وەرزشی ژنان لە عێراق ڕووبەڕووی سنوورە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە

وەرزشی ژنان یەکێکە لە پرسە هەستیارەکانی عێراق، کە هەمیشە بەهۆی سنورە کۆمەڵایەتییەکان تا دەگات پاڵپشتی "کەمترین" لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە، ڕەت دەکرێتەوە و ژنانی لێ دوور دەخرێتەوە.

نور مەرسومی

 

عێراق- زۆرێک لە کچانی گەنج و ژنان لە عێراق هەوڵی شکاندنی کۆتوبەندە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن و بە دوای خولیاکانی خۆیاندا دەگەڕێن، کە چەندین ساڵە لێی دوورخراونەتەوە، لەوانە وەرزش، ساڵانێکە لە عێراق هەوڵی بەرەوپێشبردنی وەرزشی ژنان دەدرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەو دابونەریت و سنووردارکردنە کۆمەڵایەتیانەی کە کۆمەڵگای پیاوسالاری تا ئێستاش پێیەوە پابەندە.

 

"وەرزشی ژنان لە وڵاتدا لە بیر کراوە"

شەزا حامد تەوقان، ڕاهێنەر، سەبارەت بەو هۆکارانەی کە ڕێگری لە وەرزش ژنان لە عێراق دەکەن وتی: پاڵپشتی نەکردنی خێزانەکان بۆ کچەکانیان ڕێگری سەرەکییە لە بەردەم وەرزشی ژناندا، هێشتا هەندێک کەس بە گومان و قسەی ناشرینەوە سەیری ژنانی وەرزشکار دەکەن، بەتایبەتی بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ ڕاهێنان.

 

ئەو ڕاهێنەرە وتی: ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە تا ئێستاش زۆربەی خێزانەکانی پابەندن بە دابونەریتی خێڵ و عەشرەتەوە، دابونەریتە بەسەرچووەکان هانی خێزانەکان دەدەن تا ڕێگری لە بەشداری ژنان بۆ یانە وەرزشییەکان بکەن، یاریزانە ژنەکان ڕووبەڕووی قسەی ناشرین دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا چەندین هۆڵ و یانە بۆ یارییەکانی ژنان کراوەتەوە، بەڵام هێشتا ڕێژەی بەشداریکردن زۆر لاوازە، تا ئەو ڕادەیەی وەرزشی ژنان لە وڵاتدا لەبیرکراوە.

 

شەزا حامد تەوقان باسی لە جیاوازی نێوان بەشداری ژنان و پیاوان کرد، کە لە ئاستێکی باڵا دایە، ئەمەش گەڕاندەوە بۆ ترسی زۆربەی خێزانەکان لە کچەکانیان کە وەرزش دەکەن، زیاتر ڕێگە بۆ پیاوان دەکەنەوە و ڕێگری لە کچەکانیان دەکەن، لەبارەی تێڕوانینی کۆمەڵگەشەوە وتی: ڕەتکردنەوەی وەرزشی ژنان لەلایەن کۆمەڵگەوە گەورەترین بەربەستە، هەروەها یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی لاوازی لە تەشەنە سەندنی وەرزشی ژنان، ئێمە شاهیدی دابەزینێکی بەرچاو لە وەرزشی ژنان بووین بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی لەلایەن کەسانی پەیوەندیدارەوە.

 

"گرنگە وەرزشی ژنان لە میدیاوە دەربخرێت"

ڕاهێنەر شەزا نایشارێتەوە، کە سەرەڕای بەربەستەکان، بەڵام ساڵانێکە وەرزش پەرەی سەندووە، وەک وەرزشەکانی تۆپی پێ، تێنس، بالە، تۆپی باسکە، بالێ و لەشجوانی، جگە لە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان و ڕاکردن لە ناوەوە و دەرەوەی کۆلێژە وەرزشییەکان، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە تیپی ژنان لەم ساڵانەی دواییدا لە تۆپی پێ، بۆکسێن، بەرزکردنەوەی قورسایی یان زۆرانبازی دروستکراون، وتیشی: دابینکردنی هۆڵی وەرزشی بۆ ژنان، یەکێکە لە توخمەکانی هاندانی ژنانی وەرزشکار بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەیان، هەروەها تیشک خستنە سەر دەستکەوتەکانی ژنانی وەرزشکار لە ڕێگەی میدیای بینراو یان چاپکراوەوە هۆکارێکی گرنگە بۆ قبوڵکردنی وەرزشی ژنان لەلایەن کۆمەڵگەوە.