کاتێک وەرزش ناسنامە دروست دەکات... چیرۆکی ئالا حسێن لەگەڵ تایکواندۆی
ئاڵا حسێن لە ماوەی ١٦ ساڵدا بووە یەکێک لە یاریزان و ڕاهێنەرە دیارەکانی تایکواندۆی نێودەوڵەتی، لەگەڵ بەدەستهێنانی چەند مەیدالیای زێڕ و برۆنز، بووەتە نمونەیەک لە ئیرادە و سەرکەوتنی ژنان.
سۆرگوڵ شێخۆ
حەسەکە-تایکواندۆ یەکێکە لە هونەرە جەنگییە بەناوبانگەکانی کۆری، کە ژنان فێری بەکارهێنانی لێدان دەکات لەگەڵ هێز و لەشجوانی و دیسیپلینی جەستەیی، یارمەتیان دەدات توانا جەستەیی و دەروونییەکانیان پەرەپێبدەن، کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیان و خۆشگوزەرانییان دەبێت، ئەم وەرزشە بۆ هەموو کەسێک دەستدەکەوێت، سوودی جەستەیی و دەروونی بەرچاو پێشکەش دەکات.
ئاڵا حسێن، تەمەنی ٢٧ ساڵە و خەڵکی شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانە و یەکێکە لە وەرزشوانانی تایکواندۆی نێودەوڵەتی، بەشداری لە چەندین پاڵەوانێتیدا کردووە لە سەرانسەری جیهاندا و بە درێژایی ژیانی وەرزشی خەڵاتی بەرچاوی بەدەستهێناوە.
”لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا چەندین پاڵەوانێتی بەدەستهێناوە”
ئاڵا حسێن ماوەی ١٦ ساڵە مەشقی تایکواندۆ دەکات و هەم وەک ڕاهێنەر و هەم وەک ناوبژیوان لە سووریا کاردەکات، ئەو ژنە گەشتی کردووە بۆ ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جگە لەوەی بەشداری پێشبڕکێکانی ئەوروپای کردووە، هەروەها گەشتەکەی بە بەشداریکردن لە کامپی مەشقی تایکواندۆ لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، دواتر ڕووی لە پارێزگای ئۆردوی تورکیا کرد و لەوێ یەکەم دەستکەوتی بەرچاوی بەدەستهێنا.
لە ساڵی ٢٠١٣، ئاڵا حسێن مەیدالیای زێڕی لە پاڵەوانێتی "Oxygen Open" ”ئۆکسجین ئۆپن” لە ئۆردو بەدەستهێنا، کە یەکەم مەیدالیای زێڕی بوو لە ماوەی ١٥ ساڵی مەشقی تایکواندۆیدا.
”ئەزموونی نێودەوڵەتی و چەندین مەیدالیای هەبێت”
لە ئوردن، ئاڵا حسێن لە ساڵی ٢٠١٦ لە پاڵەوانێتی"Al-Barq International" ن”ێودەوڵەتی بارق” مەیدالیای زێڕی بەدەستهێنا، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩ لە بەیروت میدالیای برۆنزی بەدەستهێنا، لە هەمان ساڵدا گەڕایەوە بۆ بەدەستهێنانی مەیدالیای زێڕی تر لە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی نوخبە لە ئوردن، لە ساڵی ٢٠٢٣ مەیدالیای برۆنزی لە پاڵەوانێتی عەرەبی لە ئیمارات بەدەستهێنا، لە ساڵی ٢٠٢٤ بەشداری پاڵەوانێتی تایکواندۆی ئاسیای لە ڤێتنام کردووە.
جگە لەوەش ئاڵا حسێن پشتێنە ڕەشەکەی پلەی چوارەمی لە تایکواندۆ بەدەستهێناوە، کە ئاستێک لە زۆرێک لە قوتابخانەکاندا بە ئاستی "ڕاهێنەر" ناسراوە، سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتاوە پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی فەرمیەوە نەکرد، بەڵام پشتی بە خۆڕاهێنان بەست و لە چەند پارێزگایەکی سووریادا وەرزشی لەشجوانی کرد، لەوانە لازقیە، حومس، دیمەشق و حەلەب، کە بناغەیەکی تۆکمەی بۆ ژیانی وەرزشی پێکهێنا.
ئاڵا حسێن باس لەوە دەکات، کە زۆرێک لە ژنان بەهۆی لێهاتوویی ئەو وەرزشەکەیان خۆشویستووە، بووەتە سەرچاوەی هێز و ئیلهامیان، لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسەکەمان باسی گەشتەکەی لە بواری تایکواندۆ و پلانەکانی داهاتوودا کرد، لە تەمەنی ١١ ساڵییەوە دەستی بە مەشقکردنی ئەو وەرزشە کردووە.
باسی ئەو ماوەیەی کردووە و وتی: باوکم دەیویست برا بچووکەکەم دەست بە هونەری جەنگی بکات، ئەوکات تەمەنم یازدە ساڵ بوو، بۆیە لەگەڵیدا چوومە یانەی تایکواندۆ، دوای ساڵ و نیوێک براکەم مەشقەکانی وەستاند، بەڵام بەردەوام بووم، لە کۆتاییدا گەیشتمە ئاستێک کە ڕێگەی پێدام ببمە یاریزانێکی نێودەوڵەتی، بەشداریم لە پاڵەوانێتییەکانی تایکواندۆ کرد، ئەمڕۆ لە سەرانسەری جیهان، لە سووریام، وەک ڕاهێنەر و ناوبژیوانێک کاردەکەم.
”کچێک لە دڵی شەڕەوە دەرکەوت بۆ ئەوەی بەشداری پاڵەوانێتییەکان بکات”
ڕوونیشیکردەوە، ئەوە یەکەم دڵخۆشیم بوو، بردنەوەی مەیدالیای زێڕ لە یەکەم پاڵەوانێتیمدا، ئەو ساتە هێزێکی زیاتری پێبەخشیم بۆ بەردەوامبوون، دوای ئەوە چەندین مەیدالیای زێڕ و برۆنزیم بەدەستهێنا، تەنانەت لەو وڵاتانەی کە مەیدالیام بەدەستنەهێنابووم، هەستی بەشداریکردن بەس بوو بۆ من، وەک کچێک کە لە دڵی شەڕ و شۆڕشەوە دەرکەوتم و بەشداری پاڵەوانێتییەکانم کرد.
وەک زۆرێک لە ژنانی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات، ئاڵا حسێن ڕووبەڕووی بۆچوونی کۆنەپەرستانە بووەوە سەبارەت بەو منداڵە کچانەی کە هونەری جەنگی ئەنجام دەدەن، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک هەڵیبژارد ڕێگای خۆی دروست بکات، هەروەها سەرەتا پرسیاریان کرد: چۆن کچێک دەتوانێت وەرزشێک ئەنجام بدات کە بە دۆمینی پیاوان ناسراەە؟ بەڵام من بەردەوام بووم، لەگەڵ ژمارەیەک کچی دیکە کە لە منەوە دەستیان پێکرد، ویستمان تێڕوانینی کۆمەڵگە بگۆڕین، بڕیارماندا خۆڕاگر بین.
سەبارەت بە ئازادی ژنان و ئەو سنووردارکردنانەی کە لە سووریا بەسەریاندا سەپێنراوە، وتی: کۆمەڵگە زۆرجار ئاستەنگ لە ڕێگایان دادەنێت کە بەشداریکردنیان لە وەرزشدا سنووردار دەکات، منداڵانی کچ لە سووریا، دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی، زۆرجار ڕێگەیان پێنادرێت وەرزشی جیاواز بکەن، هەروەها ئەو سنووردارکردنانە بەسەر ئێمەدا سەپێندرا، کە لەو کاتەدا من و کۆمەڵێک کچ وتمان یان دەبێت واز لە خوێندن و وەرزشکردن پێکەوە بهێنین، یان بەردەوام بین لە هەردووکیان و خۆمان بسەلمێنین، ئەو کاتە خێزانەکانمان پاڵپشتییان کردین، ئێمەش ڕێگەمان بۆ ئەو کچانە خۆشکرد کە دوای ئێمە هاتبوون، ئەمڕۆ تێڕوانینی کۆمەڵگە گۆڕاوە، ئێستاش پاڵپشتی ئەم وەرزشە دەکەن، دەیان هەوێت کە کچەکانی وەک ئێمە بن لە هێز و کارەکتەردا.
"تایکواندۆ باشترین وەرزشە بۆ ژنان"
ئاڵا حسێن دووپاتی دەکاتەوە، کە هەر کچێک بەبێ گوێدانە بارودۆخی خۆی دەتوانێت دەست بە مەشقی تایکواندۆ بکات، تەنانەت ئەگەر هیچ شتێکت نەبێت یارمەتیت بدات، دەتوانیت دەست بە تایکواندۆ بکەیت، وەرزشێکە کارەکتەری دروست دەکات، ئێمە جەستەمان بە شێوەیەکی جیاواز دەبینین، هەروەها یارمەتیمان دەدات لە سەرەتاوە خۆمان خۆشبوێت، بۆیە باشترین وەرزشە بۆ ژنان.
لە ئێستادا، وەک ڕاهێنەری تایکواندۆ لە یانەیەکی شاری حەسەکە کاردەکات، سەبارەت بە پلانەکانی داهاتووی وتی: لە ئێستادا ڕاهێنەری منداڵان و ژنان دەبم، بەڵام چاوەڕێی ئەوەم کە دۆخی ناوچەکە سەقامگیر بێت بۆ ئەوەی بتوانم یانەیەکی تایبەت بە خۆم بکەمەوە، خێزانەکەم هەر لە سەرەتای دەستپێکردنمەوە پاڵپشتییان کردم و هانیان دام کە ژنێکی سەربەخۆ بم.
سەبارەت بە خەون و ئاواتەکانی وتی: پێشتر خەونم بەوە دەبینی کە یاریزانێکی تایکواندۆی نێودەوڵەتی بم لەسەر شانۆی جیهان، بەڵام ئێستا خەونەکەم گۆڕاوە، دەمەوێت نەوەیەکی منداڵ پەروەردە بکەم و یارمەتیان بدەم بگەنە ئەو شوێنانەی کە هەمیشە خەونم پێیەوە دەبینی پێی بگەم، دەمەوێت لە داهاتوودا هەمووان بڵێن ئەم یاریزانانە لەگەڵ ڕاهێنەر ئالا ڕاهێنانیان کردووە، گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست لە جیهاندا.