شەمام شوانی، تاکە ژنە ڕاهێنەری گۆڕەپان و مەیدان بێت لە هەرێمی کوردستان

ڕاهێنەرێک تەواوی ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ خزمەتکردن بە وەرزش، ئامانجیەتی ئەوەی خۆی لە ژیانی وەرزشیدا پێی نەگەیشتووە یاریزانەکانی پێی بگەن، هەر بۆیە بەشی زۆری کاتەکانی لە ڕاهێنان دایە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- شەمام شوانی، ڕاهێنەری یانەی وەرزشی سیروانی نوێ و هەڵبژاردەی عێراق بۆ یاریەکانی گۆڕەپان و مەیدانە، لە قۆناغی ئامادەییەوە لە ڕێگەی وانەی وەرزش لە قوتابخانەدا، دەچێتە ناو بواری وەرزشەوە، وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، سەرەتا حەزی بە بەشی ئینگلیزی بوو لە کۆلێژی زمان، بەڵام بەهۆی تێکەڵبوونی بە وەرزش خولیاکەی گۆڕا و حەزی بە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی کرد، هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٠٩ بڕوانەمەی بەکالۆریۆسی لەو بەشەدا بەدەستهێنا، لە ساڵی ٢٠٢٠دا خوێندنی ماستەری لە هەمان بواردا بەدەستهێنا.

 

"بە ئێستاشە خێزانەکان دوای خولیای منداڵەکانیان ناکەون"

شەمام باسی لەوەکرد، زۆرینەی خێزانەکان بە ئێستاشەوە بیر لەوە دەکەنەوە منداڵەکانیان کۆلێژە پلە بەرزەکان بهێنن وەک ئەندازیاری و پزیشکی، بێ بیکردنەوە لەوەی ژیان پێویستی بە هەموو بوارێکە، بەتایبەت هونەر و وەرزش، کە زۆرترین ڕیگری هەیە لەبەردەمیاندا چونکە کۆمەڵگەی کوردی بەتایبەت لە سەردەمی پێشوودا، ڕۆشنبیرییەکی وای نەبووە کە هانی منداڵەکانیان بکەن بۆ وەرزش و هونەر بەتایبەت ئەگەر ژن بێت، وتیشیڵ ئەم ڕێگریانە وای کردووە بەشی زۆری ئەو ژنانەی دەستیان کردووە بە وەرزشکردن و تێکەڵی بوارەکە بوون لە خێزانەکانیان بشارنەوە، بەڵام دواتر خێزانەکانیان بۆیان دەرکەتووە چەندێک سەرکەتووە لە بوارەکەی خۆیدا، پاڵپشتیان کردووە و زیاتر هانیان داوە.

 

"هەمیشە هەوڵم داوە بە شێوازی جیاواز خزمەت بە وەرزش بکەم"

شەمامی ڕاهێنەر لە ساڵی ٢٠٠٥وە ڕووی لە یانەی وەرزشی کەمال سەلیم، نەورۆزی ئێستا کردووە، بە یاری تۆپی پێ وەک یاریزان دەستی پێکردووە، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٧ ڕووی لە یانەی سیروانی نوێ کردووە بە یاری تۆپی پێ، تۆپی سەبەتە و گۆڕەپان و مەیدان، لە ساڵی ٢٠١٢وە ڕووی لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی کردووە و تەنها بە گۆڕەپان و مەیدان بەشدار بووە و تا ساڵی ٢٠١٨ یاریزانی ئەو یانەیە بووە، بەڵام لە هەمان ساڵدا واز لە یاریزانی دەهێنێت و خولێک لە دەرەوەی وڵات دەبینێت و دەبێتە ڕاهێنەری گۆڕەپان و مەیدان.

 

ماوەی دوو ساڵی ڕاهێنەر بووە لە یانەی پێشمەرگە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١وە تا ئێستا لە یانەی سیروانی نوێ ڕاهێنەری گۆڕەپان و مەیدانە، دەڵێت: تەمەن ڕێگرە لەوەی یاریزانان بەردەوام بێت لە یاری، بەڵام هیچ کات حەزم نەکردووە لە پاش وازهێنانم بە تەواوەتی داببڕێم، بەڵکو خولیام بووە بە سروشتێکی جیاوازتر خزمەت بە وەرزشەکەم بکەم، جگە لە تەمەن یاریزانی تا ئاستێک بۆ ژن زەحمەت دەبێت بەهۆی ئەو هەموو ئەرکەی لەسەر شانیەتی.

 

بەردەوام لەسەر سەکۆی نازناوەکان بووە

شەمام شوانی، یەکێک بووە لە یاریزانە هەرە سەرکەتووەکان لە تەواوی ژیانی وەرزشیدا، بەڵام لە یاری گۆڕەپان و مەیدان جیاوازتر بووە، لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی کوردستان و عێراقدا هەمیشە لەسەر سەکۆی نازناوەکان بووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە و پلەکانی یەکەم تا سێهەمی تۆمار کردووە، وتی: ئەوەی جێی شانازی منە ژمارەی پێوانەی ١٠٠ مەتری کوردستانە، کە لە ساڵی ٢٠١٣وە بە ناوی خۆمەوە تۆمار کراوە و تا ئێستاش بە ناوی منەوەیە، هیوادارم شکێنەری ئەو پێوانەیە یاریزانێکی خۆم بێت.

 

هەرچەندە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان بووە و لە ئێستاشدا ڕاهێنەرە، بەڵام خولیای بۆ تۆپی پێ بەردەامە، بەڵام بەهۆی تەمەنییەوە نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ خولیاکەی و تیایدا خۆی بەرەوپێش ببات، بۆیە بڕیاری داوە واز لە یاری بهێنێت و ببێتە ڕاهێنەری گۆڕەپان و مەیدان، ئەوەش ناخۆشترین ساتی ژیانی وەرزشی شەمام بووە.

 

"لەبەر نەبوونی ڕاهێنەر زۆرینەی کاتی ژیانم لەگەڵ یاریزانەکانمدا لە گۆڕەپانی ڕاهێنانداین"

یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان جگە لەوەی پێویستی بە ڕاهێنانە لەناو گۆڕەپاندا، پێویستی بە سەرنج و هێز و تواناش هەیە، بۆیە پێویستە یاریزانانی ئەم وەرزشە ڕووبکەنە هۆڵەکانی لەشجوانی و یاری بەرزکردنەوەی قورسایی ئەنجام بدەن، ڕاهێنەر شەمام دەڵێت: بە پێی یاریزانەکان، لە بەربەستەوە بۆ ماوە کورت و ماوە درێژەکان و هەڵدانەکانەوە شێوازی ڕاهێنانەکان دیاری دەکرێت، پێویستە حەفتانە بە لایەنی کەمەوە سێ جار بچنە گۆڕەپانەکان بۆ ڕاهێنان.

 

شەمام ئاماژەی بەوەدا، زۆرترین کاتەکانی ژیانی لەگەڵ یاریزانەکانی و لە گۆڕەپاندا بەسەر دەبات، بە پێی ئەوەی ڕاهێنەری زۆربەی یاریزانانی گۆڕەپان و مەیدانە، لە کاتێکدا بە شێوازە زانستییەکەی بەو شێوازە نییە و دەبێت هەر یاریزانە و ڕاهێنەری خۆی هەبێت، بۆ نمونە یاریزانانی هەڵدانەکان ڕاهێنەری جیاوازی هەبێت لە ڕاهێنەری ماوە کورت و ماوە درێژەکان، بەڵام چونکە تاکە ڕاهێنەری ژنە لە کوردستان لە بواری گۆڕەپان و مەیدان، بۆیە زۆرترین ئەرکی کەتووەتە سەر شان و دەبێت بە پێی یاریزانەکانی کاتی خۆی دابەش بکات.

 

"زانستی ڕاهێنەری بەردەوام پێویستی بە نوێبوونەوە هەیە"

دەربارەی ئەو کەموکورتیانەی لە وەرزش لە هەرێمی کوردستاندا هەیە شەمام شوانی ئاماژەی بەوەدا، خودی خۆی یاریزانی ماوە کورت بووە و شارەزایی کەمی دەربارەی هەڵدانەکان و ماوە درێژ و جۆرەکانی دیکەی گۆڕەپان و مەیدان هەیە، بەڵام ناچارە ببێتە ڕاهێنەری سەرجەم بوارە جیاوازەکانی ئەو وەرزشە، ئەمەش وایکردووە ئەرکێکی قورس بکەوێتە سەر شانی ئەو ڕاهێنەرە، وایکردووە بەردەوام لە بەدواداچوون و ڕاهێنانی وەرزشەکانی دیکە بێت.

 

زانستی ڕاهێنەری وەک زانستی پزیشکی پێناسە دەکات و پێی وایە گرنگە ڕاهێنەران بەردەوام بەدواداچوون بکەن بۆ کۆکردنەوەی تازە و نوێکردنەوەی خۆیان تا ئەنجامی باش بەدەست بهێنن.

 

"واز لە ئامانجی خۆت مەهێنە، هیچ کات گەیشتن پێی مەحاڵ نییە"

لە کۆتایدا شەمام شوانی باسی لە ئامانجی ژیانی خۆی وەک ڕاهێنەرێک کرد و ڕوونی کردەوە، چەندین ساڵە یاری کردووە بەڵام تا ئێستا مەدالیای تایبەت و ئازادانەی خۆی بەدەست نەهێناوە، بۆیە ئامانجیەتی یاریزانەکانی خۆی پێی بگات، ئەوەی جێی شانازی و دڵخۆشی شەمامە هەر یاریزانێکی بەشداری پاڵەوانیەتی کردبێت بێ مەدالییە نەگەڕاوەتەوە، وتیشی: هەمیشە عێراق پشتی بەستووە بە یاریزانانی یانەی سیروانی نوێ بۆ پاڵەوانیەتییەکانی دەرەوە.

 

لە دوا پەیامی خۆیدا بۆ ژنان، دەڵێت: لە ژیاندا وشەی 'نییە' نییە، هیچ شتێک نییە لە ژیاندا بڵێیت ناتوانم بیکەم و ئەنجامی بدەم، ئەگەر ئامانجێکیان هەیە لێی نەوەستن تا پێی دەگەن، بێگومان ڕۆژێک دێت دەبنە جێی شانازی کۆمەڵگە و خێزانەکەیان، هیواش دەخوازم ڕاهێنەری ژن لە وەرزشە جیاجیاکاندا زیاد ببێت.