جومناستیک، وەرزشێک بۆ چالاککردنی مێشک و جەستەی منداڵ

فێرگەی جومناستیکی سلێمانی بۆ فێرکردنی منداڵان ماوەی ١١ ساڵە کراوەتەوە، توانیویانە لەم چەند ساڵەدا زۆرترین منداڵ فێری جۆرە جیاوازەکانی جومناستیک بکەن، خێزانەکانیش پاڵپشتی منداڵەکانیان دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئەو وەرزشە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دۆسیەی ئەمجارەی ئاژاسی نوژنها دەربارەی فێرگەی جومناستیکی سلێمانییە، کە تیایدا منداڵان فێری جومناستیک دەکرێت و لەم ڕێگەیەوە پەرە بە تواناکانیان دەدرێت بۆ چالاککردنی مێشک و جەستەیان.

 

کەوسەر ئەبوبەکر، سەرپەرشتیاری ئیدارەی فێرگەی جومناستیکی سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا فێرگەکە لە ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە و لە هەموو وەرزێکدا بە ڕووی منداڵاندا کراوەیە و سودی بە زۆرترین منداڵ گەیاندووە کە بەشداری و خولیای فێربوونی جومناستیکیان هەیە.

 

لە فێرگەکەدا منداڵانی تەمەن ٣-١٢ ساڵ وەردەگیرێن و لەلایەن مامۆستاوە بەپێی تەمەن فێردەکرێن، هەروەها هەندێک لە منداڵەکان تایبەتن و لەلایەن پزیشکەوە نێردراون، بۆ ئەو منداڵانە مامۆستای تایبەت هەن و جوڵەی تایبەتیان پێدەکرێت، ئەو منداڵانەی حاڵەتی تایبەتیان هەیە زیاتر کێشەیان هەیە لە جەستەدا وەک کێشەکانی ئێسک، خواربوونی قاچ و ئۆتیزم.

 

ئەو خێزانانەی ئاگادارن لە بوونی فێرگەکە بەشی زۆریان منداڵەکانیان دەهێنن، حەز دەکەن منداڵەکانیان فێری وەرزشی جومناستیکی ببن و هۆشیاریان هەیە دەربارەی سودی وەرزشەکە، "هیوادارین لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان فێرگەی جومناستیکی بکەینەوە، چونکە سودی زۆر بە جەستە و هزری منداڵ دەگەیەنێت، بەڵام لە ئێستادا تەنها دەتوانین لە شاری سلێمانی درێژە بە کارەکانمان بدەین".

 

"سەرەتای فێرکردنیان بە جوڵەی سەرەتایی دەستپێدەکەین"

سارینا عەتا، ڕاهێنەر لە فێرگەی جومناستیکی سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا ئەو منداڵانەی سەردانی فێرگەکە دەکەن تەمەنیان لە نێوان سێ بۆ دوازدە ساڵە، هەر سێ منداڵیک دابەشدەکرێن بەسەر ڕاهێنەرە جیاوازەکاندا و هەر تەمەن و فێری جۆرێکی جیاواز لە جومناستیک دەکرێن، "ئەو منداڵانەی تەمەنیان گەورەیە و توانایان هەیە جومناستیک بکەن، لە جوڵە سەرەتاییەکانی جومناستیکەوە دەست بە فێربوونیان دەکەین، چونکە ناتوانن بە جوڵەی قورس دەستپێبکەن، بەڵکو سەرەتا بە جوڵەی ئاسان دواتر بە جوڵەی دیکەیان فێردەکرێت، لەبەرئەوەی منداڵان حەز بەم وەرزشە دەکەن، بۆیە خێزانەکانیشیان ڕێگریان لێناکەن و هۆشیاریان هەیە بۆ هێنانی منداڵەکانیان بۆ فێرگە و فێرکردنیان لەلایەن ڕاهێنەرانەوە".

 

"منداڵانی کچ زیاتر حەز بە جومناستیک دەکەن"

ئەو ڕاهێنەرە وتی: خولەکانمان بۆ ماوەی سێ مانگە، دواتر ئەگەر منداڵەکە پێی خۆشبوو دەتوانێت دووبارەی بکاتەوە و بەردەوام بێت لەگەڵمان، ئەو منداڵانەی زیاتر حەز بە جومناستیک دەکەن منداڵانی کچن، چونکە جومناستیک جوڵەی تیایە و زیاتر کچانن کە خولیای ئەو وەرزش و جوڵەیەن و دەتوانن باشتر ئەنجامی بدەن.

 

وەرزشی جومناستیک و جوڵەکانی بۆ کوڕ و کچ جیاکراونەتەوە، واتە ئەو یاریەی دەکرێت بە منداڵێکی کچ مەرج نییە بکرێت بە منداڵێکی کوڕ، بۆ منداڵانی کوڕ شەش جۆر یاری جیاواز هەیە لە بەرامبەردا بۆ منداڵانی کچ چوار یاری هەن، بەڵام جوڵە سەرەتاییەکانی جومناستیک جیانەکراوەتەوە لە نێوان کوڕ و کچ، دوای ساڵێک بۆ دووساڵ جوڵەکان جیادەکرێتەوە.

 

"منداڵان لە ڕێگای جومناستیکەوە دەتوانن جەستە و مێشکیان چالاک بکەن"

فێربوونی جومناستیک پشت دەبەستێت بە توانای منداڵەکە خۆی، واتە منداڵەکە هەتا خولیای جوڵەی هەبێت و حەزی بە یاریەکە هەبێت دەتوانێت زوتر و بە شێوەیەکی باشتر فێربێت، باشترین تەمەن بۆ فێربوونی لە نێوان شەش بۆ هەشت ساڵیدایە.

 

سارینای ڕاهێنەر وتی: جومناستیک سودی زۆری هەیە لە بەرامبەردا ئەگەر زۆر بەردەوامبیت لەسەری یاخود ئەو کەسانەی بەشداری خولی پاڵەوانێتییەکان دەکەن، کەمێک زیانیان پێدەگەینێت، ئەوەش تەنها زیان بە جەستەی دەگات لە ڕووی برینداربوون و ئازار گەیشتن بە جەستەی".

 

دەربارەی سود و زیانەکان وتی سودەکانی زۆر زیاترە لەو کەمە زیانە، "لەوانە چالاکردنی جەست و مێشکی منداڵ، باشبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ منداڵانی دیکە و کەسانی گەورە، هەروەها دەتوانن سودی لێوەربگرن بۆ باڵانسکردن لە تەواوی ژیانیان بە گشتی و وەرزش بە تایبەت، بۆ ئەو منداڵانەی کێشی لەشیان کەمە و ئێسکیان لاوازە دەتوانن لە ڕێی جومناستیکەوە کێشی لەشیان باشبکەن و ئێسک و جوڵەکانیان بەهێز بکەن.

 

سارینا عەتا، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە جومناستیک دەکات، خولیای خۆی جومناستیکە و هیچ کێشەی نییە لە کارەکەیدا، وتی "هەرکاتێک منداڵێک فێری جومناستیک دەکەم لە دڵخۆشیدا حەز دەکەم بفڕم".

 

منداڵان دڵخۆشی خۆیان بۆ وەرزشی جومنداستیک دەردەبڕن

ڤانە ئامانج، تەمەنی ١٣ ساڵە و یەکێکە لە یاریزانانی جومناستیک، ماوەی ساڵ و نیوێکە یاری دەکات، پێیوایە لە ڕێگای جومناستیکەوە لەشی بەهێز دەبێت و مێشکی چالاک دەبێت، دەشڵێت: "جومناستیک هەستێکی خۆشم پێدەبەخشێت بە تایبەت ئەو کاتانەی یاری دەکەین لەگەڵ هاوڕێکانم".

 

ئایە بەرهەم، فێرخوازێکی دیکەیە و ماوەی ساڵێکە یاری جومناستیک دەکات، دەربارەی یارییەکە وتی: "جومناستیک یارییەکی زۆر خۆشە و جوڵەکانی زۆر خۆشیم پێدەبەخشن، ڕۆژانە دوو کاتژمێر یاری دەکەم و هیلاکم ناکات"، ئەو منداڵە ئاماژەی بەوەدا، جوڵەکانی ئێستای بە بەراورد بە پێشووتر کە یاری جومناستیکی نەدەکرد جیاوازە، ئێستا چالاکانە تر جوڵە دەکات.

 

خێزانەکان پاڵپشتی منداڵەکانیان دەکەن لە فێربوونی جومناستیکدا

تابان بەهادین، دایکی یەکێک لە منداڵەکانە، منداڵەکەی ماوەی ساڵ و نیوێکە هێناوەتە فێرگەی جومناستیکی سلێمانی، دەڵێت: "منداڵەکەم سودی زۆر لە جومناستیک بینیوە و لە ڕووی جوڵەوە جوڵەکانی چالاکتر بوون و ئێسکی پتەوتر بووە".

 

ئەو دایکە داوا لە خێزانەکان دەکات منداڵەکانیان بخەنەبەر وەرزش و سەرەتاش فێری جومناستیکیان بکەن، بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا حەز بە هەر وەرزشێکی دیکە بکەن بتوانن بە ئاسانترین شێوە ئەنجامی بدەن، ئاماژەی بەوەشدا منداڵەکەی لە ڕووی دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتییەوە لاواز بووە و نەیتوانیوە بە شێوەیەکی باش قسە بکات، بەڵام ئێستا زیاتر تێکەڵ بە خەڵکی دەبێت و باشترە لە قسەکردندا.