بۆچی بایکۆت نەکرێت؟

تارا حسێن - جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی

ھەمیشە وتومانە سیاسەت ئەخلاقە، ئەمە لەخۆوە نیە، دروشمیش نیە، کاتێک سیاسەتت وەکو ھونەری بەڕێوەبردنی ئەخلاقی گەیاند و تاکی سیاسیت پەروەردە کرد، بێ ئەخلاقی سیاسی ڕوونادات وەک چۆن ئێستا ڕودەدات و بە شانازیشەوە دەخرێتە سەر شاشەکانی راگەیاندن

کاتێک تۆ خۆت ناو ئەنێی حزب و بزوتنەوە و حەرەکە و ھەتا دوایی، تاکت فێری پارەخۆری و مشەخۆری و کۆیلایەتی کرد، سبەی ھەر بۆ خۆت نا بۆ کۆی کۆمەڵگە دەبێتە بار و بێ ھیوای و بێ ئومێدی بڵاو دەکاتەوە.

ئەبێ لێپرسینەوە لەو ھێز و لایەنانە بکرێت کە بە کارتۆنی بێ ھەبوونی ھیچ فلتەرێکی پەروەردەیی خەڵکی ئەکەن بە بەناو سیاسی و ناسنامەی حزبیان بۆ ئەکەن ئەگەر تۆ فێری بکەیت بە مەبلەغێکی بچوک ببێت بە سیاسی ئەوە سبەی بە مەبلەغێکی گەورەتر خۆی ئەفرۆشێ و چەند جاری تریش ئەفرۆشێ.

ئەوی تریش لە نائومێدی و بێ ھیواییدا ھیچی بەدەستەوە نامێنێ و بایکۆتی ھەموی ئەکات کە دیسان بایکۆتەکە چینی ناڕازییە کە زۆرینەیە بەڵام بە داخەوە ئەویش ئەچێتەوە خزمەت ھێزە سیاسیە نائەخلاقیەکانەوە چۆن؟

چونکە بە پێی ئەم یاسایە ژمارەی کورسیەکان دیاری کراوە واتا ئەو ژمارەیە ھەر دەچێتە پەرلەمان ئەوکات بۆ ئەو ژمارەیە کێبڕکێ ئەکرێت، دەنگە کۆیلە و کڕدراوەکان مسۆگەر دەچنە سەر سندوق و ڕێژەی دەسەڵات بەرز دەکەنەوە ئەگەر لە بەرامبەردا ھێزی ناڕازی نەچێتە سەر سندوق ئەوکاتە ڕێژەی فیرعەونەکان بەرزدەبێتەوە و کاندیدە دڵسۆز و خەمخۆرەکان دەمێننەوە، چونکە دەنگی ئازاد ھی ئەوانە دەنگی ناڕازی دەنگی کاندیدە دڵسۆزەکانە ئەگەر ناڕازیەکە دەنگ نەدات ھەمان عەقڵ و ھەمان سیاسەت لە چوار ساڵی داھاتوش ئیشی خۆی ئەکات، ئەگەر بایکۆت بەدیل بوایە بێگومان بایکۆتمان دەکرد لێ بێگومان بایکۆت بێ چارەیی و بێ بەدیلیە کە باش نیە.