تاڵیبان دان بە وەرزشکارە ژنە ئەفغانییەکاندا نانێت کە بەشداری یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد دەکەن

وتەبێژی ئیدارەی وەرزشی ئەفغانستان دووپاتی کردەوە، تاڵیبان دان بەو سێ وەرزشکارە ژنەدا نانێت کە مانگی داهاتوو لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە پاریس نوێنەرایەتی ئەو وڵاتە دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٢١ دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەدەست، ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان، بە تایبەت وەرزش و پەروەردە سنوردارکران، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەمەی بە "جیاکاری ڕەگەزی" پێناسە کرد، لە چوارچێوەی فشارەکانی سەر ژنانی ئەفغانستان و ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی وەرزشی ژنان، ئاشەش مەشوانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی تاڵیبان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پشتڕاستی پەراوێزخستن و پێشێلکاری دژ بە ژنانی کردەوە.

 

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە پاریس، وتی: لە ئێستادا وەرزشی ژنان لە ئەفغانستان وەستاوە، کاتێک ژنان وەرزش ناکەن، چۆن دەتوانن بچنە ناو هەڵبژاردەی نێودەوڵەتییەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سێ وەرزشکار نوێنەرایەتی ئەفغانستان دەکەن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی ئۆڵۆمپی ئەفغانستانیش تەنها ئاماژەی بەوە سێ وەرزشکاری کوڕ کردووە، کە پەروەردە لە تاڵیبان وەردەگرن.

 

ئەم لێدوانە ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەو پێیەی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی دووپاتی کردەوە، تاڵیبان لەم بارەیەوە ڕاوێژیان پێ نەکراوە و بانگهێشتی تاڵیبان ناکرێت بۆ بەشداریکردن لە یارییەکاندا، هەروەها بڕیاریش دراوە پاڵپشتی وەرزشکارانی ئەفغانستان بکات، چونکە لیژنەکە لە ساڵی ١٩٩٩ لە قۆناغی یەکەمی دەسەڵاتی تاڵیبان ئەفغانستانی لە یارییەکان دوورخستبووەوە، دوای ڕووخانی دەسەڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠٠١دا گەڕاندیەوە بۆ بەشداریکردن.

 

لیژنەکە بە هاوکاری لیژنەی ئۆڵۆمپی ئەفغانستان شەش وەرزشکاری ئەفغانی سێ ژن و سێ پیاوی بانگهێشت کردووە، وەرزشکارە پیاوەکان لە ئەفغانستان دەژین و سێ وەرزشکارە ژنەکە لە دەرەوەی وڵات دەژین و بڕیارە لە یارییەکانی قورسایی و پاسکیلسواریدا بەشداری بکەن.