دڵخۆش لەسەر ئاستی ئاسیا و جیهان پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە

ژنانی ڕانیە توانیویانە بەشداری خولە وەرزشییەکان و پاڵەوانێتییەکان بکەن و لە بوارەکەدا بەرەوپێش بچن، یەکێکیش لەوانە، دڵخۆش عەبدوڵایە.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- دڵخۆش عەبدوڵا، وەرزشوانی یاری لەشجوانییە و تەمەنی ٣٢ ساڵە، دانیشتووی شاری ڕانیەیە، دڵخۆش بە تواناکانی خۆی توانیویەتی بەشداری چەندین پاڵەوانێتی بکات و پلەی یەکەم لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەدەستبهێنێت.

 

دڵخۆش بەشداری پاڵەوانێتی لەشجوانی عێراقی کردووە و بۆ جاری سێیەم ئاستی یەکەمی بەدەستهێناوە، لە پاڵەوانێتی ئاسیاشدا بەشداری کردووە و ئاستی بەرزی بەدەستهێناوە، ئاستی سێیەمیشی لە پاڵەوانێتی جیهاندا لەسەر ئاستی جیهانی پێبەخشراوە، لەمساڵیشدا بە بەهێزترین ژنی عێراق دەستنیشانکرا و لەناو سێ یەکەمەکەدا، ئاستی یەکەمی بەدەستهێناوە.

 

سەرەتای دەستپێکردنی بە وەرزش، دوای ئەوەبوو کە باوکی دەبینی لە ماڵەوە وەرزشی دەکرد و تەندروستییەکی باشی هەبوو، بۆیە دڵخۆشیش بڕیار دەدات دەست بە وەرزش بکات و ئاستی خۆی بەرەوپێش بەرێت.

 

دڵخۆش عەبدوڵا باس لە تانە و تەشەری کۆمەڵگە دەکات کە دوای دەستکردنی بە وەرزش ڕووبەڕووی بووەتەوە، بەڵام حەز و خولیاکانی لەسەروو ئەوەوەبوو، بەردەوام بووە، دەربارەی بەشداریکردنی ژنان لە بواری وەرزشدا وتی: زۆر ژن هەن لە بواری وەرزشدا یاری کردووە و بەشداری پاڵەوانێتی کردووە، بەڵام تا ئێستا بەردەوام نەبوون، چەندین ژنی دیکە هەن لەبەر تانە و تەشەری کۆمەڵگە سەرەڕای حەز و خولیاکانیان ناتوانن بێنە ناو بوارەکەوە،

 

ئەو وەرزشوانە پەیامی خۆی بۆ ژنان دەنێرێت، کە "نەترسن و واز لە تانە و تەشەری کۆمەڵگە بهێنن بۆ ئەوەی بتوانن ئەوانیش ئەو خەونەی هەیانە بیپێکن و بە دوای خەون و ئامانجەکەی خۆیان بکەون.