٢٢ یاریزانی کاراتی لە هەڵەبجە خەڵات کران

بەشی کاراتی یانەی وەرزشی هەڵەبجە لە بوونەتە براوەی پلەی یەکەم و دووەمی پاڵەوانێتی عێراق و کوردستان، لە پای سەرکەوتنەکەیان ٢٢ یاریزان خەڵات کران.

هەڵەبجە

 

دوێنێ لە هۆڵی شەهید سەرخێڵ عەبدولڕەحمان یانەی وەرزشی هەڵەبجە خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە ٢٢ کچی یاریزانی تیمی کچانی یانەی وەرزشی هەڵەبجە، ستاف و ڕاهینەران و دادوەرانی یانەکە لەپای بەدەستهینانی پلەی یەکەم و دووەم لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان لە پاڵەوانێتییەکاندا.

 

ئاڵا سەڵاحەدین، بەڕێوبەری کارگێڕی یانەی وەرزشی هەڵەبجە، ڕێزی بۆ ماندووبوونی وەرزشوانانی یانەکە خستەڕوو وتی: ئەو وەرزشوانانە توانیویانە وەک جارەکانی دیکە لە پاڵەوانییەکاندا پلەی دووەمی عێراق و یەکەمی کوردستان بەدەستبهێنن، ئەمەش بە هەوڵی ڕاهێنەرانی ئەنجامدرا، کە هەموو هەوڵێکیان داوە ئەنجامەکانیان بەرزتر بکەنەوە.

 

وەرزشی کاراتی لە یانەی وەرزشی هەڵەبجە چەند ساڵێکە دەستیان بە یارییەکان کردووە، ئاڵا سەلاحەدین دەشڵێت: هەرچەندە ئەم یارییە لەناو کورددا دەستبردن بۆی بڤەیە، بەڵام خۆشبەختانە کچانی یانەی وەرزشی هەڵەبجە ئەو ڕێچکەیەیان شکاندووە و هیوای ئایندەی گەش چاوەڕێیانە.

 

لینا عەلی، یەکێکە لە یاریزانە خەڵاتکراوەکان کە پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە لە نێوان ١٧ یانەی بەشداربووی پاڵەوانێتییەکەدا، لینا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و باسی لەوەشکرد، خاوەنی پشتوێنی قاوەییە و بەردەوام دەبێت لە وەرزش تا ئاستی نایاب بەدەستدێنێت.

 

سارا پەروێز، یاریزانێکی ترەو ماوەی چوار ساڵە لە یانەی وەرزشی هەڵەبجە وەک یاریزانی کاراتی یاری دەکات و خاوەنی پشتوێنی قاوەییە، توانیویەتی پلەی سێیەمی پاڵەوانێتییەکە بەدەستبهێنێت و لەلایەن یانەکەوە لەگەڵ ٢١ یاریزانی هاوڕێیدا خەڵاتکران.