كوشتن بە پاڵنەری شەرەف

چیا ئیسماعیل - پارێزەر

تاوانی ئەخلاق و شەرەف لە کۆمەڵگە نەریتییە دواکەوتوەکاندا تاوانێکە تەنها ژن باجەکەی دەدات، وەک بڵێی ئەخلاق و شەرەف بچوک کراوەتەوە تەنها لە داوێنی ژناندا و پیاو پشکی تێیدا نیە، خۆ ئەگەر تاوانە، پیاوێکیش تێیدا بەشدارە بۆچی شەرەفی ئەویش ناشکێ و کۆمەڵگە بەچاوی بێزراو قێزەون سەیری ناکەن؟.

 

ئەو پیاوەی بەو بەهانەیە بەکوشتنی ژنێک هەڵدەستێ، خۆشی دوورنیە شەرەفی ژنێکی تری لەکەدار نەکردبێ بۆ خۆی حەڵاڵ و بۆ ئەویش حەرام، دواتر دەبێت بەدەستی خۆی مافی شەرەفی خۆی و خێزانەکەی بسەنێ نەک پەنا بەرێ بۆ دادگا و رێکاری یاسا بگرێت چونکە پەنا بردن بۆ دادگا جارێکی تر شەرەفی دەشکێنێت، هەموو ئەمانەش زۆرجار بە گومانێکی نابەجێ دەست پێدەکەن کە دوورن لە ڕاستیەوە، کەواتە کێشەکە لێرەوە دەست پێدەکات تێڕوانینی هەڵەی کۆمەڵگە بۆ ئەخلاق و ئابڕوو.

 

پرسیار ئەمەیە ئایا ئەخلاق و شەرەف تەنها خۆی لە داوێن پاکی و پیسیدا دەبینێتەوە؟

ئیتر درۆ کردن و دەست بڕین و خەڵەتاندن و غەش کردن و ماڵی تایبەتی و گشتی خواردن و ستەمی کۆمەڵایەتی و خۆفرۆشتن و خاک فرۆشتن ...تد ئەخلاق و ئابڕوو نین؟

کێ ئەو مافەی داوە بەپیاوێک مافی ژیان لە خوشکی یان کچی یان هاوسەری زەوت بکات لەژێر پەردەی ئابڕوو چون؟

 

لەکاتێکدا شەریعەتیش بۆ سەلماندنی ئەو تاوانە مەرجی قورسی داناوە کە شایەتیدانی چوار کەسی ڕاشیدە بە چاوی خۆیان تاوانەکەیان بینیبێت، وە پەنا بردنە بۆ دادگا و دادوەر، ئەگەریش تاوانەکە نەسەلمێندرا ئەوا شایەتەکان سزای "قذف" بوختانیانیان بەسەر دا دەسەپێنرێت.

 

یەکێک لە بنەماکانی دادگایی کردنیش بێتاوانی تۆمەتبارە تا لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا بڕیاری بەسەردا دەدرێت و تاوانەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە "المتهم بريء حتى تثبت ادانته"، پاشانیش دادگا بڕیاری سزای بۆ دەدات نەک کەسوکار.

 

بەداخەوە ئەم دیاردەیە لە داب ونەریتێکی هەڵەوە سەرچاوەی گرتوە کە ژن شەرەفی پیاو و خێزانە و پیاویش خاوەندارێتی دەکات و مافی خۆیەتی چۆن مامەڵەی بکات و بەو بەهانانە و بۆ پاک کردنەوەی ئابڕوی کۆتایی بە ژیانی بهێنێت.

 

هەرچەندە ئەم تاوانە ڕەگ و ڕیشەیەکی یاساییشی هەیە چونکە یاساکانیش هەڵقوڵاوی واقیعی کۆمەڵایەتی بون و نەریتەکان لەبەر چاو گیراون لە داڕشتنیاندا، لە زۆربەی ووڵاتە عەرەبیەکاندا کوشتنی ژن بە بەهانەی ئابڕوو سزای بکوژی کەم کردۆتەوە، لە بەرامبەریشدا ئەگەر ژن هاوسەرەکەی لە حاڵەتی زینای هاوسەریدا بینێبێت و کوشتبێتی سزای تەواو دراوە.

 

هەروەها ژن زینای هاوسەری ئەنجام دابێت لەماڵ و لە دەرەوەی ماڵ بە تاوان هەژمار کراوە بەڵام بۆ پیاو تەنها ئەنجامدانی لە ماڵی هاوسەریدا بەتاوان دادەنرێت.

 

خۆشبەختانە ئەم ماددە یاساییانە کە لە یاسای سزادانی عێراقیشدا هەبوون و جیاوازیەکی زۆریان تێدا بوو لە مامەڵە کردن و سزادانی ژن و پیاو بۆ هەمان تاوان، لە کوردستان ڕاگیراون و کاریان پێ ناکرێت لەدوای دەرچوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ژمارە  ٨ ی ساڵی ٢٠١١ .

 

بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە ئەم یاسا نوێیەش نەیتوانیوە وەک پێویست ئافرەت بپارێزێت لە توندوتیژی و بەتایبەتیش کوشتن، بە هۆی بونی کەموکوڕی تێیدا لە ڕووی بابەتی و ڕێکاریشەوە، جگە لەنەبونی بودجەی پێویست لەبەردەست دادگاکاندا بۆ باشتر ڕاییکردنی کەیسەکان، ئەمانە و جگە لەوەی کە ژینگەی لەباری بۆ نەڕەخسێنراوە لە هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی خێزان و بەتایبەتیش پیاوان بەو ڕەفتارانەی کە ئەم یاسایە بە توندوتیژی ناساندوە و سزای بۆ دیاری کردوە، کە هەموو ئەمانە گرفتیان دروست کردوە لەبەردەم جێبەجێکردنی یاساکەو پاراستنی مافەکاندا.

 

ماوەتەوە بڵێین لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریی دواکەوتوودا تێڕوانین بۆ ئافرەت وەک مرۆڤی پلە دوو هەروەها خۆ بەخاوەن زانینی و ماف بە خۆدان لە مامەڵەکردنی بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی تا دەگاتە کوشتنی، بونی یاسا و سزا بۆ ئەم تاوانە نەیتوانیوە لەم دیاردەیە کەم بکاتەوە بەڵکو ڕۆژانە گوێبیست دەبین لێرەو لەوێ ژنێک دەکوژرێت، ئەمانەش ئەوەمان پێدەڵێن کە چەندێک یاسا گرنگە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیەکانی تاک و دەستەبەر کردنی مافەکان، هێندەش هۆشیاری خێزانی و کۆمەڵایەتی و کارکردن لەسەر نەهێشتنی دابونەریتە نادروست و ستەمکارییەکان گرنگن، گرنگە لە سەرەتاوە پەروەردەیەکی دروستی تاکەکان بکرێن لە جیاتی پەنا بردن بۆ کوشتن.