تیمی بالەی کچانی سلێمانی لانەیەک بۆ ژنانی گەنجی وەرزشوان

ژنانی گەنجی تیمی بالەی سلێمانی توانیەویانە مێژوویەکی جوان بۆ وەرزشی ژنان لە کوردستان تۆمار بکەن و دوای چەند ساڵێک لە ماندوبوون و ڕاهێنان توانیویانە ببنە براوەی دوو پاڵەوانیەتی.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- وەرزشکردن هۆکارێکە بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەکان، بەشداری ژنانیش لەو بوارەدا ئاستی پێشکەوتنی ئەو کۆمەڵگەیە دەردەخات، لە باشووری کوردستان بەهۆی بەرەوپێشچوون و هۆشیاری ژنانەوە چەندین گروپ و یانەی تایبەت بە ژنان بوونیان هەیە و توانیویانە بە تواناکانیان سەرکەوتن بەدەستبهێنن و مێژوویەک بۆ وەرزشی ژنانی کورد تۆمار بکەن.

 

تیمی بالەی سلێمانی لە ٣١ی ئایاری ٢٠١٥ وەک بەشێک لە یانەی سلێمانی دامەزراوە، ئەم تیمە لە ١٠٠ وەرزشوان پێکهاتووە، کە بەسەر ئاستەکانی لاوان، تازە پێگەیشتووان، پێشکەوتوواندا دابەشبوون، فێرگەی وەرزشوانی نوێشیان هەیە، وەرزشوانەکانی ئەم تیمە ئاستێکی باشیان هەیە و بەشداری پاڵەوانیەتییەکان دەکەن، هەر کەسێکیش بیەوێت، دەتوانێت بەشدار بێت لەم تیمە و هیچ مەرجێکیان نییە.

 

وەرزشوانەکانی ئەم یانەیە لە تەمەنێکی کەمدا بەشداریان کردووە و لەلایەن ڕاهێنەرەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێک ڕاهێنانیان پێ دەکرێت، دواتر تیمی کچانی بالەی سلێمانی بەشداری پاڵەوانیەتییەکان دەکەن، لە کۆتا یارییاندا کە لە ٢٧ی تەمموز ئەنجامدرا، تیمی کچانی بالەی سلێمانی توانیان پلەی یەکەم بەدەستبهێنن و نازناوەکە ببەنەوە، بە گشتیش ئەم یانەیە خاوەنی ٨ خەڵاتە.

 

"کۆمەڵگە بەشێک لە وەرزشەکانی تایبەت کردووە بە پیاوان"

چاوان کەمال، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٥ ساڵە و یاریدەدەری ڕاهێنەر و بەرگیریکاری تیمی بالەی سلێمانییە، ماوەی ١٥ ساڵە بەشداری یارییەکان دەکات و ماوەی ٣ ساڵە بە بەردەوامی لەم تیمەدایە، بەشداری ٢ پاڵەوانیەتی کردووە لە کوردستان و عێراقدا، ئەم یانەیە بووە بە بەشێک لە ژیانی چاوان و هەرچەندە لە لایەن حکومەتەوە هاوکاریان ناکرێت، بەڵام وەکو حەز و دڵسۆزیەک بۆ یانەکە بەردەوامە لەگەڵیاندا.

 

چاوان دەڵێت: من وەکو ژنێکی گەنج بە پشت بەستن بە خۆم و هاندانی خێزانەکەم توانیم بگەم بەم ئاستە، وە پێویستە هەموو ژنێکیش پەرە بە تواناکانی خۆی بدات، هەرچەندە ئاستەنگییەکان لە کۆمەڵگەی ئیمەدا زۆرن بۆ ژنان و تەنانەت بەشێک لە یارییەکانیان تایبەت کردووە بە پیاوان، بەڵام ئێمە هەوڵمان داوە ئەو جیاوازییە نەهیڵین.

 

هەبوونی هاندەر لە یاریگا هانی وەرزشوانەکان دەدات

ساڤیا پشتیوان تەمەنی ١٧ ساڵە و بە شێوەی ڕافع و لیبرۆ ماوەی ٨ ساڵە لە تیمی بالەی سلێمانی یاری دەکات، کاتێک ڕاهێنەری تیمەکە فۆڕم دابەش دەکات بەسەر قوتابخانەکاندا ساڤیا بڕیار دەدات ببێت بە وەرزشوان لەم تیمەدا، لەسەرەتای دەستپێکردنی بە یاریکردن تا ئێستا خێزانەکەی پستگیریان کردووە و ئەمەش وای لە ساڤیا کردووە بەردەوام بێت لە یاریکردن، لە یارییەکاندا ئاستەنگیمان بۆ دروست دەبێت و زۆر جار کاتی ئەنجامدانی پاڵەوانیەتییەکان نازانین، لە کاتی ئەنجامدانی یارییەکان کاتێک هاندەران بەشدار دەبن و سەیری دەکەن هانی ساڤیا و هاوڕێکانی دەدات زیاتر سوور بن لەسەر ئامانجەکەیان.

 

"پشتگیری نەکردنی حکومەت ساردی نەکردوینەتەوە لە وەرزشکردن"

سۆزیار جەلال تەمەنی ١٤ ساڵە و ماوەی ٥ ساڵە یاریزانی یانەی سلیمانییە، توانیویەتی دوو پاڵەوانیەتی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنێت، وەک خۆی دەڵێت: ژیانی وەرزشی جیاوازە و هەستێکی تایبەتی هەیە بەتایبەتی بۆ ژنان، کە لە کۆمەڵگەکەماندا هەندێک جار سەختە بۆ ژنان لەو بوارەدا کار بکەن کە حەزیان لێیەتی، وەرزشکردن سوودێکی زۆری هەیە بۆ ژنان لە ڕووی دەروونی و تەندروستیشەوە، هەرچەندە حکومەت هاوکاریمان ناکات، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی ساردمان بکاتەوە لە وەرزشکردن، زۆر جار لە لایەن خەڵکەوە ڕەخنەمان لێ گیراوە، بەڵام ئێمە هەر بەردەوامین لە سەرکەوتنەکانمان.

 

"جێگەی دڵخۆشیە وەکو گروپێکی ژن توانای خۆمان بسەلمێنین"

پروشە ئاوات تەمەنی ١٨ ساڵە و ماوەی ٨ ساڵە لە یانەی بالەی سلێمانیە، دوای ٤ ساڵ ڕاهێنان بەشداری یارییەکانی کردووە، وەک خۆی دەڵێت: دوو هەفتە پێش ئەنجامدانی پاڵەوانیەتییەکان هەموو ڕۆژەکان ڕاهێنان دەکەن، وەکو تیمی بالەی سلێمانی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٨ بەشداری پاڵەوانیەتیمان کرد، کۆتا پاڵەوانیەتیمان ٢٧ی تەموزی ئەمساڵ بوو لەسەر ئاستی لاوان و توانیمان پلەی یەکەم لە ئاستی عێراق بەدەستبهێنین، زۆر دڵخۆشم کە یانەیەکی وا هەیە و هەموومان ژنین و توانیومانە توانای خۆمان دەربەخەین لە کۆمەڵگەکەماندا.