وەرزش یەکێکە لە ڕێگاکانی یەکسانی ڕەگەزی و بەهێزکردنی ژنان

سرور پێی وایە ئامانج لە کۆمەڵگەی نەریتی و پیاوسالاری ئێران و ڕژێمی دیکتاتۆر ئەوەیە کە ژنان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا دووربخەنەوە و لە ماڵەوە بمێننەوە، چونکە بوونی وەرزشوانانی ژن بە هەڕەشە بۆ سەر وەرزشوانانی پیاو دادەنرێت .

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە- کۆمەڵگە بە دابەشکردنی چالاکییە وەرزشییەکان بەسەر وەرزشی ژنان یان پیاواندا، ژنان لە زۆرێک لە وەرزشەکان بێبەش دەکەن، لەکاتێکدا ژنان نیوەی دانیشتوانی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و بەهۆی ڕۆڵی دایکان و ژنانەوە، دڵخۆشی و زیندوویی و تەندروستی ڕۆح و جەستە بە کۆمەڵگە دەبەخشن، بۆیە بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی ڕەگەزی و نەهێشتنی هەڵاواردن لە دژی ژنان، کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان وردە وردە وەرزشی ژنان پێشدەخەن، ئەمەش ساڵانێکی زۆری خایاند چونکە کۆمەڵگەی پیاوسالاری تێکەڵ بە نەریت و ئەقڵیەتی کۆمەڵگەیە.

 

کۆمەڵگە چالاکییە وەرزشییەکان بەسەر وەرزشی ژنان یان پیاواندا دابەش دەکات، ئەم دابەشبوونە لەسەر بنەمای ڕەگەز تەنها لە وەرزشدا ڕوونادات، بەڵکو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕوودەدات و هەندێکجار سنوورێکی تێپەڕنەکراوی لەنێوان مرۆڤەکان و چالاکییەکان و پەیوەندی نێوان مرۆڤەکاندا دروستکردووە.

 

"زۆر ڕێگری لە بەردەم وەرزشوانانی ژندا هەیە"

سرور.س یەکێکە لەو وەزشوانانەی هەموو بەیانییەک دەچێتە پارکەکان بۆ وەرزشی بەیانیان و لەگەڵ ژنان و پیاوانی دیکەدا وەرزش دەکات، دەڵێت: لەو کۆمەڵگە کۆنەپارێزەی تێیدا دەژین، هەمیشە وەرزش بە چالاکیەکی پیشەیی بۆ ژنان نازانن، جیاکاری لە هەموو بوارەکاندا بەربڵاوە و لە وەرزشیشدا بە هەمان شێوەیە، بەڵام من حەزم لە وەرزشە، چونکە وەرزش یەکێکە لە ڕێگاکانی یەکسانی ڕەگەزی و بەهێزکردنی ژنان و کچان، ئەو ژنە وەرزشیانەی کە بەرەو سەرکەوتنی کۆمەڵگە هەنگاو دەنێن بە ئامانجی وەرزش و هۆشیاری ژنانی تر بۆ گرنگیدان بە مافەکانیان و جەستە و دەروونیان، زۆر ڕێگری لە بەردەمیاندا دروست دەکرێت، حیجابی ناچاری و نەبوونی پێداویستی وەرزشی بۆ ژنان و کەمی داهات لە چاو پیاواندا، وایکردووە وەرزشی ژنان لاواز ببێت.

 

"کۆمەڵگە و ڕژێم ژنان لە ماڵەوەدا قەتیس دەکەن"

سرور دەڵێت: سەرکەوتنەکانمان و پاڵەوانێتی تیپی فوتساڵ لە شارەکانی تر و تەنانەت پێشبڕکێ نیشتمانییەکانیش دەتوانرێت ببێتە هۆکاری بەدەستهێنانی سپۆنسەری دارایی بۆ تیپەکانی فوتساڵی ژنان و ڕاکێشانی زیاتری ژنانی گەنج و کچان بۆ ئەم وەرزشە، بەڵام ئامانجی کۆمەڵگەی نەریتی و پیاوسالاری ئێران و ڕژێمی دیکتاتۆر ئەوەیە کە، ژنان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا وەلا بنێت و لە ماڵەوە بمێننەوە، چونکە بوونی وەرزشوانانی ژن بە هەڕەشە بۆ سەر وەرزشوانانی پیاو دەبینن.

 

بەدەستهێنانی متمانەی جەستە و لەدەستدانی متمانە بەخۆبوون

لە کۆتایی قسەکانیدا، سرور جەخت لەوە دەکاتەوە کە "بە وردی ئەوە دۆخی ژنانە لە بواری وەرزشدا کە دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان ڕوو لە وەرزشە تایبەتەکانیان نەکەن، بە پێچەوانەوە، ئەمە وا لە ژنان دەکات زیاتر بە متمانە و باوەڕ بەخۆبوونەوە بچنە ناو وەرزشێکەوە کە بەرگی پیاوانەی بە بەردا کراوە، سیمۆن دی بوڤوار دەڵێت، 'ژن هەست دەکات بە بەراورد بەو ئاسانکاریانەی کە بۆ پیاوان دابین دەکرێن، بۆ ژن ناکرێت و وەک کەسێکی دواکەوتوو لێی دەڕوانێت، بۆچی ناهێڵێ ژنیش مەلە بکات؟، بەسەر شاخدا سەربکەوێت؟، بۆیە پێویستە ژنان ڕووبەڕووی مەترسی ببنەوە و بچنە بۆشایی ئاسمانەوە، تا هەست بە نامۆبوون و تەنیایی نەکەن کاتێک ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە.