بۆ بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی تۆپی بالەی ئاسیای پیاوان ڕاهێنانی ژنان ڕاگیرا

پاڵەوانێتی بالەی پیاوانی ئاسیا لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت، کە یاریزانانی بالەی ژنان خۆیان بۆ پاڵەوانێتی بالەی ژنانی ئاسیا ئامادە دەکەن، بەو هۆیشەیەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژنان ناچار بوون ڕاهێنانەکانیان ڕابگرن.

لارا گەوهەری

 

ورمێ- پاڵەوانێتی تۆپی بالەی پیاوانی ئاسیا بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە ١٩ی ئاب تا ٢٦ی ئاب بە بەشداریی ١٨ تیم لە شاری ورمێ لە لە هۆڵی ٦ هەزار کەسی غەدیر و ٣ هەزار کورسی ئەهەندۆس بەڕێوەدەچێت، بەپێی ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنی تۆپی بالە، ژنانیش دەتوانن بەشداری ئەم پاڵەوانێتییە بکەن، بەڵام چەندین سنووردارکردن بەسەر ژناندا سەپێنراوە.

 

چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە و لەگەڵ دەستپێکردنی فرۆشتنی بلیت، سیستمی ئۆنلاین بۆ فرۆشتنی بلیت بۆ ژنان بەردەست نەبوو، تەنها لە کاتژمێرەکانی کۆتاییدا ژنان توانیان بلیت بکڕن، ئێستاش توانای کڕینی بلیت بۆ ژنان لە سایتەکەدا بۆ هەندێک یاری بە سفر نووسراوە، ژنان مافی ئەوەیان نییە لە هەموو یارییەکاندا ئامادە بن.

 

لەم پێشبڕکێیانەدا کورسی بینەران بەپێی ڕەگەز جیا دەکرێنەوە و تەنها بەشێکی کەم لە توانای هۆڵەکە بۆ ژنان تەرخان دەکرێت.

 

ئەو ژنانەی سەیری یارییەکان دەکەن لەڕووی ڕەچاوکردنی حیجابەوە فشارێکی زۆریان لەسەرە و لەناو هۆڵەکەدا هێزێکی زۆر لە بەشی ژنان هەیە و هۆشداری سەرەکیشیان لەسەر حیجابە و لە ئەگەری ڕێگری لە چوونە ژوورەوەدا بۆ هۆڵەکە، پارەی ژنان ناگەڕێنرێتەوە.

 

سەرەڕای ئەم هەلومەرجە سەختانە، ژنانی هەواداری تۆپی بالە مەیدانی تێکۆشانیان بەجێنەهێشتووە و بە بەشداریکردن لەو پێشبڕکێیانە، دەیانەوێت بەرەنگاری تابووەکانی ناو کۆمەڵگە ببنەوە بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە وەرزش دیاریکراوی ڕەگەزێک نییە و ئەمەش حکومەتی ترساندووە و توانای دابینکردنی بلیتی بۆ ژنان کەمکردەوە، کە لە زۆربەی پێشبڕکێکاندا سفر کورسیان بۆ دانراوە، تا ئێستاش ژنان تەنها لە پێشبڕکێی سەرەتاییدا توانیویانە بلیت بەدەستبهێنن.

 

جێی ئاماژەیە، پاڵەوانێتی بالەی پیاوانی ئاسیا لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە یاریزانانی بالەی ژنان خۆیان بۆ پاڵەوانێتی بالەی ژنانی ئاسیا ئامادە دەکرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ناچاربوون ڕاهێنانەکانیان ڕابگرن.