموو ژیانی وەکو دۆزەخی لێدێت. سەرەڕای ھەموو ئەو چاکسازی و گۆڕانکارییانەی کە دەسەڵاتی یاسادانان دەریکردون بەڵام یاساکانی باری کەسێتی لە بەرامبەر ژن بێڕەحمن، کاتێک پیاو کەی بیەوێت بە دوو ووشە ئەتوانێت ژنەکەی تەڵاق بدات و بە یەک دانیشتنی دادگاش ئەم تەڵاقە لە ڕوی یاساییەوە تەسدیق دەکرێت. پێویستە بە زوترین کات ڕیفۆرمێکی یاسایی لە دەستورو یاساکانی ھەرێمدا بکرێت. ، جێگەی باس کردنە ئاماژەبەوە بکرێت تەنیا لەماوەی ٦ مانگدا ٢٠٠٠ کەیسی توندوتیژی خێزانی هەبووە.

 

پارێزەرانی ژن ڕووبەڕووی کێشەو هەڕەشەدەبنەوە

پارێزەرانی ژن ڕوبەڕووی هەرەشە دەبنەوە لەلایەن تەڕەفی بەرامبەری ئەوکەسەی ئیشیان بۆ دەکەن زۆرکات لەلایەن هاوسەری ئەو ژنەی کاری بۆدەکرێت یان براکەی یاخود باوکی یان کەسوکارەکەی. ژیانی پارێزەران کەوتوەتە مەترسییەوە یاخود هەوڵی ئەوە دراوە پارێزەران بکڕن لەرێگەی پێدانی بڕێک پارە بە پارێزەران و لەئەنجامدا بەلاڕێدابردنی کەیسەکە لە بەرژەوەندی کەسی بەرامبەری.

ژنانی پارێزەر ڕوبەڕووی کێشەی زیاتر دەبنەوە بە بەراورد لە پیاوانی پارێزەر، لەکۆمەڵگەی کوردیدا هەڕەشەکردن لە ژنی پارێزەر سەر کوتکردنیان ئاسانترەلە پیاوێکی پارێزەر، بەڵام بێگومان ئەمە تەنیا بیرکردنەوەی تاکی کۆمەڵگەیە نەک ژنێکی پارێزەر.

بەڵێ ئەمە سیستەمی دادوەرییە لە باشوری هەرێمی کوردستان بەم جۆرە دادگاکان بەرێوەدەچن لەباشور پێویستە دووبارە پێداچوونەوە بکرێت بۆ چاکسازی کردن لە سیستەمی دادوەری داو سەربەخۆ بوونی و هاتنەدەرەوەی لە ژێر دەسەڵاتی حیزبایەتیدا.

 

ت.پ