"وەرزش ژنان بەهێز دەکات تا ڕووبەڕووی ڕێگرییەکان ببنەوە"

ژنان لە کەرتی غەززە دووپاتیان کردەوە، سەرەڕای فشارە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەری دابونەریتی بەسەرچوو، وەرزشی بۆکسێن و پاسکیلسواری ئەنجام دەدەن و بەربەستەکانیان تێکدەشکێنن.

ڕەفیف ئەسلیم

 

غەززە- وەرزش مافێکە بۆ ژنان و دەبێت ئازادانە هەر بوارێکی وەرزش کە دەیانەوێت، هەڵی بژێرن، لە ڕابردوودا ژنان ترسیان لە تێڕوانینی کۆمەڵگە هەبووە بۆ ئەنجامدانی ئەو وەرزشانەی مۆرکی پیاوانیان پێوە دیار بووە، بەڵام ئەمڕۆ کولتووری کۆمەڵگەش بە تێکۆشانی ژنان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، وەرزش بۆ ژنان قبوڵ کراوە.

 

ئەنجامدانی وەرزشی ژنان لە کەرتی غەززە کاریگەری دابونەریتی کۆمەڵایەتی لەسەرە، بەتایبەتی لە هەندێک جۆری وەرزشی وەک پاسکیلسواری و یۆگا لە کەنار دەریا و بۆکسێن و هەندێک یاری هونەری جەنگی، کە ڕەنگە دایک و باوک ناچار بکرێن بە زۆر ڕێگری لە کچەکانیان بکەن بۆ کردنی ئەو وەرزشانە، چونکە پێیان وایە ئەو وەرزشانە بۆ ژن نابێت و پیاوانەیە.

 

عالیە قەساب، وەرزشوان ئاماژەی بەوەکرد، وەرزش بۆ ژنان گرنگە و ئەنجامدانی تەنها کات بەسەربردن نییە، بەڵکو پێویستییەکە لە بەرامبەر فشارەکانی بە  درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی دەبێتەوە، چ لە ماڵەوە بێت یان لە شوێنی کارەکەی، هەروەها پارێزگاری لە نەخۆشییەکانی جەستە وەکو نەخۆشی ئێسک و دەمارەکان دەکات، وەرزش متمانە بەخۆبوون بە ژنان دەبەخشێت و بەهێزتریان دەکات لە هەڵگرتنی بارگرانی جۆراوجۆردا.

 

عالیە قەساب ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجامدانی وەرزش ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە دەستکاریکردنی ئەو شێوازە نەرێنییەی ژیان کە ژنان تێیدا دەژین، وەک پیاسەکردن و دانیشتن، وتی: ئەگەر ژنانی کەرتی غەززە بیانەوێت پاسکیل لێبخوڕن، شوێنێکی داخراو هەیە بۆیان دیاریکراوە، لە کاتێکدا ئەگەر هەوڵ بدەن لەسەر ڕێگا گشتییەکان پاسکیلسواری بکەن، دۆخەکە کارەساتبار دەبێت، چونکە سنوور و تابۆ کۆمەڵایەتییەکان دەشکێنن کە ژنان تەوق دەکەن.

 

"وەرزش تەندروستی دەپارێزێت"

ڕەهف ئەبو ناجی دەڵێت: ژنان مافی خۆیانە جۆرە وەرزشە جیاوازەکان وەک پیاسەکردن، ڕاکردن، تۆپی باسکە، تۆپی بالە، تۆپی پێ ئەنجام بدەن، چونکە وەرزش تەندروستی دەپارێزێت.

 

شیرین عیلە، ڕاهێنەر، باسی لەوەکرد، ژنان بە ڕاهێنان و وەرزش پارێزگاری لە تەندروستی جەستەیان دەکەن، وەک تەندروستی ماسولکەکانی دڵ و نەرمی جومگەکان، ئەمە جگە لە پاراستنی ئەو بارستە ماسولکەیەی کە بە هەڵکشانی تەمەن لەدەست دەدرێت، هەروەها وەرزش ژنان دەپارێزێت لە نەخۆشییەکانی وەک شەکرە و فشار و ڕزگاربوون لە چەوری، ماوەیەکی کەم لەمەوبەر وەرزشی لەشجوانی بۆ ژنان بڵاوبووەوە، بۆ پاراستنی بارستەی ماسولکەکانی ناو لەش لەڕێگەی هەڵگرتنی کێشی ئاسن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ژنان ڵخۆشن بە سەرهەڵدانی هەندێک جۆری وەرزش وەک بۆکسێن و یۆگا و پاسکیلسواری، کە ئێستا لەلایەن کچانەوە ئەنجام دەدرێت، سەرەڕای فشار و تێڕوانینەکانی کۆمەڵگە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، نەریتی کۆمەڵگە ڕێگری لە ژنان دەکات جۆرە وەرزشە جیاوازەکان بەتایبەت لە شوێنە گشتیەکان ئەنجامبدەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا خێزان وەرزشی بە زیانی کچان و مێینەیی بوونیان دەزانی، بۆیە ڕێگرییان لێدەکرا بچنە هۆڵەکانی لەشجوانی، بەڵام ئێستا ژنان بە ڕێژەیەکی بەرفراوان لە کەرتی غەززە ڕوو لە هۆڵەکانی وەرزش دەکەن.