مەلەوانێکی عێراقی خەونی ئۆڵۆمپیادی بەدیهێنا

لارا ئیلاف عامیدی لە ساڵی ٢٠٢١ دەستی بە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان کردووە و تا ساڵی ٢٠٢٤، ٢١ مەدالیای نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە کە سێ میدالیای کۆتاییش مەدالیای زێڕ بووە.

ڕەجا حەمید ڕەشید

 

عێراق-لارا ئیلاف عامیدی لە تەمەنێکی بچووکدا وەک یەکێک لە بەهرە وەرزشییە هیوابەخشەکانی عێراق دەرکەوت. دوای بەدەستهێنانی سەرکەوتنی بەرچاو لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ئامانجەکانی بۆ گەیشتن بە ئاستی جیهانی داناوە و هەنگاوی متمانە بەخۆبوون لە ژیانی وەرزشیدا دەنێت. لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا چاوی لەسەر بەدەستهێنانی سەرکەوتنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەرزکردنەوەی ناوی عێراق بوو لە کۆڕبەندییە نێودەوڵەتییەکان.

 

لارا عامیدی سەبارەت بە دەستپێکی گەشتەکەی دەڵێت، لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە دەستی بە مەلەکردن کردووە، بە تایبەتی لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە، کاتێک باوکی ئەکادیمیایەکی تایبەتی مەلەوانی کردۆتەوەو وتی:  خولیایەکی زۆرم بۆ ئەم وەرزشە هەبوو، بۆیە پەیوەندیم بەو ئەکادیمیایە کرد و لەو کاتەوە دەستم بە مەشق و ڕاهێنان کردووە.

 

سەبارەت بە سەختییەکانیش ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرەتای گەشتەکەیدا، بەهۆی پاڵپشتی خێزانەکەی و یانەی "وەرزشی سوپایی"، جگە لە هاندانی هاوڕێ و مامۆستاکانی لە خوێندنگە، ڕووبەڕووی هیچ ئاستەنگییەکی بەرچاو نەبووە. بەڵام ساڵێک لەمەوبەر تووشی برینێک بوو کە کاریگەری لەسەر خوێندنی هەبوو و پێویستی بە ماوەی پشوودان و چارەسەرکردن هەبوو پێش ئەوەی بتوانێت بەسەریاندا زاڵ بێت و بە شێوەیەکی باشتر بگەڕێتەوە بۆ خوێندن.

 

سوودە تەندروستی و دەروونییەکانی مەلەکردن

لارا عامیدی جەختی لە گرنگی مەلەکردن بۆ ژنان کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە وەرزش بە گشتی پێویستە بەتایبەت مەلەکردن بەهۆی ئەو سوودە تەندروستی و دەروونیانەی کە پێشکەشی دەکات، ژنانی عێراق بەرپرسیارێتی گەورە لە ئەستۆ دەگرن، بۆیە پێویستیان بە چالاکی جەستەیی هەیە کە هاوکاریان بێت بۆ باشترکردنی تەندروستی و باشی دەروونییان، گرنگە بۆ منداڵان مەلە بکەن، بەهۆی ڕۆڵی لە گەشەکردن و بەهێزکردنی جەستەیان.

 

 ئاماژەی بەوەدا کە سوودەکانی مەلەکردن تەنها جەستەیی نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی ئاسوودەیی دەروونی و خۆشگوزەرانی،  زۆرجار پزیشکان ئامۆژگاری ژنان و پیاوان و منداڵان دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە. بەهۆی ڕۆڵی لە چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی تەندروستیدا، وەک نەخۆشی جومگەکان و دیسکی خلیسکان، کە زۆرجار خانمان بەدەستیەوە دەناڵێنن.

 

٢١ مەدالیای بەدەستهێناوە، کە سێیان زێڕن

سەبارەت بە ژیانی وەرزشی، لارا ئیلاف عامیدی ڕوونی کردەوە کە لە ساڵی ٢٠٢١ دەستی بە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان کردووە و لە ساڵی ٢٠٢٤ سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، توانیویەتی ٢١ مەدالیای نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت، کە دوا مەدالیایان سێ مەدالیای زێڕ بوو لە دوبەی، هەروەها ژمارەیەک مەدالیای زیو لەسەر ئاستی هەرێم، هەموو ژمارە پێوانەییەکانی عێراق بۆژنان لە مەلەوانیدا بە ناوی ئەوەوە تۆمارکراون.

 

خەون و ئاواتەکانی داهاتووی

سەبارەت بە ئامانجەکانی داهاتوو، ئاماژەی بەوەدا کە دەیەوێت خوێندنەکەی لە کۆلێژی پزیشکی تەواو بکات و خەونی بەشداریکردن لە ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆسی ٢٠٢٨ بەدیبهێنێت و ئاڵای عێراق هەڵبکات. هەروەها دەیەوێت ببێتە پاڵەوانی جیهان.

 

لارا عامیدی لە کۆتایی قسەکانیدا بە ناردنی پەیامێکی بۆ ژنان ناردو داوای لێکردن کە مەلەکردن بە هۆی سوودە جەستەیی و دەروونییەکانییەوە مەشق بکەن.