"٩٥٪ ژنان سەرەتا لای مەلا مارە دەکرێن"

مارەکردن لای مەلاکان و بە بێ دادگا جگە لەوەی سزای یاسایی بۆ داندراوە، زۆرینەی جار ژنان تێیدا مافخوراوی سەرەکی دەبن، بە پێی وتەی پارێزەرێکیش ٩٥٪ ئەو کەسانەی هاوسەرگیری دەکەن سەرەتا لای مەلا مارە دەکرێن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- بڵاوبوونەوەی کەیسی ئەو پیاوەی هەولێر کە دوو لە هاوژینەکانی خۆی بەجێهێشتووە، هەر لە زوو بووە جێی سەرنجی هاوڵاتیان و ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، کە دوو ژنی هەیە و هیچیان گرێبەستی هاوسەرگیرییان نییە، هەردووکیانی جێهێشتووە.

 

٢٤ی ئەم مانگە کەیسی بەجێهێشتنی دوو ژن لە لایەن هاوسەرەکەیانەوە لە شاری هەولێر لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە، کە پیاوێک هاوسەرگیری لەگەڵ سێ ژندا ئەنجامداوە، دووان لە ژنەکانی تەنها لای مەلای ئایینی مارە بڕاون، هیچیان نەیانزانیووە کە ژنی دووەم و سێیەمی ئەو پیاوەن.

بەپێی وتە ئەو ژنانە مامەڵەی ئەو پیاوە باش نەبووە لەگەڵ خۆیان و منداڵەکانیان، بە بیانووی هەبوونی کار و پێنەبوونی ناسنامە تا ئێستا هیچ یەک لە ژنەکانی لە دادگا مارە نەبڕاون، و گرێبەستی هاوسەرگیرییان نییە ئێستاش پیاوەکە نکۆڵی لە هاوسەرگیری یەکێک لە ژنەکان دەکات و ئەو منداڵەشی کە هەیانە بە منداڵی خۆی دانانێت، بەڵام ئامادەش نییە پشکنینی DNA ئەنجامبدات.

 

سەرباری سزاکان هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا دەکرێت

لەو دوو ژنە یەکێکیان لە ساڵی ٢٠١٥ هاوسەرگیری لەگەڵدا کردووە و دوو منداڵی هەیە، ئەوی دیکەشیان لە ساڵی ٢٠٢٠ هاوسەرگیری لەگەڵ ئەنجامداوە و منداڵێکی هەیە، ئێستاش کە ئەو پیاوە بەجێی هێشتوون دوو ژنەکە سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە.

هەبوونی کەیسی هاوشێوەی ئەم کەیسە دەرخەری ئەو ڕاستەییە، سەرباری ئەوەی یاسا هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا بە نایاسایی لە قەڵەمداوە و سزای هەیە، بەڵام تا ئێستاش هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دەدرێت، کە ژنان تێیدا زیان بەرکەوتووی یەکەمن.

 

گرێبەست لە دەرەوەی دادگا سزاکەی ساڵێک زیندانییە

بەپێی بڕگەی پێنجی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ ساڵی ١٩٥٩، هەر کەسێک گرێبەستی هاوسەرگیری لەدەرەوەی دادگا ئەنجامبدات و لای مەلا مارەی بکات و بیگوازێتەوە، ئەوا سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەی ساڵێک و غەرامەکردن بە ١٠ ملیۆن دینار.

سەرباری ئەم یاسایە، بەڵام بەپێی وتەی پارێزەرێک ٪٩٠ بۆ ٩٥ ئەو کەسانەی هاوسەرگیری دەکەن سەرەتا لای مەلا مارە دەکرێن، دواتر دەچنە دادگاکان.

 

هاوژین عەبدولحەمیدی پارێزەر، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها، باس لەوە دەکات کە گرێبەستی هاوسەرگیری سەرجەم مافەکان بۆ ژنەکە و منداڵەکانیش دەستەبەر دەکات، بەڵام نەبوونی گرێبەستی هاوسەرگیری، خودی خۆی کێشە دروست دەکات، ئەو کاتە تەنانەت منداڵەکانیانشیان ناسنامەیان نابێت، چ بگات بەوەی کە ئەو پیاوە بەجێیان بهێێڵێت، هەروەها دەڵێت ژنان لە نەبوونی گرێبەستی هاوسەرگیریدا مافخوراوی سەرەکین.

نەبوونی گرێبەستی هاوسەرگیری، هۆکاری سەرەکی ئەم کەیسەیە، کە هەردوو ژنەکە لە لای مەلا مارە کراون، ئێستاش کە هیچ گرێبەستێکیان نییە، ئیدی منداڵەکانیشیان ناسنامەییان نییە، دیاریش نییە ئاخۆ ئەو ژنانە مافەکانیان بەدەستدەهێننەوە یاخود نا، چارەنووسی منداڵەکانیش نادیارە. 

 

ت.پ