"ژنانی وەرزشکار زیاتر ڕووبەڕووی توانج دەبنەوە و دەبێت بەرەنگاری ببنەوە"

ڕاهێنەرێکی لەش ڕێکی دەڵێت: جۆرێکی توندوتیژی باو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی ژنانی خاوەن توانا دەبێتەوە، ئەویش نووسینی کۆمێنت و قسەی ناخۆش و نائومێدکارە.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- وەرزش پێویستییەکی جەستەیی مرۆڤە و پارێزگاری لە تەندروستی دەکات، وەرزشکردن بۆ پیاوان لەلایەن کۆمەڵگەوە بە ئاسایی دەبینرێت، بەڵام گەر ژنێک ئەنجامی بدات، کۆمەڵگە بە چاوێکی دیکە دەیبینێت و دەبێتە سەرکێشی و بەردەوام ڕەخنە و توندوتیژی دەروونی بە قسەی ناخۆش ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە.

 

ئیمان بەرزان، دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشە لە زانکۆی هەڵەبجە، خۆی دانیشتووی شارۆچکەی شارەزوورە و لە ئێستادا لە هۆڵێکی ڕاهێنانی لەش ڕێکی ڕاهێنەرە، هاوکات یاریزانە لە یانە کچانەکانی دەڤەری شارەزوور.

 

ئیمان ئاماژەی بەوەدا وەرزش حەز و خولیای منە، بۆ هەر ژنێک قورسە ئامانجی وەرزش بێت، بەڵام متمانە و توانا زۆر گرنگە و پاڵپشتی و پشتگیری خێزان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، دەشڵێت: من دایکم بە هۆکاری سەرکەوتنەکانم دەزانم.

 

"ڕۆشنبیری خەڵک و دابونەریت جیاکاری ڕەگەزی دروستکردووە"

جیا لە پاڵپشتیکردن، ئیمان بەرزان پێی وایە دەبێت ئەزموون و شارەزایی و پشتگیری کۆمەڵگە هەبێت، هەروەها هەبوونی ناوەند بۆ بەرجەستەکردنی تواناکان بەشێکی گرنگی پێشکەوتنە، دەڵێت: توانای ژن هیچی کەمتر نییە لە پیاوان، بەڵام هەمیشە ژنان زیاتر ڕووبەڕووی قسەی ناخۆش و ڕەخنە دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی کەمی ئاستی ڕۆشنبیری خەڵک، یاخود دابونەریتە کە جیاکاری ڕەگەزی دروستکردووە، هەر ژنێک بیەوێت کاری سەربەخۆی خۆی هەبێت ڕووبەڕووی قسەی ناخۆش و ڕەخنە دەبێتەوە، پێی دەڵێن "کارەکەت باش نییە، لەم وڵاتە داهاتووی نییە"، ئەمەش دەبێتە هۆی نائومێدی و کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروون دەبێت.

 

ئیمانی ڕاهێنەر داوا لە ژنان دەکات، بەهێز بن و متمانەیان بە خۆیان هەبێت، ئەو کاریگەرییە دەرونیە نەرێنیە لە چواردەوری خۆیان نەهێڵن و ئامانجەکەی خۆیان بەدەستبهێنن، "من وەک خۆم هەرکاتێک قسەیەکی ناخۆش یاخود توانجێکم پێوترابێت، چ بەشێوەی ڕاستەوخۆ یاخود لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە، نیگەرانی نەکردووم، من حەزم لە وشەی دەتوانمە، سەلماندوومە دەتوانم، ئەوەم کردووەتە هێزێکی ئەرێنی و خاڵی وەرچەرخان، بۆ سەرکەوتن سەیرم کردووە".

 

جۆرێکی باوی توندوتیژی لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوەیە"

ئیمان بەرزان، ڕاهێنەر، دەڵێت: توندوتیژی تەنها بە لێدانی جەستەیی نییە، بەڵکو ئێستا جۆرێکی باوی توندوتیژی دەروونی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باوە، کە ئەویش نووسینی کۆمێنتی ڕوخێنەر و قسەی ناخۆشە بەو کەسانەی داهێنەرن و جیاوازن، هیوادارم ئەو نەریتە نەمێنێت و ئیتر ببینە پاڵپشتی یەکتر، چونکە ڕەنگە قسەیەکی پاڵنەر و ئەرێنی وابکات ژنێک داهاتوویەکی جوانتری هەبێت.