ئەزانیت بۆ ئەم کۆمەڵگایە بەرەو هەڵدێڕ دەڕوات؟

هەڤین کەمال – پزیشک

 

بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەت دەستبکەوێت، بەیانییەک کاتژمێر هەشت وەرە سەرشەقامەکان و پیاسەیەک بە هەموو ڕێگا و بانەکانی شاردا بکە، ئەو کاتە بۆت دەردەکەوێت تۆ لە تەمەڵخانەیەکی گەورەدا دەژیت !!

ئاخر میللەتێک عەسران هەستێت لە خەو و شەوان بێدار بێت تا بەیانی، هەر ئەوەی چاوەڕێ لێدەکرێت، کاتەکەیان بە بابەتی لاوەکیی و تافیهەوە بەسەربەرن، کاتێک دەمەوئێواران خەبەریان دەبێتەوە!!

ڕۆژێک ڕەقس و دانس بکەن و ڕۆژێک نوێژ، ڕۆژێک باوەش بگرنەوە و ڕۆژێک جنێو و سوکایەتی، ڕۆژێک ببن بە بکوژ، ڕۆژێک بە خۆکوژ !!

 

ڕۆژێک باوک کوڕ دەکوژێت، ڕۆژێک کوڕ دایک و باوک دەکوژێت، ڕۆژێک ژن هاوسەرەکەی دەکوژێت و ڕۆژێک پیاو ژنەکەی دەکوژێت، گەشتوینەتە ڕادەیەک کێ لە وڵاتێک و شارێکی ترەوە ویستی خۆی دەوڵەمەند و بەناوبانگ بکات، دێتە ئەم وڵاتەی ئێمە و ئەکتێکی عەنتیکە دەکات و خۆیی دەکات بە پاڵەوانی سۆشیاڵ میدیا و ڕاگەیاندنەکان، بە چەندین ڕۆژ مێشکی هەموو مانی پێ جەنجاڵ دەکرێت، بەڵام بۆ گەنجەکانی خۆمان، ژیان هەر وەکو خۆیەتی، بێکار و بێ پارە لە کافییەکاندا دانیشتوون!!

 

ئەی هاوار بەسە ئەمانە هەمووی لەهەموو وڵاتێکدا ڕوودەدات و کەسیش هەڵوەستەی لەسەر ناکات. سەما دەکرێت لەسەر شەقام یاخود نا، کەی کێشەی تۆ و منە، هەتا مێشکم پڕبکرێت لە وێنەو قسە، خۆ نە خەڵاتی نۆبڵیان لەزانست و ئەدەبدا بەدیهێناوە و نە لە مەریخەوە ڤیدێۆیی گەشتەکەیان بۆ ناردوین، سەما کردنی سەرشەقام شتێکی زۆر ئاساییە و لەزۆربەی وڵاتان نمایش دەکرێت و هەرگیزیش نمایشکەرەکانی نەکراون بە پاڵەوان، تەنیا هونەرێک و نمایشێکی جوانە و پێویست بەو هەموو هەڵوەستە لەسەرکردنە ناکات، تۆ بەدڵت نیە ئەتوانیت سەیریان نەکەیت و تەواو، نەجێگای شانازین و نە جێگای سوکایەتی و جنێون، دووکەسن نمایشی پیشەکەیان کردووە و تەواو.

بەهەمان شێوە ئەوانەی نوێژ دەکەن لەهەمان شوێندا، کە بەڕای من ئەوەیان ڕەد فیعلێکی زۆر نەگونجاوتر بوو!

ئەی هاوار ئەم میللەتە پێوستی بەوەیە تۆزێک بەخۆیدا بچێتەوە و بەشەو بخەوێت و بە ڕۆژ بەیانیان زوو هەستێت بچێت بۆ کار و قوتابخانە و زانکۆ و ماندوو بێت، نەک تا حەوت نیوەڕۆ لە جێگادا بێت، دەمەو ئێواران و شەوان بکەونە وێزەی یەک!!!

 

هەموو بەیانیەک کە دەچم بۆ نەخۆشخانە ئەو پرسیارە لەخۆم دەکەم، ئایا بە ڕاست ئەم وڵاتە تەمەڵخانەیەکی گەورەیە؟!

ئاخر لە کوێی دنیادا بووە هەشتی بەیانی کە چالاکترین کاتی ڕۆژەکەیە، کەس لەسەر شەقام نەبێت و هەمووی نوستبێت، و شەویش تا بەرەبەیان خەڵک بێداربێت !

 

تاکی ئەم کۆمەڵگایە پێویستی بەوەیە چالاک بکرێتەوە، هەلی کاری بۆ بڕەخسێت، ئەوانەی کار و پیشەی خۆیان هەیە، موچەیی خۆیان بدرێتەوە، بۆ ئەوەی دەوامی خۆیان بکەنەوە و لەم گێژاوی بێ ئیشیەدا دەرچن .

 

من دڵنیام تاکی ئەم کۆمەڵگایە ئیشوکاری هەبێت و بە ڕۆژ ماندوو بێت هەرگیز هێندە کاتی نابێت خۆی مەشغوڵ بکات بەشتی لاوەکییەوە، لەبری بیرکردنەوە و ئەنجامدانی کارێکی سوود بەخش و داهێنان.

 

تکایە خەوتان ڕێکبخەن و بەیانیان زوو هەستن و بە هەرکارێکەوە بێت خۆتان مەشغوڵ بکەن، گوڵ بڕوێنن، بەخۆبەخش کاربکەن، شەقامەکان پاکبکەنەوە ...هتد . هەر کارێک دەکەن بیکەن، بەڵام هێندە خۆتان سەرقاڵ مەکەن بە بابەتی لاوەکی و بێسوودەوە، هەوڵ بدەن ژیانێکی ڕاستەقینە بۆ خۆتان دروست بکەن، هەوڵ بدەن بەرهەمتان هەبێت، نەکەس پاڵەوانە، نەکەس شەیتانە، هەریەکەتان ڕێز لە بیروباوەڕی بەرامبەر بگرن و تەواو ...

نوقتەی سەری دێڕ ....