په‌یمان بۆ گەیشتن بە وەرزش بەربەستەکانی تێکشکاند

پەیمان زەینەدین ماوەی ١٩ ساڵە یاریزانی بالەیە و لە ئێستادا سكرتێری یانەی سیروانی هەڵەبجەیە، لە ژیانیدا هەوڵی زۆری داوە تا لە بواری وەرزشدا ئاستی باش بەدەستبهێنێت و دامەزرێنەری تیپى بالەی كچانی سیروانی هەڵەبجەشە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- پەیمان زەینەدین، دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و لە ساڵی ٢٠١٧دا بەشی وەرزشی لە زانکۆی هەڵەبجە تەواو کردووە، لە ئێستادا سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی باله‌ی كوردستان-لقی هه‌ڵه‌بجەیە و سكرتێری یانه‌ی سیروانی هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رپه‌رشتیاری لاوان بۆ بالەیە، لە ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠٢١ یاریزانی بالە بووە و لە ساڵی ٢٠٢٢دا بووەتە سکرتێری یەکێتی تۆپی پێ لقی هەڵەبجە.

 

پەیمان ژنێکی پێشەنگی بواری وەرزشە لە شاری هەڵەبجە و بووەتە نمونە بۆ ژنانی دیکەی وەرزشوان، لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا زۆر دەستکەوتی بەدەستهێناوە و بۆ ئەمەش هەوڵی زۆری داوە، لە شاری هەڵەبجە خولی بالەی کوڕانی کوردستان بەڕێوە دەچێت و پەیمان وەک سەرپەرشتیار دەستنیشان کراوە.

 

پەیمان متمانەی تەواوی بە خۆی هەیە و باس لەوە دەکات، سەرەتای هەموو کار ئەگەر قورسیش بێت متمانەت بە خۆت هەبێت، بە ئاسانی تێدەپەڕێت، دەڵێت: منیش متمانەم بەخۆم هەیە، بۆیە ئەڵێم دەتوانم.

 

"لەم خولەدا من تاکە ژنم خولەکە بەڕێوە دەبەم"

پەیمان هاوکاری وەرزشی پیاوانیشە و توانیویەتی خولی بالەی کوڕان بەڕێوەبات، تاکە ژنە کە لە خولەکەدا بەردەوامە و خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت کە کارەکەی بە قورس نابینیت و بەربەستەکان دەشكێنێت، خوازیارە ژنان ڕوو لە وەرزش بکەن، گرنگ نییە چ جۆرێکە، گرنگ ئەوەیە بێنە دەرەوە و وەرزش بکەن، هەروەها گرنگە وەها بکەن منداڵەکانیان ڕوو لە وەرزش بکەن، چونکە ئەگەر منداڵ سەرەتا فێری وەرزش ببێت، کە گەورەش بوو خولیای وەرزشی دەبێت و لەشێکی تەندروستی دەبێت.