گرتنەبەری چەند ڕێگایەک بەرزی فشاری خوێن کەمدەکاتەوە

به‌رزی فشاری خوێن، ئەو جۆرە نەخۆشیە درێژخایەنەیە بێ ئه‌وه‌ی‌ مرۆڤ ئاگادار بێت زیانی گه‌وره‌ به‌ ته‌ندروستی ده‌گه‌یه‌نێت، بەڵام گرتنەبەری چەند ڕێگایەک کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەمدەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرزی فشاری خوێن-زەخت، كێشەیەكی باوی تەندروستیە و بە دوو ژمارە ئەپێورێ، ژمارەی سەرەوە واتا بەرزی پەستانی ئەو خوێنەی كە دڵ پاڵی پێوە دەنێت بۆ بەشەكانی لەش، بەڵام ژمارەكەی خوارەوە واتا بەرگری ئەو خوێنە پاڵنراوەیە كە دێت بۆ بۆرییەكانی خوێن.

 

ئەم نەخۆشیە درێژخایەنە زیاتر تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە لە بۆماوەیی خانەوادەكەیان تووشبووان هەیە، هەروەها ئەو كەسانەی كێشی لەشیان زۆرە بەراورد بە باڵایان، ئەو كەسانەی جگەرە كێشن یان لە ڕادەبەدەر كحول دەخۆنەوە، ئەو كەسانەی كەم جووڵەن و وەرزش ناكەن، ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە، ئەو كەسانەی خۆیان ناپارێزن لە خوێ و چەوری و شیرینی، هەروەها ئەو كەسانەی كە گرنگی خواردنی كانزای پۆتاسیۆم نادەن واتا گرنگی بە خواردنی سەوزە و میوە نادەن كە سەرچاوەیەكی باشی ماددەی پۆتاسیۆمن، ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشییەکە هەیە.

 

بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری پەستانی خوێن کۆمەڵێک ڕێگەی سروشتی هەن:

١. خواردنی تەندروستی وەک بڕێکی باشی سەوزە و میوە بخۆ و ئەو خواردنانە کە دەوڵەمەندن بە ریشاڵە خۆراکیەکان و پرۆتین و پۆتاسیۆم بۆ نەخۆشییەکە بەسودن، دوورکەوە لە خواردنانەی خوێ یان چەوریە تێرەکانی تێدایە.

٢. کێشت تەندروست بکە، مەهێڵە کێشت زیادبێت یان قەڵەو بیت.

٣. چالاک بە، هەفتەی پێنج رۆژ وەرزش بکە، هەر رۆژێ بۆ ماوە ٣٠ خولەک یان زیاتر.

٤. جگەرە و نێرگەلە مەکێشە.

٥. خواردنەوە کحولیەکان سنووردار بکە.

٦. خواردنی خوێ سنوردار بکە.

٧. باش بخەوە، هەوڵبدە شەش بۆ هەشت کاتژمێر خەوت هەبێت.

٨. دەروونت ئاسوودە بکە و مەهێڵە تووشی دوودڵی ببیت.