یاریزانانی باسکە: بۆچوونە نەرێنییەکان نەبوونە ئاستەنگ

یاریزانە گەنجەکانی تۆپی باسکەی تیمی ئاسایش ئاماژەیان بەوەکرد، زەحمەتییەکان لەبەردەم خەونەکانیاندا نەبوونە ئاستەنگ و دژی هەموو شتێک خەبات دەکەن، ئامانجیان گەشەپێدانی تۆپی باسکەیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- ئەو خەونەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە دڵ و مێشکی زۆرێک لە ژناندا بووە، لە لاپەڕەکانی نائومێدی و بچوککردنەوەدا مابووەوە، ئێستا ژنانی گەنج بە سایەی ئەو شۆڕشەی کە زۆر شتی پێشکەش بە ژنان کردووە لە ڕۆژئاوای کوردستان، خەونەکانیان بەدیدەهێنن، یاری باسکە وەک هەر یارییەکی دیکە کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە سەردەمی ڕژێمی سوریادا پشتگیری لێنەدەکرا و ژنان دەرفەتی پێشکەوتنیان نەبوو، چونکە بە چاوێکی بچووک تەماشا دەکران، بەڵام ئەمڕۆ بە سایەی شۆڕش، ژنان خۆیان لە بواری وەرزش و بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا پەرەپێدەدەن.

 

یەکەم تیپی تۆپی باسکەی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا

تیپی تۆپی باسکەی ژنان لە ساڵی ٢٠١٨ لە یانەی ئاسایش دامەزراوە،  ئامانجی دامەزراندنی بریتییە لە بەشداریکردنی ژنانی گەنج، وەرزش بۆ مرۆڤ بە یەکێک لە بنەماکانی پەرەپێدانی خود و پێکهێنانی کەسایەتی دادەنرێت، کار بۆ چالاک کردنی زیاتری وەرزش دەکرێت لە تیپەکەدا، لەگەڵ ئەوەدا، قوتابخانەی باسکەی سوقوری ئاسایش کراوەتەوە و تەمەنی بەشداری لە ٧ بۆ ٤ ساڵانە.

 

"هەڵوێستی نەرێنی ڕێگر نەبوو لە گەیشتن بە ئامانجەکەم"

حەلا حەمۆ، تەمەن ٢١ ساڵ، خەڵکی قامیشلۆیە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، خوێندکاری یاسایە و زیاتر لە هەشت ساڵە یاری تۆپی باسکە دەکات، وتی: من ئەم وەرزشەم زۆر خۆشدەویست، بۆیە سێ ساڵ لەمەوبەر چوومە ناو یانەیەک، پاشان لە ساڵی ٢٠١٧ بەشداری تیمی ئاسایشی ژنانم کرد،  خێزانەکەم پشتگیریم دەکەن، من هەمیشە ڕووبەڕووی قسەی نەرێنی کۆمەڵگە دەبوومەوە، بەڵام گوێم لە قسەکانیان نەگرت، وەرزش زۆر باشە بۆ تەندروستی و دەروونی، زۆر کەس پێیان وتم؛ پێویست ناکات بەردەوام بیت، ئەم یارییە سودێکی نییە، بەلام ئەمەش جۆرێکە لە وەرزش کە سوودێکی زۆری هەیە بەتایبەتی بۆ تەندروستی لەش، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەسەر هزری مرۆڤ.

 

"ئەگەر ژن بیت، دەبێت دژی هەموو شتێک ئیرادەت هەبێت"

حەلا حەمۆ ئاماژەی بەوەدا کە خۆشویستن ڕێگە بە خەڵک دەدات زیاتر گەشە بکەن و وتی: ئەوە هەنگاوی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی ببیت بە یاریزانێکی باشی تۆپی باسکە و دەبێت ئیرادەت بەهێزبێت، لە هەمان کاتدا، ئەگەر ژن بیت دەبێت خۆت بۆ هەموو وشەیەک ئامادە بکەیت و لە دژی هەموو شتێک خۆت بەهێز بکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت بەردەوام بیت لە ژیان، لە هەمان کاتدا ماندووبوون پێویستە و لە ڕووی کردارییەوە زۆر گرنگە، چوار ساڵ تێپەڕی و ئێمە بەردەوام دەبین لە ڕێگاکەمان چونکە خۆشەویستیمان بۆ ئەم یارییە زۆر گەورەیە و یانەی ئاسایش و مامۆستاکانمان پشتگیریمان دەکەن، هیوامان ئەوەیە کە یەکێتی وەرزش زیاتر پشتگیریمان بکات و بۆ پەرەپێدانی یاری تۆپی باسکە هێندەی تۆپی پێ هەل و بەدیلمان بۆ بڕەخسێندرێت.

 

 

"ئەم یارییە هێزی بۆ کەسایەتیم زیاد کردووە"

نور حاجۆ، کە تەمەنی ١٨ ساڵە و خەڵکی قامیشلۆیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، وتی: لە ساڵی ٢٠١٥ چوومە یانەی ئاسایش و بۆ ماوەی ٩ ساڵە یاری باسکە دەکەم، لەبەر ئەوەی ئێمە ژنین، ئێمە بەهۆی تێگەیشتنەکانی کۆمەڵگەوە ئازار دەچێژن، بەڵام ئەوە باشە کە خێزانەکەم یارمەتیم دەدەن و ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ هاوڕێکانم یاری دەکەم و منداڵانی بچووک فێردەکەین، لە ساڵانی سەرەتاوە تا ئێستا، زۆر شت لە کەسایەتیمدا گۆڕاوە بەهۆی یاری تۆپی باسکەوە، ئەم یارییە هێزی لە کەسایەتیمدا زیاد کرد، تۆپی باسکە وزەی نەرێنی من لادەبات، هیوام ئەوەیە کە یاری تۆپی باسکە لە هەرێمەکانی ئێمەدا بەرەوپێش بچێت، هیچ شتێک مەحاڵ نییە، هەمیشە هیوا هەیە، ژنان شایەنی ژیانێکی باشن.

 

سێ جار بووە پاڵەوانی خولی یەکەم

ژیان ئەرسەلان کە تەمەنی ١٨ ساڵە خەڵکی قامیشلۆیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئاماژەی بەوەکرد ژنانی یانەی ئاسایش سێ جار لەدوای یەک خولی یەکەمی ٢٠١٩-٢٠٢٠یان بردەوە، من لە پۆلی ١٢ دەخوێنم، هەوڵێکی گەورە دەدەم بۆ هاوسەنگ کردنی یاری و خوێندنەکەم، بێگومان ئەم جۆرە وەرزشانە منداڵان و گەنجان لە بەشداریکردن لە جیهانی نەرێنی شەقامەکان دەپارێزن، خێزانەکان دەبێت منداڵەکانیان بۆ وەرزش و یاری هان بدەن بەهۆی سوودەکانیانەوە، منیش  دەمەوێت بە ئامانجەکانم بگەم لە پاڵەوانێتییەکانی جیهان و لەگەڵ هاوڕێکانم بەرەوپێش بچم.