یه‌كه‌مین ئۆڵۆمپیادی زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دەستی پێکرد

شه‌وی ڕابردوو له شاری هه‌ڵه‌بجه‌ به ‌نوێنه‌رایه‌تی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا یه‌كه‌مین ئۆڵۆمپیادی زانكۆ وپه‌یمانگاكان دەستی پێکرد و ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.

هەڵەبجە

 

ئۆڵۆمپیادی زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق و هەرێمی کوردستان ساز دەکرێت، شەوی ڕابردووش لە شاری هەڵەبجە ئۆڵۆمپیادەکە دەستی پێکرد.

 

بێریڤان  جه‌لال، مامۆستا لە‌ به‌شی وه‌رزشی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ وتی: ئه‌مرۆ زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ مێژوویه‌كی جوانی تۆمار كردووه،‌ كۆلیژی په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ پێشوازی له‌ ١٥ زانكۆی كوردستان كرد و چه‌ندین یاری وه‌رزشی ڕێکخران، ئەمەش یه‌كه‌مجاره‌ ئۆلۆمپیادێكی لەم شێوەیە له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێراقدا بەڕێوەبچێت.

 

پرۆفیسۆر مهاباد كامیل، سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه،‌ لەم بارەیەوە وتی: ئه‌مە چالاكییەکی تایبەتە و یەکەمجارە ساز دەکرێت، سەرجەم كولتووره‌ جیاوازه‌كانیش كۆ دەکاتەوە، ئێمە شاری هەڵەبجە لەو قسەیە تێدەپەڕێنین کە دەڵێن کەس لە هەڵەبجە ناپرسێتەوە، هەروەها هه‌بوونی ئه‌م چالاكییانه‌ وا ده‌كات سوودی وه‌رزشی، كۆمه‌لایه‌تی و ئابووری بە هەڵەبجە بگەیەنێت و وه‌رزشوانان یه‌كتر ده‌ناسن و ئاشنای یەکدی دەبن.

 

وا بڕیاره‌ ئۆڵۆمپیادەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بێت ولە کۆتایشدا خەڵات بەسەر یەکەمەکاندا دابەش دەکرێت.